ئەمڕۆی رێگای سلێمانی- هەولێر!

Kurd24

کاتژمێر یانزەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجی ئازار، ساڵیادی راپەڕینە، راپەڕینی رزگاری میللەتی کورد لە زوڵم و ستەمی بەعسی دیکتاتۆر، کەناڵەکانی راگەیاندن ئەمڕۆ کەمتر باسی راپەڕین دەکەن، چونکە ئێستا هەواڵی گەرم ڤایرۆسی کۆرۆنایە، هاتووه‌تە سنووری هەرێمی کوردستانەوە و چەند حاڵەتێک لە سلێمانی تۆمارکراون و هاووڵاتییەکیش گیانی سپاردووە.

پاش سەفەرێکی چەند رۆژی سلێمانی بەرەو هەولێر بەجێدێڵین، سنووری ناحیەی خەلەکان دەچینە سەر جۆبارێک و نانی نیوەڕۆ دەخۆین و رێگای سماقوڵی تەی دەکەین، دونیا رەنگی سەوزی پۆشیوە و بەهار تەقەی داوە لە دڵمان، دەریاچەی سماقوڵی ئاوێکی سازگار و جوان، دیمەنێکی ناوازە تێکەڵ بە عەتری بەهار بووە، دەگەینە بازگەی سماقوڵی، برادەرانی بازگە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان رێگاکەین راگرتووە، "هاتوچۆ لەم رێگایەوە بۆ هەولێر راگیراوە"، هۆکارەکەی لێدەپرسم، "دەبێ لە کۆیەوە بچنە ناو هەولێر چونکە لەوێ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا دانراوە و دەبێت هەموو هاووڵاتییەک پشکنینی بۆ بکرێت پێش ئەوەی بچێتە ناو هەولێرەوە".

زۆر ماندووم، سەفەر بۆ خۆی هیلاکی هەیە، شەڕو فەرتەنەی ئارین و ئارێزیش مێشکی ماندووکردووم، بەڵام لە دڵەوە بە قسەی ئەو برادەرانەی بازگەکە دڵخۆش بووم، دڵم کرایەوە کە شوکر ئەمەندە بە گرنگییەوە لە خەمی تەندروستی خەڵکدان.

بێ یەک و دوو بە رێگای خۆماندا دەگەڕێینەوە، لە هەیبەت سوڵتانەوە بەرەو کۆیە خل دەبینەوە، کۆیە یەکێکە لە جوانترین شارەکانی هەرێمی کوردستان، قەرەباڵغی ناو شاری کۆیە دەبڕین و چاومان بە سەوزایی و بەهاری رێگای کۆیە - هەولێر دەگەشێتەوە.

لە بازگەی هەولێر نزیک دەبینەوە، قەرەباڵغییەکی زۆر هەیە، بەڵام هەست ئەکەی زۆر لە چاوەڕوانیدا نامێنیتەوە، نزیکتر دەکەوینەوە، پاش چەند خولەکێک دەگەینە بەردەم برادەرانی بازگەکە، دەمامکیان بەستووە، بەخێرهاتنمان دەکەن و رێنماییمان دەکەن، کە لەولاترەوە ئۆتۆمبێلەکە پارک بکەین و بچینە لای لیژنەی پزیشکی بۆ پشکنیکی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دیارە زۆر بە شێوەیەکی رێک و پێک پڕۆسەکە رێکخراوە بۆ ئەوەی زۆر هیلاکی دروست نەکرێت، کەمێ ئەولاترە، دوو برادەریتر بە رێزێکی زۆرەوە شوێنمان بۆ ئۆتۆمبێلەکە بۆ دەکەنەوە و دەوەستین و سێ پزیشک و کارمەندی تەندروستی بە زمانێکی شیرین پشکنینمان بۆ دەکەن و دڵنیاییمان دەدەنێ کە شوکر سەلامەتین. 

بازگەکە بەرەو هەولێر، بەجێدەهێڵین، پاش پێنج کاتژمێر رێگا بڕین دەگەینەوە ماڵی خۆمان، ماندوو و شەکەتین، بەڵام زۆر دڵخۆش بووم بەو رێککارانەی گیراونەتە بەر، بەو گرنگی پێدانە و بەو خەمخۆرییە، بە راستی شیاوی نرخاندنە، پێم وایە ئەمە یەکێکە لەوکاتە دەگمەنانەی ئینسان هەست بە دڵخۆشی دەکات، کە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم شێوەیە دەبینێت دڵسۆزانەو لێبڕاوانە کار دەکەن بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لەمەترسی تەشەنەکردنی ئەم نەخۆشییە، هیوای لەشساغی و تەندروستی باش بۆ هەموولایەک دەخوازم.