سه‌رۆكی نوێی ئه‌مه‌ریكا و پرۆژه‌ی كۆنی به‌هه‌رێمكردنی عێراق
له پاش هه‌ره‌سهێنانی دامه‌زراوه فه‌رمانڕه‌واییه‌كان له عێراق له (2003) و دووباره بنیاتنانه‌وه‌یان به‌سه‌رپه‌رشتی ده‌سه‌ڵاتی كاتی هاوپه‌یمانان (CPA)، له ئاستی ناوخۆیی عێراق سێ ئاراسته‌ی جیاواز بۆ دووباره داڕشتنه‌وه و گرتنه‌به‌ری فۆرم و سیسته‌م و جۆری سیسته‌می حوكمڕانی له عێراق به‌دی ده‌كرا له‌مه‌ڕ به‌رجه‌سته‌كردن و پیاده‌كردنی سیسته‌می فیدرالی له عێراق:
یه‌كه‌میان: دیدی كوردی روون و ئاشكرا داواكار و پشتگیریكاری په‌یڕه‌وی سیسته‌می فیدرالی بوو به دیاریكردنی پێكهێنه‌ری ئه‌م سیسته‌مه‌ش به دوو هه‌رێم (هه‌رێمی كوردستان و هه‌رێمی عه‌ره‌بی) وه به پرۆژه‌یه‌كی یاسایی له میانه‌ی ئاماده‌كاری بۆ ره‌شنووسی ده‌ستووری عێراق په‌رله‌مانی كوردستان به بڕیاری ژماره (27)ی ساڵی 2002 ئایدیای كوردستانی لێ به‌رجه‌سته‌كرا . ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجامی حوكمرانی دیفاكتۆی كوردستان بوو كه ویستی به ده‌ستووریی كردنی ئه‌زموونه‌كه‌ی تێدا جێگیربكات.
دووه‌میان: دیدی پارته عه‌ره‌بییه شیعه مه‌زهه‌بییه‌كان، كه له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق له پاش 2003 ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی به سه‌رۆكایه‌تی سه‌ركرده‌ی كۆچكردوویان (عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیم) بانگه‌شه‌ی بۆ پێكهێنانی هه‌رێمی شیعه ده‌كرد كه زیاتر له نۆ پارێزگای ناوه‌ڕاست و باشوور له خۆبگرێت. ئه‌م بۆچوونه‌ش بۆ عه‌ره‌بی شیعه ده‌ستكه‌وتێكی گرنگ بوو به جۆرێك له عێراق زۆرینه‌یان پێكده‌هێنا و له هه‌رێمی تایبه‌ت به خۆشیان فه‌رمانڕه‌وای ره‌ها ده‌بوون و خه‌ونی چه‌ند ساڵه‌ی دوور له ده‌سه‌ڵاتیشیان تێدا ده‌هێنایه دی.
سێیه‌مییان: دیدی عه‌ره‌بی سووننه كه عه‌ره‌بی نه‌ته‌وه‌یی و پارته ئیسلامییه‌كان نماینده‌ییان ده‌كرد، جگه له هه‌رێمی كوردستان به هه‌موو جۆرێك دژایه‌تی پێكهێنانی هه‌رێمی نوێیان ده‌كرد ته‌نانه‌ت بۆ خودی ناوچه سووننییه‌كانی ناوه‌ڕاستیش، به بیانووی پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق و دابه‌ش نه‌بوونی. ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجامی دیدی ناوه‌ندیبوون و قه‌بوڵنه‌كردنی ئه‌و واقیعه بوو كه هاتبووه دی و نه‌یانده‌توانی له هه‌رێمێكدا قه‌تیس بمێنن كه سنووره‌كه‌ی 3-4 پارێزگابێت، له‌كاتێكدا پێشتر حاكمی ره‌های ته‌واوی عێراق بوون.
پێچه‌وانه‌بوونه‌وه‌ی ئاراسته‌كان: پاش چه‌ند ساڵێك له ئه‌زموونی حوكمڕانی و گرتنه‌ده‌ستی دامه‌زراوه هه‌ستیاره‌كان له عێراق و ده‌ركه‌وتنی هه‌ژموونی پارته شیعه مه‌زهه‌بییه‌كانی دۆستی كۆماری ئێران، به تایبه‌تی له خولی دووه‌می حوكمڕانی نووری مالكی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران، له‌جێگه‌ی پشتگیریكردنی به‌هه‌رێم بوونی پارێزگاكان زۆرینه‌ی شیعه به ئاراسته‌ی دژایه‌تی كردنی هه‌ر هه‌وڵێك وه‌ستانه‌وه كه به‌و ئاراسته هه‌نگاو بنێت. له‌به‌رامبه‌ردا عه‌ره‌بی سووننه پاش بێبه‌شبوونیان له به‌شداری راسته‌قینه له حوكمدا پێچه‌وانه‌ی دیدی پێشوویان له ناچاری روویان كرده هه‌وڵی به هه‌رێمكردنی پارێزگاكانیان و له‌ده‌ستپێكدا پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، كه سه‌نته‌ره‌كه‌ی شاری تكریته، ده‌نگییان به‌رزكرده‌وه كه ویستی پێكهێنانی هه‌رێمییان هه‌یه، و دواجار به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌یان له رێككه‌وتی (27/11/2011 ) به‌فه‌رمی له چوارچێوه‌ی جێبه‌جێكردنی یاسای رێكارییه جێبه‌جێكارییه‌كانی پێكهێنانی هه‌رێم له عێراق ژماره (13)ی ساڵی (2008) داواكاری پێكهێنانی هه‌رێمی نوێ خرایه به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران. به‌ڵام به بیانووی ویستی تێكدانی ئاسایشی عێراق و كۆبوونه‌وه‌ی پاشماوه‌ی به‌عس له‌و پارێزگایه داواكارییه‌كه له‌لایه‌ن (نوری مالكی)سه‌رۆكی وه‌زیرانی ئه‌و كات ره‌تكرایه‌وه.
بایدن سه‌رۆكی نوێ و خاوه‌نی پرۆژه‌ی كۆنی به‌هه‌رێمكردنی عێراق: له ئێستادا عه‌ره‌بی سووننه له پاش زیاتر له(17) ساڵ له خاوه‌ندارێتیكردنی دیدێكی هه‌ڵه و په‌شیمان بوونه‌وه و لێی، و زیاتر له (9) ساڵ له هه‌وڵێكی شكستخواردوو، له چاوه‌ڕوانی سه‌رۆكی نوێی ئه‌مه‌ریكان بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی (بایدن) بۆ دابه‌شكردنی عێراق بۆ (3) هه‌رێم (كوردی، عه‌ره‌بی شیعه، عه‌ره‌بی سووننه) له كاتێكدا كه جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بوو پێشكه‌شی به ئه‌نجومه‌نی پیرانی كرد له رێككه‌وتی (26/9/2007) و به زۆرینه‌ی (75) ده‌نگی پاڵپشتیكار به‌رامبه‌ر (23) ده‌نگی نه‌خێر . به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی بریارێكدا خرایه‌روو كه پابه‌ندی نه‌بێت (قرار غیر ملزم)، هه‌وڵی كرده‌یی و لێكه‌وته‌كانی له رووی واقع نه‌بینرا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئایا بایدنی سه‌رۆك، خاوه‌نی هه‌مان پرۆژه‌ی بایدنی جێگری سه‌رۆك ده‌بێت؟ ئایا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌و پرۆژه‌دا له (2007) هه‌مان ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ن له 2020 ئه‌مه‌ریكا ویستی به‌دیهێنانی هه‌بێت له ناوچه‌كه‌دا؟ ئایا واقع و بارودۆخی سیاسی و هه‌ژموونی ئێستای ئه‌مه‌ریكا له عێراق هه‌مان بارودۆخی كاتی ئاماده‌كاری پرۆژه‌ی به‌هه‌رێمبوونی عێراقه له 2007؟