کۆرۆناش تێدەپەڕێ!

Kurd24

 

-1-

عەقڵ و عەتف پێکەوەن، بەڵام تێکەڵ ناکرێن، عەقڵ بۆ هەموو شتێک کاری خۆی ناکات و عەتفیش هەروا، مەرگ بدەنە دەستی عەقڵ و خەیاڵ بە عەتف بسپێرن، ئێمە پەڕچینێکمان کێشاوە بە دەوری خۆمانا و خەریکین کەروێشک ئاسا بەسەر دڕکەکانی ژیانا باز ئەدەین، کەچی هەزاران هەنار ئاو ئەزێتە دەمیان و وشک و برنگ خەریکین سۆتەڵییان لێ ئەچنینەوە، ئەزانی زۆر سەختە قەناعەتپێکردنی زستان بۆ ئەوەی زوو بڕوات، ئەزانی چێشتەقوڵەی هیچ ماڵە هەژارێک لە ساتی برسیەتیدا باش ناکوڵێ، هەژاری فێری کردین بوەستین تا ئارد لە ئاساو بێتەوە، وڕکمان بە هەرچی شتە گرت، چ ئەجەلێیکە ئێمە چاوەڕێین بە بێ عەشق بمانپێچێتەوە، بژین و رێ مەگرن لە پێکەنینە جوانەکان و لە قاقابەرزەکان، بهێڵن کوڕانی شار لەسەر کورسی سەرجادەیی قاوەخانەیەک دانیشن و گیتار بدەنە دەم نەسیمەکانی ئێوارانی شار، بهێڵن کچانی شار دانیان لە دڵخۆشییا بدرەوشێتەوە، قامەتی هیچ نەمامێ، هیچ دارەتوویەکی باریکەلەی باڵابەرز توند مەبەستن، ئۆخژنی هیچ عەسرێکی درەنگی نشینگایەکی گوند لە دەستمەدەن، بژین و ماتەمەکان بە دڵخۆشی و گەدە خاڵییەکان بە تێری و دڵە شکاوەکان ئاشتی بدەنەوە بە عەشق، ئیتر لێ گەڕێن عەقڵ بۆ خۆی و عەتف بۆ خۆیان بن، وەرن با ئێمە تەنیا بە عەشقەوە بژین!

-2-

کۆرۆناش تەواو دەبێ و ژیانی ئاسایی دەستپێدەکاتەوە، ئێستا کە لە ماڵەوەی بیربکەرەوە، کام هەنگاوی هەڵەت ناوە لە ژیانتا، راستی بکەرەوە، هەنگاوی داهاتووت چۆن دەنێی دیسان بیری لێبکەرەوە، دەرفەتی زێڕینە بۆ بیرکردنەوەی باشتر، بۆ خوێندنەوەی نوسینە جوانەکان، بڕوا بکەن پارچە نوسینی وا هەیە کە دەیخوێنیتەوە وا دەزانی قەپاڵ لە هەنجیرێکی وشکی قاژکراو ئەگری کە پڕە لە کاکڵە گوێزی تازە، بخوێننەوە و چێژ لە ژیان وەربگرن، ئەم پشووە تەواو دەبێ و سەرقاڵییەکانی ژیان دەست پێدەکەنەوە، هەمیشە لەشساغ و تەندروست بن. و کەرەنتینە بۆ خۆپارێزی لەم ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەرفەتێکی گەورەمان بۆ دەڕەخسێنێت، "بیرکردنەوە گەورەکە" دەستپێبکەین بۆ شکاندنی بتەکان، ئەو بتانەی بە دەستی خۆمان دروستمان کردوون، خۆمانمان پیاهەڵواسیون، کۆیلایەتییان بۆ دەکەین، دەیانپەرستین، گیرۆدەیان بووین، کاتی خۆمانیان بۆ بەفیڕۆدەدەین و تواناکانمانیان بۆ بەهەدەر ئەدەین؛ بتی خزمایەتی سەقەت و خۆشەویستی سەقەت و هاوڕێیەتی سەقەت و کەسابەتی سەقەت و پەروەردەی سەقەت و سیاسەت و حزبایەتی سەقەت!

-3-

لە ماڵەوەی؟ باوکت هەیە، دایکت هەیە؟ بڕۆ ژێر دەستیان، تێر تێر سەیری چاوەکانیان بکە، سەیری تەڕایی گۆنایان بکە، چاو ببڕە سووری روومەتی گەشیان هی ئێستا نا، گەنج گەنج لێیان ورد بەرەوە، بیهێنە بەرچاوی خۆت؛ ساڵێکی زۆر دوور، دوو دڵی نزیک لەسەر رێگای کانییەکەی گوند، چاویان دەبڕیە چاوی یەکتر، شەرمیان بەباڵای یەکدا هەڵئەواسی، نیگایان تا کەلوملەکانی دەوروبەری دێ ئەڕۆشت، باوکت دەستی دەکرد بە بن پشوێنەکەیا و هەورییەکی قەدکراوی بۆنخۆشی دەدایە دەستی دایکت، دایکیشت بە هەردوو دەستی وەری ئەگرت و ئەیخستە سەر چاوەکانی و تێر بۆنی ئەکرد. ئەوان لە یەکتر جیا ئەبوونەوە، هاوڕێکەی دایکت لەولاترەوە چاوەڕوانە، باوکت دەچوویەوە ژێر دارەکان و سواری ئەسپە زینکراوەکەی ئەبوویەوە و ئەچوویەوە بەرەو گوند. ئێوارە باوکت لەسەر سفرە سادەکەی ماڵی باوکی، لە تەنیشتی دایکییەوە دادەنیشت و ئحم ئحم، دایکی تێدەگەیاند، بەزمەکە لای باوکی باس بکە، نەنکە سەلارەکەشت، دەستێکی ئەهێنا بە روومەتیا و تیتەکانی بە سەرپۆشەکەی دائەپۆشییەوە و بە ویقارێکی بەرزەوە رووی لە باپیرە دەکرد: پیاوەکە، کوڕەکەمان بووە بە پیاو! .. هەفتەی دواتر، دایک و باوکت لە ژوورێکی رازاوە بە جاجمی رەنگاوڕەنگ، لەسەر قاڵییەکی گوڵگوڵی، ئاها لە سوچێکی ژوورەکەیا نوێنەکان بە متیلێک داپۆشراون و چرایەک بە سووچێکی ژوورەکەوە هەڵواسرەوە، مامۆستای گوند لەسەر ئیزنی باپیرەکان، هەردووکیانی لەیەکتر مارە کرد، ئەوان بوونە جیهانێکی نوێ، ئەوان بوونە ژیانێکی نوێی بەهەشتی، سەرنج بدە، تۆ بەرهەمی ئەو عەشقەی پاڵەوان.

-4-

کۆرۆنا لێرەیە، ئێمە و هەموو جیهان سەرقاڵین پێوەی، لەهەموو کات زیاتر لە خۆماندا قووڵ دەبینەوە و تێدەفکرین و ڕەنگە دروستبێ بڵێم ئەم ڕۆژانە ناسکتریش بووینەتەوە، هێندە ناسک، بیری باران و ئاسمان و خۆریش دەکەین، هێندە ناسک چاومان بە تەڕایی زەوی و شەونمی دەمبەیان و گەڵا وگوڵ و سەوزەڵانیش دەحەسێتەوە، هێندە ناسک بیری ئازیزانمان ئەکەین، تۆ چەندێکە دایکت نەدیوە، چەنێکە سەرت نەخستۆتە سەر سنگی باوکت، تۆ چەنێکە هاوڕێ نزیکەکانت نەدیوە، چەنێکە چایەکی خەڵوزت نەنوشیوە، تۆ چەنێکە پاڵت بە کۆڵەکەی مزگەوتەوە نەداوە و چاوت نەبڕیوەتە گومەزەکەو دڵت نەداوە بە خوا، چەنێکە بەسەر دوو دەستەکانی نزاتا نەگریاوی، چەنێکە لە هۆڵێکی زانکۆیا قاقایەکت بە دڵ لێ نەداوە و چەنێکە تاسەت لە جەنجاڵییەکانی رۆژگار نەشکاوە، چەنێکە بە دڵی خۆت نەچویتە وەرزش، گەشتو سەیرانت نەکردووە، نەچویتەوە سەر کار و چەنێکە لە پاشقولی هاوکارەکانت دووری، چەنێکە دڵت نەکردۆتەوە، چەنێکە بە تەنیا پیاسەیەکی شەقامەکانت نەکردووە و شەقت لەو گەڵا زەردە هەڵنەداوە لە قەراخی جۆگەی شەقامەکەیا کەوتووە. مادام وایە پرسیاری گەورە لە دڵت بکە: چ شتێکە بەردەوام ئازاری دڵت ئەدا؟ و چ شتێکە دڵت پێی ئەکرێتەوە؟ ئەرێ "دڵ" لە نێوان تەنگی و کرانەوەدا چیتر ماوە بیگاتێ؟ هەی لە دڵ و وای لە دڵ!