کورد بوون سەختە، بەڵام سەر بڵندییە

Kurd24

لە سەروبەندی دۆڕانەکانی ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، کاتێ لەلایەکەوە سوپای سووری رووس نەک تەنیا ستالینگرادیان ئازادکرد، بگرە هێدی هێدی خەونەکانی (ئارییەکان بەرزترین توخمی مرۆڤایەتی)یان لەگۆڕدەنا و بەقووڵایی ئەڵمانیا هێزەکانیان پێشڕەویان دەکرد، لە قۆڵێکی تری گرنگی ئەم جەنگەشەوە هاوپەیمانان لە دوای شەڕی نۆرماندی بەرەی شەڕیان لەهیتلەر تەسکتر کرد و ئەوانیش هێدی هێدی لە باشوورەوە نازیستیان دەخنکاند و هاتنە ناو خاکی جێرمانیش، سێچارەکی میللەتی ئەڵمان گەیشتبوونە قەناعەتی تەواو کەوا هیتلەر تووشی کارەساتێکی گەورەی کردوون و نەک درووشمی ئارییەکان بەرزترین جینسی دونیان کەوتۆتە هەڕەشە، بگرە خەڵک دڵنیابوو کە شتێک بەناوی ئەڵمانیا و ئەڵمان خەریکە لەناودەچێ!

دەیان رێکخراو و هەزارەها چالاکوان لەسەرەتای جەنگەوە هەڵمەتی خۆیان دەستپێکردبوو لە دژی هیتلەر و دار و دەستەکەی، سیخوڕ و لۆبی زۆربەی وڵاتانی زلهێز لەناو ئەڵمانیا ئیشیان لەسەر ئەوە دەکرد شەقام لە دژی هیتلەر بجووڵێنن و شکست بە پیلانەکانی بێنن. بەڵام کەسیان سەرنەکەوتن!

هیتلەر هەموو پیلانە رەشەکانی خۆی لەسەر یەک پرس بونیادنابوو، (ئەڵمانەکان هەرگیز لەهەمبەر ناسنامە و هەستی نەتەوایەتیان سڵ ناکەن و تووشی هەزارەها نەهامەتیشیان بکات هەر لەکۆتایی ئەوان ئەڵمان دەمێنننەوە)!

 شار و لادێ نەمابوون وێران نەکرابن، هەموو میدیای ئەوروپا ئەڵمانی ناشیرینکرد، کار و کاسبی هیچ نەمابوو، وڵاتێکی وێرانی دۆڕاوی دەست دیکتاتۆرێکی شێت بەجێ مابوو، بەڵام بە پێی هەموو بەڵگە مێژووییەکان تا ئەمڕۆش هیچ هاووڵاتیەکی ئەڵمان دژی ئەڵمانبوونی خۆی نەوەستاوەتەوە، تەنانەت دوای نەمانی هیتلەریش هەموو خەڵکی ئەڵمانیا بە نوێنەر و بەرپرسەکانی خۆیان راگەیاندبوو (هەرگیز قبوڵ ناکەین لە دانوستان و کۆبوونەوەکانتان لەگەڵ هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکان، وانیشان بدەن ئەڵمان توخمێکی نزمە!).

تا ئەمڕۆش لەگەڵ هەر ئەڵمانییەک باسی ئەم مێژووە بکەیت، پێت دەڵێن (هیتلەر دێن و دەڕۆن، بەڵام ئەڵمان هەر شای مەخلوقاتن و سەر شۆڕ ناکەن بۆ کەس!).

تورک و فارس و عەرەبیش (وەک نەتەوە دەڵێم) تا ئەمڕۆ لەگەڵ هەموو فەشەل، یان ناڕازیبوونیان لە رژێم و دەسەڵاتەکانیان، کاتێ دەگاتە پرسە نەتەوەییەکەیان، وەکو گورگ گەلەکۆمە دەکەن و چاوپۆشی لە هەموو پێشێلکاری و کەمتەر خەمی ناوخۆیی حکومەتەکانیان دەکەن و دەڵێن (پرسی نەتەوەییبوونمان هێڵی سوورە!).

ئێ خۆ هیچێک لەم نەتەوانە لە بەهەشت ناژین، رژێم و حکومەتەکانیان چی خراپ نەماوە پێیان نەکەن، کەچی پرسی نەتەوایەتی لای ئەوان موقەدەساتی یەکەمین و دواییە!

کوردی داماویش، بەلایەوە زۆر گرنگە نەک تەنیا بەرپرسی وڵاتێک، باڵیۆزێک، بگرە عارەبانچیەکی بێگانە (حورمەتم هەیە کە پیشەیەکی پیرۆزە، تەنیا مەبەستم جیاوازی پیشەکانە) ئەگەر بە کوردی دوو قسە بکات، میدیاکانمان پێشی خەڵکەکە دەیکەن بەهەڵڵا!

 کوردبوون بۆ هێندە بۆتە کارێکی زەحمەت و هەموومان پەنا دەبەینە بەر پاساوی زۆر بێ مانا بۆ ئەوەی لاوازی و بێباوەڕی ئینتیما نیشانبدەین؟!

دڵنیابن من پێمخۆش نییە رەوش و ژیانی هاووڵاتیان لەم بارودۆخەدایە، منیش هیچ نەبێ خزم و کەسوکار و هاوڕێ خۆشەویستەکانم وەک هەمووتان لەم موعاناتە دەژین، منیش وەک ئێوە پێموایە هەندێ تواناییم هەیە رۆژانە ئازار بەوە دەچێژم، کە دەتوانم خزمەتێکی چاک و دروستی وڵات و کەسوکار و هاونیشتمانیانی خۆمی پێبکەم، نەوەک بێگانە. منیش وەکو ئێوە دەیان تێبینی و رەخنە و گلەییم هەیە، بەڵام زۆر راشکاوانەش پێتان دەڵێم، نەک ئەم حکومەتە و دەسەڵاتەی ئێستای هەرێم، بگرە ئەوانەی پێشی ئەمەش لەنێو کۆڵێک دژایەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی و هاوکێشەی قورسی وڵاتانی زلهێز و ئینجا زۆر بەداخەوە دەیان و سەدان پیلان و خۆفرۆشی و تێکدەریی لەناوخۆدا بۆ تەنیا دەستکەوتنی پلەیەک، یان موچەیەکی خەیاڵی یان شیرینیەکی خیانەتکاری لەم و ئەو، چۆن حکومەتێک و کام حکومەت، دەتوانێ میللەتێکی خۆشباوەڕ بەڕێوە ببا!

بەڵێ گەندەڵی زۆر هەبووە و بەردەوامیشە، بەڵێ ناهەقی هەبووە و بەردوامیشە، بەڵام بۆ دەستبەجێ یەخەی دەسەڵات دەگرن؟!

پەروەردەی حیزبەکانە؟! نەخێر ... هەر ئەوانەن چەپڵەیان بۆ سەدامێکی دیکتاتۆر لێدەدا و ئەمڕۆ دەیانەوێ بە پاساوی (زوڵمی دەسەڵات) هەمان چەپڵە لێبدەن.

پێتان خۆش بێ، یان ناخۆش، ئەم دەسەڵات و حکومەتە لە ناخی ئێوە وە هەڵقوڵاوە، ئەرک و بەرپرسیارێتی هەموومانە لە سەقەتییەکان هۆشیاری بکەینەوە و لە کردە چاکەکان چۆن چەپڵە بۆ بێگانە لێدەدەین، ئاواش چەپڵەی بۆلێبدەین.

ڕەوشی خراپی جیهان لە ڕووی ئابووری جێگەی باوەڕتان نەبێ، ئەم هەموو دژایەتیەی هەرێمی کوردستان دەکرێ، جێگەی باوەڕتان نەبێ، ئەم هەموو فرت و فێڵ و بەدفورسەتیەی بەزەقەی چاوتان ڕۆژانە دەکرێن بۆ لێکترازاندنی  نێو شارە جوانەکانی هەرێم، جێگەی باوەڕتان نەبێ...

ئیدی خۆهەمووتان ڕۆشنبیر و تێگەیشتوون، یاریەکی گەورەیە دیسان بەکورد دەکرێ... هێندەی تورک و عەرەب و فارسیش خراپمان بەسەرنەهاتووە بڕواتان بێ... هێندەی ئەڵمانەکانیش لە ڕووی جیهانیەوە مێژوومان ڕەش نییە، کەچی زۆر بوێرانە و سەربەرزانە ئێستاش شانازی بە نەتەوەکانی خۆیان دەکەن و هەزار تێبینی وڕەخنەشیان هەبێ لەدەسەڵات، بۆ هیچ کەسێک ناڵێن.... هەلا بیک هەلا)!