ئاڵۆزی سیاسی نێوان توركیا و ئه‌مه‌ریكا
له كاتی ئیداره‌ی ئۆباما، توركیا به‌رده‌وام هێرشی ده‌كرده سه‌ر وڵاتانی ڕۆژئاوا و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ركه‌وتنی له ناتۆ ده‌كرد. هه‌ر بۆیه به‌رده‌وام ئۆباما مه‌جبوور ده‌بوو كه‌وا له به‌رامبه‌ر داواكارییه‌كانی توركیا مل كه‌چ بكات. مل كه‌چكردنه‌كه ئه‌وه‌نده له ڕاده‌به‌ده‌ر بوو كه‌وا توركیا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو كه له گه‌ڵ ڕووسیا له سه‌ر به‌رنامه‌ی ناوه‌كی و كڕینی سیسته‌می اس- 400 ی ڕووسی پێكه‌وه په‌یمانیان ئیمزا كرد. ئیداره‌ی ئۆباما و جورج بووشی كوڕ له مێژووی ئه‌مریكا به خراپترین ئیداره‌ی ئه‌م وڵاته له بواری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه ده‌ناسرێن. بۆ نموونه ئۆباما ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵی په‌یمانی ئه‌تۆمی له گه‌ڵ ئێران بوو -كه‌وا بتوانێت له كۆتایی خولی دووه‌می سه‌رۆك كۆمارییه‌كه‌ی وه‌كو ده‌ستكه‌وتێك له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی نیشانی بدات- به‌رده‌وام نه‌رمی له به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێسته‌كان و كرده‌وه‌كانی توركیا ده‌نواند. هه‌ر بۆیه بیرۆكه‌ی توركیا وابوو كه‌وا ده‌یتوانی هه‌مان هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌رچوون له ناتۆ و هاوكاریی له گه‌ڵ ئێران وه‌كو گوشار له سه‌ر ئیداره‌ی تره‌مپ به‌كاربێنێت. به پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی و پلانه‌كانی توركیا، ئیداره‌ی تره‌مپ ئه‌وه‌نده ناتۆ به‌لایه‌وه گرنگ نییه، به هیچ شێوه‌ییه‌ك پێكه‌وه هه‌ڵكردن (تۆله‌رانس) له به‌رامبه‌ر هاوكاری توركیا بۆ ئێران نیشان نادات و بێوه‌فابوونی توركیا له به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا قبۆل ناكات. له‌مانه‌ش گرنگتر بڕیاری كڕینی سیسته‌می اس- 400 له لایه‌ن توركیاوه. ئه‌م سیسته‌مه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاتانی ڕۆژئاوا له دوو بواردا ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه. یه‌كه‌م، سیسته‌می پاراستنی ئه‌م وڵاتانه‌یه دووه‌م ناساندنی ڕووسیا وه‌كو فرۆشیاری چه‌ك له دۆنیادا. یه‌كێك له داهاته سه‌ره‌كییه‌كانی وڵاتانی ڕۆژئاوا له فرۆشتنی چه‌كه‌وه دێت. له ده‌ستدانی ئه‌م بازاڕه له درێژخایه‌ندا سه‌روه‌ری (ئابووری،سیاسی،سه‌ربازی) وڵاتانی ڕۆژئاوا به سه‌ر دونیادا ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه. هه‌ر بۆیه ئه‌مریكا نه‌رمی له به‌رامبه‌ر ئه‌م بابه‌ته نانوێنێت.
له لایه‌كی دیكه‌وه، ئازادنه‌كردنی قه‌شه‌ی ئه‌مه‌ریكی له لایه‌ن توركیاوه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه‌وا ئیڤانجلیكه‌كان زیاتر گوشار بخه‌نه سه‌ر توركیا. مایك پێنس كه جێگری تره‌مپه سه‌رۆكی هه‌مان كڵێسه‌یه كه قه‌شه‌ی ده‌ستگیركراو له توركیا ئه‌ندامیه‌تی. زۆربه‌ی لایه‌نگه‌رانی تره‌مپ له كه‌سانی مه‌زهه‌بی و ئیڤانجلیكه‌كان پێكدێت و ئه‌م بابه‌ته‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌مریكا گوشاره‌كانی بۆ ڕازی هێشتنه‌وه‌ی لایه‌نگه‌رانی زیاتر بكات. هه‌وڵدانی توركیا له گه‌ڵ قه‌ته‌ر بۆ په‌ره‌پێدانی بیری ئیخوانی له ناوچه‌كه، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه‌وا زۆربه‌ی وڵاتانی هه‌رێمه‌كه (به سه‌ركردایه‌تی سعوودییه‌كان كه هاوپه‌یمانی ئه‌مریكان) دژی توركیا رابوه‌ستن و په‌یوه‌ندییه ئابووری و سیاسییه‌كانیان له گه‌ڵ ئه‌م وڵاته ببڕن. هه‌ر ئه‌مه‌ش زه‌ختێكی زۆرتری ئابووری-سیاسی له سه‌ر ئه‌ردۆگان زیاتر كردووه و له‌وانه‌شه له داهاتوودا گوشاره‌كان ڕوو له زیاد بوون بكه‌ن.
هه‌رچه‌نده ئه‌مریكا ئابلۆقه‌ی به سه‌ر توركیا سه‌پاندووه به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌م ئابلۆقانه ته‌نیا له سه‌ر دوو سه‌ركرده‌ی توركن كه‌وا باری ئابووری هیچی نییه. به‌رزكردنه‌وه‌ی لیستی هاورده‌كان(تاریف)به سه‌ر كاڵاكانی توركیاش به هۆی كه‌می ئاستی هه‌نارده‌ی توركیا (كه نزیك ٣ میلیارد دۆلاره) زیاتر ئامانجی ناسه‌قامگیركردنی دراو و بازاڕه‌كانی توركیایه. تره‌مپ ده‌یه‌وێت نیشانی بدات كه‌وا یه‌كێك له كارته‌كانی سه‌ركه‌وتنی ئه‌ردۆگان كه بابه‌تی گه‌شه‌ی ئابووری بوو، ئه‌مریكا ده‌توانێت به ئاسانی ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی گه‌وره‌ی بكاته‌وه و ئه‌گه‌ر توركیا ته‌سلیم نه‌بێت، توركیا به‌ره‌و ڕوخانێكی ئابووری - سیاسی ببات. تا ئێستا ئه‌مریكا ئابلۆقه‌یه‌ك كه توركیا تووشی خه‌ساره‌ت بكات به سه‌ر ئه‌و وڵاته نه‌سه‌پاندووه. به‌ڵام ده‌یویست نیشانی بدات كه‌وا ئابووری توركیا ده‌توانێت به بچووكترین كاردانه‌وه‌ی سیاسی-ئابووری تووشی ناسه‌قامگیری بكات.
ڕۆڵی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌ورووپا له ئاڵۆزی هه‌نووكه‌یی
هه‌تا ئێستا ته‌نیا دوو وڵاتی ئیتالیا و ئه‌ڵمانیا پشتگیری خۆیان بۆ توركیا له به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا ده‌ڕبریوه له كاتێكدا گرنگترین وڵاتانی ئه‌م یه‌كێتییه وه‌كو فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا بێده‌نگییان نواندووه. هۆكارێك كه ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا له پشت ئه‌مریكاوه ده‌وه‌ستن هه‌ڵده‌گه‌رێته‌وه بۆ باری ئابووری ئه‌م وڵاتانه. زۆرترین قه‌رزی ده‌ره‌كی كه به توركیا دراوه له لایه‌ن ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا بووه. ئه‌گه‌ر قه‌یرانی ئابووری ئێستا به‌رده‌وام بێت ئه‌وه ئه‌م دوو وڵاته زه‌ره‌رمه‌ندی دووه‌م ده‌بن و باری ئابووری وڵاته‌كه‌یان دژوار ده‌كات. ئه‌م بابه‌ته ئه‌وه‌نده بۆ ئه‌ڵمانیا گرنگه كه‌وا ئه‌نگێلا مركل ڕاسته‌وخۆ وشیاری دایه ئه‌ردۆگان كه‌وا ''ئا‌ڵمانیا هه‌موو كارێك ده‌كات كه‌وا بانكی ناوه‌ندی توركیا سه‌ربه‌خۆ بێت.'' ئێستا له ئه‌ردۆگان زیاتر مێركڵ نیگه‌رانی باری ئابووری توركیایه. ئه‌ڵمانیا ساڵی 2016 په‌یمانێكی له گه‌ڵ توركیا به‌ست له سه‌ر په‌نابه‌رانی سووری. ئه‌م په‌یمانه به بێ هاوئاهه‌نگی وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌ورووپا بوو و هه‌ر بۆیه ته‌نیا ئه‌ڵمانیا به‌رپرسیار بوو له دانی یارمه‌تی ماڵی به توركیا. به‌ڵام به‌رنامه‌ی ئه‌ڵمانیا ئه‌وه‌بوو كه‌وا له ماوه‌ی 4 ساڵدا ئه‌و پاره‌ی كه ده‌یدات به توركیا له ئاكامی بازرگانی له گه‌ڵ ئه‌و وڵاته بیگه‌ڕێنێته‌وه. به‌ڵام ئێستا به‌م باره ئابووره‌یه‌وه كه توركیا تێدایه، هه‌موو پلانی ئه‌ڵمانیا ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی گه‌وره بووه‌ته‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌وه، تره‌مپ ده‌زانێت كه‌وا هه‌م ئه‌ڵمانیا و هه‌میش ئیتالیا زۆرترین ئاستی بازرگانییان له گه‌ڵ ئێران هه‌یه به به‌راورد له گه‌ڵ وڵاتانی دیكه ئه‌وروپا. هه‌ر بۆیه ناسه‌قامگیركردنی توركیا كارتێكی گوشاریشه له سه‌ر ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا كه ئاستی بازرگانییان له گه‌ڵ ئێران كه‌م بكه‌نه‌وه. بێ گومان ئه‌گه‌ر بژارده‌یه‌ك هه‌بێت ئه‌وا سه‌قامگیری توركیا بۆ وڵاتانی ئه‌ورووپا (به تایبه‌تی ئا‌ڵمانیا و ئیتالیا) گرنگتره له ئێران. هۆكارێك كه‌وا ئێران پشتگیری ده‌دات به ئه‌ردۆگان بۆ ترسی ئه‌و وڵاته له پلانی ئه‌مه‌ریكایه كه ده‌یه‌وێت توركیا كۆتایی به په‌یوه‌ندییه‌كانی له گه‌ڵ ئێران بێنێت. ئیداره‌ی ئێستای ئه‌مه‌ریكا به هیچ شێوه‌یه‌ك نایه‌وێت توركیا ببێت به ناوه‌ندی پاره سپیكردنه‌وه‌ی ئێران وه‌كو ساڵانی 2011 و دواتر.
كۆتایی
باری ئێستای ئابووری توركیا به پێچه‌وانه‌ی قسه‌كانی ئه‌ردۆگان و كۆمه‌ڵێك شرۆڤه‌كار ئاكامی گوشاره‌كانی تره‌مپ نییه. ئه‌ردۆگان ده‌یه‌وێت هه‌ستی ئیسلامی- نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی توركه‌كان بكات به قه‌ڵخانێك و ئه‌مریكا وه‌كو هۆكار نیشان بدات. به‌ڵام له ڕاستیدا ئابووری توركیا له‌وه‌ی كه‌وا ده‌یبینین زۆرتر لاوازه و قه‌یراناوییه. زه‌ختی ئیداره‌ی ئه‌مریكا له سه‌ر توركیا نیشانی‌دا كه‌وا ئابووری توركیا له‌وانه‌یه له كورتخایه‌ندا گه‌شه‌ی سه‌ندبێت به‌ڵام له درێژخایه‌ندا توركیا نه‌بووه به ئابوورییه‌كی به‌هێز له ناوچه‌كه. ڕووسیا به هۆی باری ئابووری لاوازی خۆی و ئابلۆقه‌كانی ئه‌مریكا له سه‌ری ناتوانێت له بواری ئابووری یارمه‌تیده‌ری توركیا بێت. ته‌نیا وڵاتێك كه بتوانێت قه‌رز بدات به توركیا "چین"ـه كه ئه‌مه‌ش هه‌م وڵاتانی ئه‌وروپا تۆڕه ده‌كات و هه‌میش له درێژخایه‌ندا توركیا به‌ره‌و ڕوخانی ئابووری وه‌كو یۆنان ده‌بات. ته‌نیا وڵاتێك كه سوودی لێببات چین ده‌بێت نه‌ك توركیا، ئه‌ڵمانیا یانیش ئیتالیا.
له‌وانه‌یه ئه‌ردۆگان ته‌سلیمی سیاسه‌تی ئیداره‌ی ئێستای تره‌مپ ببێت كه‌وا ته‌سلیمبوونی هه‌م پێگه‌ی حكوومه‌تی توركیا له نێو لایه‌نگه‌رانی كه‌م ده‌كاته‌وه و هه‌میش گوشاره‌كان له سه‌ر ئێران زیاتر ده‌كات. له‌وانه‌شه ئه‌ردۆگان سووربێت له سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ریكا و بانكی ناوه‌ندی وڵات كه ئه‌مه ده‌بێته هۆی سه‌پاندنی ئابلۆقه‌ی ئابووری زیاتر له سه‌ری و ناسه‌قامگیری زیاتر. له ئه‌گه‌ری ئه‌م سیناریۆیه‌دا، هاوپه‌یمانی ئا.كه.په كه‌وا مه.هه.په یه، خۆی له ئه‌ردۆگان دوور ده‌خاته‌وه، كۆمه‌ڵگای توركیا به‌ره‌و پارچه‌بوونێك ده‌بات كه له درێژخایه‌ندا شه‌ڕێك له نێوان لایه‌نگه‌رانی ئه‌ردۆگان و حزبه‌كانی دیكه دروست بكات. قه‌ته‌ریش كه ترسی له لاواز بوونی ئه‌ردۆگان هه‌یه هه‌وڵ ده‌دات كه یارمه‌تی ئابووری پێشكه‌ش به توركیا بكات. چونكه ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌ردۆگان ته‌سلیمی تره‌مپ ببێت ئه‌وا قه‌ته‌ر، ئێران هه‌ر وه‌كو دۆمینه‌یه‌ك له دوای یه‌ك داهاتووی سیاسی-ئابووریان ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. قۆماری گه‌وره‌ی توركیا له سه‌ر خۆ به‌زلزانینی له ڕاده‌به‌ده‌ر و سیاسه‌تی ئیخوانی له ناوچه‌كه، ئه‌م وڵاتی تووشی قه‌یرانێك كردووه كه‌وا له ئاكامی ته‌سلیم نه‌بوونی ئه‌ردۆگان، داهاتووی سیاسی توركیا ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه. ئیداره‌ی تره‌مپیش ،مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه كه‌وا به دروستكردنی قه‌یران له توركیا و ئێران، ئه‌م وڵاتانه لاواز بكه‌ن و له‌وانه‌شه به‌ره‌و ڕووخانی ڕژێمه‌كان هه‌نگاو بنێن.