ئایا ئامانجی ترامپ رووخانی رژێمی ئێرانه؟
له كاتی كاندید بوونی دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا و دوای هاتنه سه‌ر كاری، به‌رده‌وام دژی سیاسه‌ته‌كانی ئێران له ناوچه‌كه و به‌رنامه‌ی ناوه‌كی ئه‌م وڵاته بووه. ترەمپ په‌یمانی ئه‌تۆمی وڵاتانی5+1ی وه‌كوو ''كاره‌سات'' بۆ ئه‌مریكا ناو ده‌بات و له 8ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ به فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی له په‌یمانی ئه‌تۆمی ئێران كشانده‌وه. هه‌ربۆیه له هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه ئابڵۆقه‌كانی سه‌ر ئێران له ئاستێكی هه‌ره به‌رزدا ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه.
هه‌روه‌ها ئیداره‌ی ترەمپ هه‌وڵ ده‌دات كه هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران تا ٤ی مانگی ئاب بگه‌ینێته كه‌مترین ئاستی له مێژووی ئێران‌دا. ٤ی مانگی ئاب ساڵڕۆژی هێرشكردنی لایه‌نگه‌رانی روحوڵڵا خومه‌ینی و موجاهيدنی خەڵق بۆ سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا له تارانە له ساڵی 1979دا كه 444 ڕۆژی خایه‌ند. ڕووداوێك كه شه‌رمه‌زاریه‌كه‌ی بۆ ئەمریكا ھەتا ئێستاش بێ وێنە بووە.
هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی ئیداره‌كانی واشنتۆن به‌رده‌وام دژی سیاسه‌ته‌كانی تاران بوونە، به‌ڵام له راستیدا ترەمپ یه‌كه‌م سه‌رۆك كۆماره كه‌وا له ئاستێكی ره‌سمی به‌دوای لاوازكردنی ئێرانه‌وه‌یه. زۆربه‌ی دژبه‌رانی سیاسه‌ته‌كانی ترەمپ هه‌م له ناوه‌وه و هه‌میش له ده‌ره‌وه، ترەمپ به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌وا به دوای گۆڕینی رژیمی تارانه‌وه‌یه. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك شرۆڤه‌كار ترەمپ به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌وا ئه‌مریكا و ئێران به‌ره‌و شه‌ڕێك له وێنه‌ی عێراق و ئه‌فغانستان ده‌بات.
له لایه‌كی دیكه‌وه لایه‌نگه‌رانی گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی له ئێران، بڕوایان ئه‌وه‌یه كه‌وا ئه‌مریكا ده‌یهه‌وێت دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران بڕووخێنێت و ترەمپ به باشترین ده‌رفه‌ت ده‌زانن بۆ رووخانی حكوومه‌تی ههنووكهیهیی له ئێران.
ئایا به ڕاستی ئامانجی ئیداره‌ی ترەمپ گۆڕینی رژێمی ئێرانه؟ له راستیدا سیاسه‌تی ترەمپ رووخانی حكوومه‌تی ئێران نییه و ته‌نیا له حاڵه‌تێكدا به‌ره‌و رووخانی ئێران هه‌نگاو ده‌نێت، كه‌وا ئێران ته‌سلیمی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا نه‌بێت له پرسی به‌رنامه‌ی ناوه‌كی و هه‌میش له پرسی ده‌ستێوەردانی سیاسی و سه‌ربازی له ناوچه‌كه. هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وله‌وییه‌ته‌كانی ئه‌مریكا و كاراكته‌ری ترەمپ ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له‌م بابه‌ته‌دا به كورتی باس له سه‌ر گرنگترین خاڵه‌كان ده‌كه‌یه‌ن.
گۆڕانكاری ژیۆپۆلتیكی له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا
دوای نزیك به سه‌د ساڵ گۆڕانكاری ژیۆپۆلتیكی له سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا ڕوویداوه و تا ئێستا كه‌س ئه‌م بابه‌ته‌ی نه‌خستووه‌ته به‌ر باس كه بزانرێت چه‌نده كاریگه‌ری هه‌بووه و هه‌یه له سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
سیاسه‌تی ئه‌مریكا به تایبه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیاتر له سه‌د ساڵ گرێدراوی سیاسه‌تی وزه بوو. وزه به‌شی سه‌ره‌كی بووه له ستراتيژی ئاسایشی نیشتمانی ئه‌و وڵاته. به‌ڵام له ساڵی 2015 ه‌وه ئه‌م بابه‌ته گرنگی جارانی بۆ ئه‌مریكا نه‌ماوه چونكه له خولی دووه‌می سه‌رۆك كۆماری باراك ئۆباما، ئه‌مریكا پلانی سەربەخۆبوون لە لەمێژ ساڵە ھەیبوو بۆ سەربەخۆبوون لە وزەدا بەسەركەوتووی جێبەجێكرد.. له ساڵی 2015ه‌وه هاورده‌ی نه‌وتی ئه‌مریكا %60 گه‌یشتووه‌ته 20% و هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی ئه‌مریكا له 30% به‌رزبوونه‌وه‌ی به خۆیه‌وه بینیوه. به پێی پرۆژەی ده‌وڵه‌ت تا كۆتایی ساڵی 2019 ئه‌مریكا هاورده‌ی نه‌وتی ده‌كات به سفر و ده‌بێت به گه‌وره‌ترین وڵات بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له جیهاندا. ئه‌مه به واتای ئه‌وه دێت كه‌وا له‌مه‌وبه‌دوا ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ته‌نیا بۆ دوو بابه‌ت بۆ ئه‌مریكا گرنگه: یه‌كه‌م پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی هاوپه‌یمانه‌كانی و له سه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشیان وڵاتانی ئه‌ورووپا كه هێشتا پێویستییان به وزه هه‌یه و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه وڵاتانی كه‌نداو كه شه‌ڕێكی گه‌وره‌ی ئابووری و سیاسی ئه‌مریكان.
ھەربۆیە ترەمپ زۆر به ئاسانی وڵاتانی كه‌نداو مه‌جبوور ده‌كات به كڕینی كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی له وڵاته‌كه‌ی و زۆریش بێ باكانه هێرش ده‌كاته سه‌ر وڵاتانی ئه‌رووپا بۆ دابین نه‌كردنی بوودجه‌ی پێویست بۆ ناتۆ. له ڕاستیدا ترەمپ راستده‌كات كاتێك كه ده‌ڵێت: ''ئه‌مریكا ئاسایش و بهرژهوهدنییهكانی وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌پارێزێت.'' ته‌نانه‌ت ترەمپ هێرشی كرده سه‌ر ئەڵمانیا و تۆمه‌تباری كرد كه‌وا: ''ئانگێلا مێركل بووه‌ته یاری ده‌ستی رووسیا و داوای كرد كه‌وا ئەڵمانیا نه‌وتی خۆی له ئه‌مریكا هاورده بكات نه‌ك له رووسیا.''
هه‌رچه‌نده ئه‌ورووپییه‌كان هێشتا دانیان به لاواز بوونیان له به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا نه‌ناوه، به‌ڵام له راستیدا ڕێبه‌رانی ئه‌ورووپا له‌وه تێگه‌یشتوون كه‌وا ئه‌مریكا چیدی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ئه‌وه‌نده به‌لاوه گرنگ نییه. هه‌ر بۆیه شیمانه‌ی ئه‌وه‌ش ناكرێت كه به‌م نزیكانه له ژێر كاریگه‌ری ئه‌مریكا بێنه ده‌ره‌وه. ئه‌م بابه‌ته وایكردووه كه ئه‌ورووپا نه‌توانێت هه‌ڵوێستێكی جیاوازتر له ئه‌مریكا له به‌رامبه‌ر ئێران له كرده‌وه‌دا بگرێته‌به‌ر و چاوه‌ڕوانی ئێران له ئه‌ورووپا بۆ گره‌نتی كردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران له ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی له په‌یمانی ناوه‌كی زۆر واقعبینانه نین. له ڕاستیدا هه‌م وڵاتانی كه‌نداو و هه‌میش ئه‌ورووپا بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه تا ئه‌و شوێنه‌ی كه بتوانن خۆیان له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی ترەمپ یه‌ك ده‌خه‌ن. ئه‌گه‌ر وڵاتانی كه‌نداو بتوانن ئاستی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و گازیان به‌رزبكه‌نه‌وه به جۆرێك كه زیان له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاتانی ئه‌ورووپا نه‌كه‌وێت، ئه‌وا گوشار خستنه سه‌ر ئێران بۆ ترەمپ له‌وانه‌یه زۆر ئاسان تر بێت. له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ئیداره‌ی ترەمپ یارمه‌تی وڵاتانی كه‌نداو ده‌دات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئێران له ناوچه‌كه به جۆرێك كه به سه‌پاندنی سزا و ئابڵۆقه رژێمی تاران له بواری ئابوورییه‌وه ئه‌وه‌نده لاواز بكات كه یان ته‌سلیمی ئه‌مریكا ببێت، یانیش به گوشاری ئابووری گه‌لانی ئێران هانبدات بڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان. له هه‌ر حاڵه‌تێكدا حكومەتی تاران ناتوانێت به‌رگه‌ی گوشاری ئیداره‌ی ترەمپ بگرێت.
مه‌ترسی چین بۆ ئه‌مریكا
زۆربه‌ی قه‌رزی ئه‌مریكا له وڵاتی چین یان هه‌مان سینه‌وه‌یه. له ڕاستیدا له بواری ئابووریه‌وه چین ئه‌وه‌نده به‌هێزه كه ئه‌گه‌ر هێزی سه‌ربازی به قه‌د ئه‌مریكا به‌هێز و خاوه‌ن یاسایه‌كی دیمۆكراتیك بوایه و هه‌روه‌ها خاوه‌ن خه‌ونێك بوایه هه‌ر وه‌كوو ئا‌مریكییه‌كان (ئهمهریكن درێم) ئه‌وا له‌وانه‌یه ئه‌مڕۆ چین وه‌كوو زلهێزی یه‌كه‌م بووایە. گوشار خستنه سه‌ر ئێران یارمه‌تیده‌ری سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكایه، كه بتوانێ له بواری ئابووریدا ته‌نگه‌ژه بۆ چین درووست بكات. له بیرمان نه‌چێت كه ته‌نیا هۆكارێك كه ترامپ دژی په‌یمانی ئه‌تۆمی ئێران ده‌ركه‌وت ئه‌وه بوو كه‌وا ''كۆمپانییه‌كانی ئه‌مریكی نه‌یانده‌توانی له ئێران جێگیر ببن و به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری ئه‌مریكای تێدا نییه.'' هه‌م له بواری وزه‌دا و هه‌میش له بواری هاورده‌كردنی كه‌ره‌سته‌ی چینی، ئێران یه‌كێكه له وڵاتان كه له پله‌كانی یه‌كه‌مدایه. ته‌سلیم كردنی ئێران به جۆرێك كه كێشه له پێوه‌ندییه‌كانی چین و ئێران‌دا درووست بكات له لایه‌ك و پێوه‌ندی باشی ئه‌مریكا له گه‌ڵ رووسیا دوو پرسی گرنگی ئیداره‌ی ترەمپە بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چین. ئاستی قه‌رزه‌كانی ئه‌مریكا به چین له لایه‌ك و په‌ل هاوێشتنی چین بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست [به تایبه‌تی له توركیا و ئێران] و هه‌روه‌ها له ئەفریقیا، ترسی ئه‌وه‌ی كه‌وا چین به‌رده‌وام وه‌كوو گورزێك له سه‌ر ئابووری ئه‌مریكا بمێنێته‌وه زۆرتر كردووه. بۆیه ئه‌مریكا ته‌نیا كاتێك گوشاره‌كانی له سه‌ر ئێران كه‌م ده‌كاته‌وه كه‌وا بزانێت له داهاتوودا ده‌توانێت وزه و بازاری ئێران له خزمه‌تی خۆی به‌كار بھێنێت یان نا. ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵێك راستڕه‌وی ئیداره‌ی ترەمپ له‌و بڕوایه‌دان كه‌وا پێویسته كۆریای باكوور ببێت به دۆستی ئه‌مریكا بۆ گوشار خستنه سه‌ر چین له داهاتوودا و ئێرانیش وه‌كوو وڵاتێكی گرنگ به‌شێكه له‌م ئامانجه.
پێگه‌ی سیاسی ترەمپ و سه‌رۆك كۆمارێكی دیكه دوای سه‌د ساڵ
پێگه‌ی سیاسی ترەمپ له كۆمارخوازه ده‌سته سێیه‌مه‌كان پێكهاتووه كه به نیوكۆنسرڤاتیڤهكان [یانیش هه‌مان پاوانخوازه نوێیه‌كان] ناسروان. تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌كی ئه‌م چینه سیاسییه زۆرتر له هه‌موو چینه‌كانی دیكه پێكهاتووه له سێ بابه‌تی گرنگ: یه‌كه‌م، به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری، لەو پێناوەدا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێویست بكات هاوپه‌یمانه‌كانمان و كۆمه‌ڵێك له پێگه‌كانمان وه‌لاوه بنێین. دووه‌م، هێرشی سه‌ربازی نابێت ئه‌نجام بدرێت بۆ سه‌ر هیچ وڵاتێك كه ببێته هۆی كوژرانی سه‌ربازی ئەمریكی و لاوازی ئابووری. و سێیه‌میش په‌ره‌پێدانی ئیڤانجلیكیسم له سیاسه‌تی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكایه كه جێگری ترەمپ مایك پێنس و ته‌نیا كه‌سێكه كه ترەمپ ناتوانێت له پۆسته‌كه‌ی لایبدات نیشانده‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه كه‌وا چه‌نده رێبازی ئیڤانجلیكۆ له ئیداره‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌مریكا خاوه‌ن پێگه‌یه.
بابه‌تی یه‌كه‌م و دووه‌م ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندییان به ئێرانه‌وه هه‌یه. ویدرۆ ویڵسنن یه‌كه‌م سه‌رۆك كۆمارێك كه له ئه‌مریكا بڕوای وابوو كه‌وا ئه‌مریكا نابێت سه‌رمایه‌ی بۆ به‌هێز كردنی پێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به فیڕۆ بدات. ته‌نانه‌ت درووشمی '' ئه‌مریكا پێش هه‌موو شتێك'' كه ترەمپ زۆر به‌كاری هێنا له پێش هه‌ڵبژاردن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ یه‌كه‌مجار ویدرۆ ویڵسن به‌كاری هێنابوو و هه‌ر بۆیه كاریگه‌ری له سه‌ر ده‌نگده‌رانی ئه‌مریكی هه‌بوو. چونكه گه‌شه‌ی ئابووری ئه‌مریكا له كاتی سه‌رۆك كۆماری ویڵسن گه‌یشت به لووتكه و ئه‌مریكای له بواری ئابووریدا كرد به یه‌كه‌م زلهێزی جیهان. كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان به ته‌واوی پشتگیری ترەمپ دەكەن بۆ گوشار خستنه سه‌ر ئێران كه ڕێگایان بۆ بكاته‌وه كه له‌و وڵاته كار بكه‌ن. بۆ ترەمپ ئه‌وه‌نده گرنگ نییه كه‌وا له ئێران‌دا دیموكراسی و مافی مرۆڤ هه‌یه یانیش نا. بۆ ترەمپ سه‌رمایه‌گوزاری كۆمپانییه ئه‌مریكییه‌كان و ئاسایشی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل [به هۆی قورسی باری ئابووری جووله‌كه‌كان له ئه‌مریكا و یارمه‌تیدانی ترەمپ بۆ سه‌ركه‌وتن]گرنگه. هه‌ر بۆیه هه‌تا ئه‌و كاته‌ی كه‌وا ئێران كراوه نه‌بێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری ئه‌مریكا، ئه‌وا ترەمپ به‌رده‌وام ده‌بێت له گوشاره‌كانی له سه‌ر ئه‌و وڵاته. كشانه‌وه‌ی ترەمپ له زۆرێك له په‌یمانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ته‌نیا هۆكاری ئابووریان هه‌بووه و نیشانده‌ری ئه‌م راستییه‌یه.
گرێدراوی بابه‌تی دووه‌م شه‌ڕی عێراق نممونه‌یه‌كی باش ده‌بێت. جه‌نه‌راڵ مه‌تیس كه‌وا ئێستا وه‌زیری به‌رگری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه ته‌نیا كه‌سێك بوو كه‌وا دژی شه‌ڕی عێراق ده‌ركه‌وت و بڕوای وابوو كه‌وا ئه‌مریكا قه‌د له‌و شه‌ڕه‌دا سه‌رناكه‌وێت. هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه دهگهڕاندەوه كه‌وا ئه‌مریكا له زیندانه‌كانی عێراقدا ئه‌خلاقی مێژووی سیاسی ئه‌مریكای له ژێرپێ دانا و بڕوای له سه‌رتای شه‌ڕه‌وه ئه‌وه بوو كه‌وا درۆی درووست كردنی شه‌ڕی عێراق و ئه‌شكه‌نجه‌دانی زیندانییه‌كان و كاردانه‌وه‌كانیان ئه‌مریكا ڕووبه‌ڕووی شكست ده‌كاته‌وه له درێژخایه‌ندا. له ڕاستیدا شرۆڤه‌كانی هه‌مووی ڕاست ده‌رچوو. هه‌ر بۆیه دانانی جه‌یمز مه‌تیس وه‌كوو وه‌زیری به‌رگری نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه كه‌وا ترامپ نایهه‌وێت هه‌مان هه‌ڵه كه‌وا جۆرج د.بووش كردی، دووباره‌ی بكاته‌وه و كاره‌ساتێكی دیكه بۆ ئه‌مریكا درووست بكات. باسكردن له كشانه‌وه له سووریا و درووستكردنی ناتۆی عه‌ره‌بی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێران له ناوچه‌كدا، ئه‌وه ده‌رده‌خات كه‌وا ترەمپ به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌وا تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن به هه‌وڵدان بۆ شه‌ڕی ئه‌مریكا له دژی ئێران، به هیچ جۆره‌یه‌ك نایهه‌وێت وڵاته‌كه‌ی تووشی شه‌ڕێك بكات كه بێجگه له بە فیڕۆدانی ئابووری و مرۆیی شتێكی دیكه‌ی له‌وانه‌یه بۆ ئه‌مریكا نه‌بێت.
ترەمپ له گوشاره‌كانی له سه‌ر ئێران به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ گۆڕینی هه‌ڵسووكه‌وتی ئێران نه‌ك گۆڕینی حكوومه‌تی ئێران له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا. گۆڕینی ڕژیم له تاران ناسه‌قامگیری ئابووری و سیاسی زۆری به‌دواوه دێت كه‌وا له‌وانه‌یه ئیداره‌ی ترەمپ زۆر به‌دوایه‌وه نه‌بێت. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه تایبه‌تمه‌ندی كه‌سێتی ترەمپ وه‌كوو بیزینسمهنێك ئه‌وه ده‌رده‌خات كه‌وا زۆرتر حه‌زی له دانیشتنی دووقۆڵییه تا په‌یمانێك كه له نێوان چه‌ند وڵات‌دا ئیمزا كرابێت. بۆیه ئه‌گه‌ر تاران مل كه‌چ بكات بۆ داواكارییه‌كانی ئه‌وا ترەمپ رازی ده‌بێت. ئه‌گه‌رنا گوشاره‌كان له سه‌ر تاران به‌رده‌وام ده‌بن و له‌وانه‌یه ئەوەش ببێتە هۆی ڕووخانی كۆماری ئیسلامی ئێران.