چیرۆکە تراژیدییەکانی کۆشکی نیهایە

Kurd24

سەمایان پێدەکردن و تەوالێتەکانیان پێ پاکدەکردنەوە

 

مرۆڤایەتی کۆمەڵێک دیدی فەلسەفی و ئەخلاقی و ئایینی بەرزە، کە جەخت لەسەر بەھا و تواناکانی مرۆڤ دەکاتەوە، نرخ بۆ بنەماکانی مرۆڤ بوون دادەنێت جیاواز لە مێژووی مرۆڤایەتی کە دیوێکی ئەو مێژووە پڕە لە تراژیدیای خوێن و کوشتن و ئەشکەنجەدان. کۆشکی نیهایه‌ «قصر النهاية» پەڵەیەکی رەشە لە مێژووی سیاسی عێراقدا. ئەوکات نازم گزار، بەڕێوبەری ئەمنی عامەی عێراق بوو، لە دوای کودەتای تەممووزی 1968 کاتێک بەعسییەکان ھاتنە دەسەڵات.

بۆ بە کۆشکی نیھایە ناسرا؟

لەبەر ئەوەی کۆشکەکە لە سەردەمی پاشایەتیدا، کۆشکی ریحابی بنەماڵەی مەلیکی عێراق بوو، بەڵام بە رووخانی سیستەمی پاشایەتی ناوی کرا بە نیھایە، واتە (کۆتایی) ھاتنی سیستەمی پاشایەتی، لێکدانەوەی دووەم دەڵێت: نەخێر بۆ ئەوە ناونرا، کۆشکی نیهایه‌ کە ھەر کەسێک بە تۆمەتی سیاسی لەو شوێنە زیندانی کرابا، ئەوا کۆتایی بە ژیانی دەھات، یان ھیچ نەبا کۆتایی بە ژیانی سیاسی و حزبی دەھات، لەبەر ئەوەی بەسەقەتی و تێکشکاوی و ئیفلیجی و رووخاوی دەھاتە دەرەوە.

لەو ڕۆژگارە لە کۆشکی کۆماری بەغدا، بە فەرمانی سەددام و بەکر، بڕیاری ئەشکەنجە و کوشتن و پارچە پارچەکردن دەردەکرا و لە کۆشکی نیهایه‌ بە ئەمری نازم گزار جێبەجێ دەکرا. نازم گزار کە نازناوی «ئەبو حەرب» بوو، کەسێکی شیعە مەزھەب بوو، بەڵام تەورە تیژەکەی سەددام بوو بۆ لە ناوبردنی نەیارانی سەددام و بەعس، سڵی لە ھیچ شتێک نەدەکردەوە، تاوەکو مووی سەری نقومی خوێن و کوشتن ببوو، لە مێژووی سیاسی ھاوچەرخی عێراقدا، ھەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا، تاکو ئێستاش دوو ناوی سیاسی دیار بە دڕندەترین و توندترین بەڕێوبەری ئه‌منی عامه‌، دادەنرێن، ئەوانیش بەھجەت ئەلعەتیە لە سەردەمی پاشایەتی کە لە دوای رووخانی رژێمەکە لەساڵی 1958، لە سەر دەستی عه‌بدولكه‌ریم قاسم بە بڕیاری دادگای مەھداوی لە 1959 گوللـه باران کرا، ئەوی تریان نازم گزار ئەلعیساوییە، ناوێکی ناسراو لە مێژووی خوێنڕشتن لە عێراقدا.

سه‌رۆك مسعود بارزانی لە بەشی یەکەمی بەرگی سێیەمی «بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد» گزار بە سەرۆکی پیاوکوژەکانی ڕژێم وەسف دەکات، کە بەخۆی سەرپەرشتی سزادانی گیراوەکانی دەکرد و دەڵێت: «نازم گزار لە زیندانی کۆشکی نیهایه‌ نامەردترین کردەوەی لەگەڵ کەسایەتییە گەورەکان بەکاردەھێنا بۆ زەلیلکردنیان لە رووی دەروونی و شکاندنی کەڕامەتیان، ئەوانەی بەختیان یاربوو بەزیندوویی لەم مەینەتە دەربازبوون، کە زۆرکەمیشن».

ئەبو حەرب، دوای ھەوڵی کودەتایەکی فاشیل لە ساڵی 1973 بۆ کوشتنی سەددام و بەکر لەسەر سنووری عێراق- ئێران دەستگیرکرا، سەدام لە ماوەی یەک رۆژدا، بەشەخسی خۆی زۆر بەپەلە دادگایی کرد، تەنانەت مەجالی نەدا ھیچ بەرپرسێک بە سەرۆک کۆماریشەوە بیبینێت، جگە لە خۆی و سەعدون شاکری سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری، کە بەدەمانچەکەی خۆی نازم گزاری کوشت، ناوبراو کەسێکی زۆر نزیکی سەددام بوو، تاوەکو ئەمڕۆش کوشتنی گزار لەلایەن سەددامەوە، وەکو رووداوێکی تەمومژاوی پڕ پرسیار ماوەتەوە، بەڵام ھەر چۆنێک بێت، ئەو بەسندوقە رەشەکەی بەعس و سەددام دادەنرا، بۆیە سەددام زوو ویستی پاکتاوی بکات و نھێنیەکانیشی لەگەڵ لاشەکەی ژێرخۆڵ ببن.

لە ھەندێ سەرچاوە و دیکۆمێنتەکانی دوای رووخانی سەدام ئاماژە بەوەکراوە، کە پیلانەکەی نازم گزار بۆ کوشتنی سەددام و بەکر زۆر بە تۆکمەیی و دیسپلینێکی زۆر ورد داڕێژرا بوو، بەڵام لە دوا چرکەساتی جێبەجێکردنی پلانەکەدا، دەزگای ھەواڵگری سۆڤیەتی ئەوکات «کەی جی بی» لە رێگای جیفکۆفی سەرۆکی ئەوکاتی بولغاریا، سەددامیان لە پیلانەکە ئاگادار کردۆتەوە، بەم ھۆیەوە گەیشتنی فڕۆکەکەی بەکر بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا نیو سەعات دواخرا، لەو ماوەیەدا نازم گزار شێوا و پیلانەکەی شکستی ھێنا.

رۆژێک خەیروڵلا تولفاحی خاڵ و خەزووری سەددام لێی دەپرسێت: نازم کاتی ئەوە نەھاتووە ژن بێنی؟؟ ئەویش دەڵێت بۆ نا، زۆرم پێخۆشە تێکەڵ ببین؟! تولفاحیش پێی دەڵێت: ئێمە کچەکانی خۆمان نادەینە شیعە و شڕووگیان! ئەم وەڵامەش رقێکی زۆر ئەستوور لە دڵی نازم گزار بەرامبەر سەددام و تکریتییەکان دروست دەکات.

قەسابخانەکەی نازم گزار

یەکێک لە زیندانییەکانی کۆشکی نیھایە، تاھیر یەحیای سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، کە لە شستەکانی سەدەی رابردوو لە سەردەمی ھەردوو سەرۆکی برا، عه‌بدولسه‌لام عارف و عه‌بدولڕه‌حمان عارف سەرۆک وەزیران بوو، ناوبراو کەسایەتیەکی نیشتمانی میانڕەو بوو، بە پلەی عەقید ئەندامی دەستەی باڵای ڕێکخستنی ئەفسەرە ئازدیخوازەکانی عێراق بوو بۆ کۆتاییپێھێنانی رژێمی پاشایەتی و ھەڵگیرساندنی شۆڕشی تەممووزی 1958، ئەفسەرێکی مەیل ناسری بوو، پەیوەندییە سیاسییەکانیشی لەگەڵ کورد بە درێژایی شۆڕشی ئەیلوول ھەڵکشان و داکشانی جیاوازی بەخۆیەوە دیوە. سه‌رۆك بارزانی لە بەشی یەکەمی بەرگی سێیەمی کتێبی «بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد» دەڵێت: «بەر لە کودەتای 8ی شوباتی 1963، تاھیر یەحیا لە ڕێگەی کەریم قەرەنی کە ئەفسەرێکی خانەنشین بوو، پەیوەندی بە پارتی کرد و گفتی دا، لە حاڵەتی سەرکەوتنی کودەتاکەیان، ئامادەن مافە سیاسییەکانی کورد جێبەجێ بکەن».

سه‌رۆك بارزانی لە لاپەڕەیەکی تری ھەمان سەرچاوەدا، لە وەسفی کەسایەتی یەحیا دەڵێت: «لەوانەیە تاھیر یەحیا راستبووبێ و لەپرسی کورد گەیشتبێ، بەڵام ئەو لە ئاست ھەڵوێستی توندڕەوی نەتەوەچییە عەرەبەکانی ناو حکومەتی عێراق، کە ھیچ باوەڕیان بە مافی کورد نەبوو، ھیچ دەسەڵاتێکی نەبوو».

ھەر لە بەشی دووەمی بەرگی سێیەمی کتێبەکەیدا، سه‌رۆك بارزانی ئاماژە بەوە دەکات: «لە 28ی کانوونی دووەمی 1970 وەفدێکی حکومەت بە سەرۆکایەتی فەریق حەردان تکریتی ھاتنە ناوپردان، حەردان داوای لە بارزانی کرد نامەیەکی تایبەت بۆ ئەحمەد حەسەن بەکر بنووسێ و تکای لێ بکات بۆ بەڕەڵڵاکردنی تاھیر یەحیا، کە لە کۆشکی نیھایە گیرابوو»، ساڵی 1971 لە کوێت بەعسییەکان حەردانیان تیرۆر کرد».

مام جەلال لە بەشی یەکەمی دیداری تەمەندا دەڵێت: «لە دوای کودەتای بەعسییەکان لە 8ی شوباتی 1963 بوومە نوێنەری پارتی و بارزانی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تازەی بەغدا، ئەوەبوو چوومە بەغدا و چاوم بە تاھیر یەحیا کەوت، کە ئەو کات سەرۆک ئەرکانی جەیش بوو، پێم گوت، بۆچی مەجلیسی قیادەی سەورە کەسی کوردی تێدا نییە؟ گوتی شتی وانییە، چۆن کوردی تێدا نییە، ئەی من چیم، من کوردم. ئینجا دواتر دەرکەوت بەڕەگەز کورد بوو»، لە جێگایەکی تری ھەمان بەشدا، تاڵەبانی باسی ئەوە دەکات بەر لەوەی سەردانی قاھیرە بکات، چاوی بە ناوبراو کەوتووە و یەحیا گوتوویەتی: "من خۆم بە دۆست ئەزانم، من خۆم کوردم، عەبدولناسریشم خۆشدەوێت، من لەگەڵ ئەم حکومەتە نیم، لەگەڵ نەھجیان نیم".

ناوبراو بە نھێنی رستەیەکی زارەکی بە تاڵەبانی لەبەر کردووە، رایسپاردووە کە بە جەمال عەبدولناسری ڕابگەینێت «دەسەڵاتی تازەی بەعس لە عێراقدا نیەتی لەگەڵ عەبدولناسر و کوردا باش نییە».

لە دوای کودەتای بەعسییەکان لە تەممووزی 1968 ھێزێکی سەربازی ھەڵدەکوتێتە سەر ماڵی تاھیر یەحیا، زۆر بەنه‌شیاوی دەستگیری دەکەن، رقی گەورەی بەعسیەکان لەناوبراو دەگەڕێتەوە بۆ تشرینی 1963 ئەو کاتەی تاھیر یەحیا پاڵپشتی کودەتاکەی عەبدولسەلام عارف دەکات لە دژی بەعسییەکان و لادانی حەرەس قەومیەکان.

فەیاز مۆزان، ئەندامی قیادەی مەرکەزی حیزبی شیوعی عێراق لەکتێبی «النهاية في البداية» زۆر بە وردی باسی رۆژانی ئەشکەنجە و کوشتن لە کۆشکی نیهایه‌ دەکات، بێلایەنانە وەسفی کەس و گۆشە گۆشەی رووداوەکانی ناو زیندان دەکات، ناوی گیراوەکان، سەر بە چ لایەنێک بوون؟ کێ خۆڕاگربوو؟ کێ لاواز بوو؟ باسی سکرتێری حیزبی شیوعی ئەو کاتی عێراق - قیادەی مەرکەزی- عەزیز ئەلحاج دەکات، چۆن لە ترسی ئەشکەنجە نھێنیەکانی حزبی باس کردووە و ناوی زۆر لە ھاوڕێکانی خەباتی نھێنی ئاشکرا کردووە، باسی فەرماندەی فرقەی دووی کەرکووك لەکاتی شۆڕشی ئەیلوول، لیوا ئیبراھیم فەیسەڵ ئەنساری دەکات، کە دواتر بووەتە سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق، لە یادەوەرییەکانی سەرۆک بارزانیدا، زۆر ناوی ھاتووە بەوەی لە نێوان ساڵانی 1961 - 1975  فەرماندەیی زۆربەی شەڕ و کوشتار و تاوانەکانی کوردستانی کردووە.

مۆزان دەڵێت: "ئەنساری لە تاوی ئەشکەنجە و ئازارەکانی جەستەیدا، بەچاو بەستراوی و دەستبەستراویەوە، لەسەر کورسییەک پڕ بەدەنگی ھاواری دەکرد، سەرم تەقی، سەرم تەقی، فریام کەون، من ئیبراھیم فەیسەڵ ئەنساریم، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق"، ناوبراو مامی تاوانباری ئەنفالی کورد فەریق نزار خەزرەجیە و ھەر بە تەکلیفی ئەویش، سەددام ساڵی 1979 ئەنساری ئازاد دەکات.

ھەر لەدرێژەی یادەوەرییەکانیدا، مۆزان باسی کەسایەتی ناوداری سووننەکانی عێراق، شێخ عەبدولعەزیز بەدری دەکات و دەگێڕێتەوە: "شێخ بەدری ئەشکەنجەیەکی زۆر درابوو، ھەموو گیانی خوێن بوو، بەچاو بەستراوی داوای ئاوی کرد، جەلادەکە پێی گوت یاشێخ دەمت بکەوە ئاوم بۆ ھێناوی، ئەویش کە دەمی کردەوە، بە چەرخ ناو دەمی سووتاند و شێخ ھاواری لێھەڵسا: حسبي الله ونعم الوكيل حسبي الله ونعم الوكيل. دواتر لە ڕۆژێکی زستاندا، لە پێش پانکە، بە جەستەیەكی تەڕەوە، لە ژێر ئەشکەنجە گیانی لەدەستدا".

یەکێک لە گرنگترین کارەکتەرەکانی ناو رۆمانەکەی مۆزان، تاھیر یەحیای سەرۆک وەزیرانی عێراقە و دەڵێت: ڕۆژێک شیوعییه‌کیان ھێنا لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا، ھاوڕێ شیوعیەکە پێڵاوێکی جزمەی لاستیکی لەبەر بوو، دوای دوو رۆژ لە مردنی بۆ سووکایەتی پێکردن جزمەکەیان لە پێی سەرۆک وەزیران تاھیر یەحیا کرد و گاڵتەیان پێدەکرد، زۆر بەخراپی زەلیل و سووکیان دەکرد، بە جۆرێک کردبوویانە بەرپرسی تیمێک لە وەزیرە رەفیقەکانی خۆی بۆ پاککردنەوەی تەوالێتەکانی کۆشکی نیھایە و ئەمریان پێدەکرد، ئەگەر بەدار لە وەزیرە ھاوڕێکانی نەدات، ئەوان زۆر بەخراپی سزای دەدەن، چەندین جاریش لێیاندا، ناویاننابوو ئەبو فەرھود، واتە گەندەڵ، کەچی لە کاتی لێکۆڵینەوە، یەک دینار گەندەڵیشی لەسەر ئیسپات نەبوو.

فەیاز مۆزان لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا دەڵێت: "وێنەکە ھەمووی لە فیلمێکی تراژیدی سینەمایی دەچوو، ھەمووان رووت پێخواس، لاواز و سەر رووت". عەزیز ئەلحاج لە یادەوەرییەکانی خۆی لە بارەی رۆژانی زیندان لەگەڵ تاھیر یەحیا، دەگێڕێتەوە: "رۆژێک یەحیا زیندانی خاوێن دەکردەوە و پێی گوتم عه‌زیز تەواو، چیتر بەرگەی ئەم وەزعە ناگرم، دەتوانی شتێکم بۆ بکەی ئازارم کەمکەنەوە، ئێستا دوای ئیعتیرافەکانت لەگەڵ تۆ نەرمترن".

نووسەری ناسراوی عێراقی قاسم حەوەل، لە چیرۆکی «عەبای رەش» لە ھەمووان جوانتر وەسفی ره‌وشی سەرۆک وەزیرانی لە حەپسخانە کردووە و نووسیویەتی: "نۆ مانگ بەسەر زیندانیکردنی تاھیر یەحیا تێپەڕی، ئەوەندە ئەشکەنجە دراوە، ئێستا جەستەی ھەست بە ھیچ ئازارێک ناکات، بەیانیان زوو یەکێک تەپڵی بۆ لێدەدا و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش، فەریق تاھیر یەحیا بە دەنگی چەپڵەوە دەبێت سەما بکات، لە پاش سەماکردنیش پێویستە ھەموو ئاودەستەکانی زیندان پاکبکاتەوە، دواتر پارچە سەموونێک و لەتە پەتاتەیەکی وەکو نانی بەیانی پێدەدرێت، ھەر ڕۆژە تووشی نەخۆشیەک دەبێت، پێستی ھەمووی بۆتە بڵق و پەڵە، دیزەنتری گرتووە و خوێن دادەنیشێت، گورچیلەکانی زۆر ئازاری دەدەن، قژی بەخێرایی ھەڵدەوەرێت، گوێیەکانی گران بوونه‌، بن ھەردوو چاوەکانی رەش هه‌ڵگه‌ڕاون، ژێر قاچەکانی ھەمووی قڵیشاون و ناتوانێت بڕوات، ئێسکەکانی قاچی رایناگرن، لەسەر سک خۆی دەخشێنێت، کێشی لە سەرووی نەوەت کیلۆ بوو، ئێستا بووه‌تە کەمتر لە چل کیلۆ".

دوای بێئومێدبوون لە چارەسەرکردنی، تاھیر یەحیا ئازاد کرا، زۆری پێنەچوو کۆچی دواییکرد، لێرەدا زۆر پێویستە بڵێین: "کۆشکی نیھایە وێنەیەکی زۆر قێزەونی مێژووی دەسەڵاتی سیاسی عێراقە و بۆ مانەوەی بەعس رۆڵێکی زۆر کاریگەری گێڕا لە پاکتاوکردنی کادیرانی زۆربەی ھێز و حزبە سیاسییەکانی عێراق، بەچەپ و ڕاستەوە، بە کورد و شیعە و سووننەوە، ناسری و قەومیەکان، حزبی شیوعی بەھەردوو باڵەکەیەوە، لیژنەی مەرکەزی و قیادەی مەرکەزی و تەنانەت بەعسییەکانی سەر بەسووریاش بەدەرنەبوون لەم ھەڵمەتە".

بەڕای خۆم، ھەربۆیەش لە دوای 2003  ئەمه‌ریکییەکان بۆ دروستکردنی عێراقێکی نوێ لەنێو حزبە سیاسییەکانی عێراق، بەھەموو رەنگەکانیانەوە (جگە لە کوردستان) بەقەدەر پێویست کەسایەتی سیاسی و نیشتمانپەروەری وا راستەقینەیان دەستنەکەوت، کە رۆڵی سەرەکی بگێڕێت لە دروستکردنی عێڕاقی تازەدا، چونکە نوخبەی راستەقینەی سیاسییەکانی عێراق، زۆربەیان ئەوانە بوون، کە لە کۆشکی نیهایه‌، دووچاری پاکتاوی جەستەیی بوون و لە نێو بردران.