دەستبەکاربوونەوەی پەرلەمان لەشەش خاڵدا

Kurd24

یەکەم: هەر لەو ماوەیە بۆ جاری دووەمە, پارتی مرونەتی تەواو دەنوێنێت بۆ دەست بەکار بوونەوەی پەرلەمان و دوو دەستپێشخەری پێشکەش کراون, هەردوو موبادەرەکەش لە سەر داوای یەکێتی و بیرۆکەی یەکێتی بوونە. یەکەمیان ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان تایبەت بە راپرسی بەبێ دەستەی سەرۆکایەتی و بە سەرپەرشتی بە تەمەنترین ئەندام, دووەمیشیان موبادەرەی ئەم دواییە بوو کە سەرۆکایەتی ئێستای پەرلەمان بگەڕێنەوەو سەرپەرشتی کۆبوونەوەی یەکەم بکەن و پاشان دەستەیەکی نوێی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن و سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ گۆڕان بێت, بەڵام هەردوو موبادەرە بەبێ سێ و دوو لە لایەن گۆڕان رەتکرانەوەو یەکێتیش کە خاوەنی بیرۆکەی موبادەرەکان بوو بەبێ هەڵوێست مایەوە, خۆ ئەگەر بڕیارە یەکێتی رۆڵی لایەنی سێیەم ببینێت دەبێ چۆن تنازولی لەپارتی وەرگرت لە گۆڕانیشی وەربگرێت, ئەگەر گۆڕان تنازل ناکات دەبێ یەکێتی هەڵوێستی هەبێت, چونکە بیرۆکەی موبادەرەکان هی خۆیان بووە. واتە ئەگەر یەکێتی ئەرکی هێنان و بردنی پەیامە لە نێوان پارتی و گۆڕان ئەوا پارتی خۆی دەتوانێت ئەم رۆڵە ببینێت و زۆر بە ئاسانی پەیام بنێرێت و دانووستانی راستەوخۆش لە گەڵ گۆڕان بکاتەوە, ئەگەر لایەنی سێیەمیشن دەبێ گەرەنتی بکەن و خاوەن هەڵوێستیش بن.

دووەم: یەکێتی لە بەلاغی کۆتایی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی خۆی دەڵێت بەشداری ڕاپرسی دەکەین بە مەرجی بوونی یاسای راپرسی لە پەرلەمان, باشە ئەگەر گۆڕان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان بێت جا د. یوسف بێت یان هەرکەسێکی دی ئایا یەکێتی دەتوانێت گەرەنتی ئەوە دروست بکات کە ئەو پەرلەمانە یاسای ریفراندۆم دەردەکات و بۆ سەرۆکی هەرێمی دەنێرێت, لە راستی دا لە کارکەوتنی پەرلەمان بۆ دوای 19ی ئابی 2015 دەگەڕێتەوە نەک رۆژی 12/10/2015 چونکە سەرۆکایەتی پەرلەمان ئامادە نەبوو یاسا بۆ سەرۆکی هەرێم بنێرێت, لە کاتێک کە هێشتا سەرۆکی پەرلەمان لە هەولێر بوو, کەچی پەرلەمان لە ئەرکی یاسادانان بە تەواوی پەکی کەوت, بۆیە ئێستا ئەگەر یەکێتی گەرەنتی ئەمە نەکات, کە من پێموایە ناتوانێت بیکات, کەواتە ئەو مەرجەی خۆشیان بۆ راپرسی دایانناوە ناتوانن بە وجودی پەرلەمانێک تەحقیقی بکەن کە سەرۆکایەتیەکەی لە دەست گۆڕان بێت.

سێیەم: ئەوان پێیانوایە پارتی لە پێناوی راپرسی ئاڵای سپی هەڵدەکات و زوو یان درەنگ هەموو ته‌نازولێک دەکات, بە باشی دەزانین رووداوەکانی پێش 19ی ئابی ساڵی 2015 بیربخەینەوە کە چۆن پارتی بۆ رێکكەوتن هەموو سازشێکی کرد, تەنانەت داوا کرا دوو رۆژ کۆبوونەوەی پەرلەمان دوابخەن, بەڵام نەیان کرد پێیان وا بوو پارتی بە تەنها ماوەتەوەو ئیتر دەبێ تا دوایین هەناسە فشاری لە سەر بکرێت, تا گەیشتە بارەگا سوتاندن, مرونەتی ئەوکاتی پارتی لە بەر ئەوە نەبوو لە پێگەیەکی لاواز دایە, لە بەر ئەوە بوو نەگەینە ئەم دۆخەی ئەمڕۆ, ئێستاش هەر خۆیان دەڵێن گەورەترین کارتی دەستمان سوتاندو نەمانزانی وەبەرهێنان لە سەرمرونەتی پارتی بکەین, ئێستاش خەریکن هەڵەی ئەو کات دووبارە دەکەنەوەو پێانوایە پارتی لە پێناوی ریفراندۆم ئاڵای سپی هەڵدەکات و هەرچی بیانەوێت بە دەستی دەهێنن, راستە پارتی و سەرۆک بارزانی بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی بەوپەڕی نیەت پاکی هاتوونەتە پێش و موبادەرە لە دوای موبادەرە پێشکەش دەکەن, بەڵام ئەگەر نیەت خۆبەدەستەوە دانی پارتی بێت پێموایە جارێکی دی کارتی دەستی خۆیان دەسوتێنن و بە دەستی بە تاڵ لێیدەردەچن, ئەو کاتیش ئۆباڵی بەرپرسیاریەتیەکە پێش گۆڕان یەکێتی هەڵی دەگرێت.

چوارەم: سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و دەرکردنی یاسای ریفراندۆم, یەکێتی یان دەبێ گۆڕان ڕازی بکات بەو موبادەرەیەی لەم دواییە پارتی و یەکێتی کردیان، یان تەنها یەک کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت بە سەرپەرشتی بە تەمەنترین ئەندام تایبەت بە ریفراندۆم کە ئەویش هەر بیرۆکەی یەکێتی بووە جا ئەگەر بەبێ گۆڕانیش بێت. یان دەبی پرۆسەکە بڕوات بە بێ پەرلەمان و هیچ کێشەی یاساییشی تێدا نییە.

پێنجەم: ئەوەی سەبارەت بە پەرلەمان دەگوترێت بە هیچ شێوەیەک مەبەست تیایدا کاراکردنەوەی پەرلەمان نییە, چونکە لە بنەڕەتدا تەمەنی ئەم خوولەی پەرلەمان لە رۆژەکانی کۆتایی دایە, تەنها ئەگەر مەبەست لە کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بێت, ئەگینا باشترە ئەمڕۆ قسە لە سەر هەڵبژاردن و چارەسەرکردنی کێشەکان بکرێت لە سایەی هەڵبژاردنێکی نوێی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان کە سەرۆکی هەرێم بە پێی ئەو ئەرکە یاساییەی لە سەر شانیەتی داوای لە کۆمیسیۆن کردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆی پێش 6/11/2017 .

شەشەم: لە پێناو گەیشتن بە سەربەخۆیی و پیادەکردنی مافی چارەنووسی گەلی کوردستان لە رێگای راپرسی, پارتی هەموو میکانزم و وەسیلەیەکی گونجاو بۆ یەکڕیزی نیشتمانی دەگرێتەبەر, لە هەوڵەکانی لە دەست بەکارکردنەوەی پەرلەمان و دانوستان لە گەڵ یەکێتی و گۆڕان و سەرجەم لایەنەکان, لە پێشکەشکردنی تنازولی زیاترو دەستپێشخەری و نەرمی نواندن, لە دان بەخۆداگرتن و خۆ بەدوور گرتن لە زمانی زبرو هەڵمەتی راگەیاندن, تەنها ئەو دوو شتەی کە سەرۆک بارزانی و پارتی دەستی لێهەڵناگرن پیادەکردنی مافی چارەی خۆنووسین و لە دەستنەدانی ئەم دەرفەتەیە کە هاتۆتە پێش, هەروەها تەسلیم نەبوونی پارتیە بە حەزو ئارەزووی حزبی و ناوچەگەری هەندێ کەس کە گیرۆدەی گرێی دەروونی مێژوویی بوونە و هەموو سەرکەوتنی خۆیان لە شکستی پارتی دەبیننەوە.