قەیران وەك دەرفەتێک بۆ ریفۆرم و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی

Kurd24

لە ساڵی 2018 کاتێك یاسای چاکسازی لە کەرتی وەزیفەی گشتی تێپەڕی هەڵمەتێکی ناڕەزایی دژی یاساکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستیپێکرد، بە بەهانەی خانەنشینی پلە تایبەتەکان, هەر بۆیەش یاساکە لە لایەن سەرۆکایەتی پەرلەمان واژووی لەسەرنەکراو گەڕێندرایەوە، کە ئەو کات گەراندنەوەی یاساکان لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی پەرلەمان بوو بە پێی یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم.

ئەو کات لە پەرلەمان بووم و یەکێک بووم لەوانەی زۆر هەوڵماندا یاساکە تێپەر بکەن و هەرچی زووە دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت، چونکە زانیاری دروستم هەبوو کەسانێك کە دەیان بندیوارو موچەی نایاساییان هەبوو لۆبیان دەکرد بۆ تێپەڕنەبوونی یاساکە و مەکینەی پەیجە ساختەکانیان خستبووەگەڕ، لە کۆتاییشدا سەرکەوتن و دوو ساڵ پرۆسەکەیان دواخست. کاتێک لە 2020 یاساکە تێپەڕ بوو خۆ خانەنشینی پلە باڵاکانی هەڵنەوەشاندەوە, بگرە زۆر نزیک بوو لە ئەو یاسایەی لە ساڵی 2018 قبوڵ نەکرا، بەڵام بەرژەوەندیخوازەکان زانیان دەرچوواندنی یاساکە ئەم جارە بووەتە واقیع و ناتوانن پێشی لێبگرن بۆیە تێپەڕی.

ئەمجارە دەیانەوێت یاریەک بکەن لە جێبەجێکردنی یاساکە تۆزو خۆڵ و غوبارێک دروست ببێت تێروانینی خەڵک پەرت بکەن. ئەوان لە قۆناغی ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر هەست بە مەترسی دەکەن, چونکە ئەوەی بونیاتیان ناوە لە سەر دزی و کاری ناڕەواو نا شەرعی و قاچاخچیەتی  خەریکە لە دەستی دەدەن. بۆیە هیوادارم خەڵکی کوردستان پشتیوانی پرۆسەی چاکسازی بکات و پێموایە نابێ ئەم دەرفەتە لە دەست بدەین. راستە بەرپرسیاریەتی هەڵەو کەموکوڕییەکان لە ئەستۆی ئێمە دایە (بە تایبەتی پارتی و یەکێتی)، بەڵام هەر خۆشمان دەبێ چاکی بکەین و رۆژێک زووتر هەنگاوی بۆ بنێین باشترە و دەست بکەین بە ریفۆرمێکی سەرتاسەری و گشتگیر و ئومێدیشموایە بەرێزان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی و هەموو کاراکتەرەکانی دیکەی حوکمرانی بەیەکەوە رووبەرڕووی تەحەددیاتەکان ببنەوە و ئێمەش بە هەموو توانامانەوە لە گەڵتانین و دڵنیام ئەم دۆخە سەختە ئابووریەش تێدەپەڕێنین و کوردستان سەلامەت و پارێزراو دەبێت.

لە ماوەی نزیکەی نۆ مانگی کارکردنم لە پارێزگای ھەولێر ئیرادەیەکی پاک و دڵسۆزانە لە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بەدی دەکەم و ھیوای گەورەم لە سەر ھەڵچنیوە، ئەم ئیرادەیە پێویستی بە پشتیوانی ھەموومانە تا داری خۆزگەی ھەموو نیشتمان پەروەرێك بێتە بەر لە سایەی حوکمرانیەکی رەشیدو داد پەروەر کە تیایدا ھاوڵاتی میحوەر بێت و  حوکمی قانون باڵا دەست بێت.