من کارم بەو کەسانەوە نییە کە دەڵێن "کوردستان پێویستی بە دەوڵەت نییە"

Kurd24

چەند تێبینییەك بەهۆی نووسینی بابەتی هەماهەنگیی پەکەکە و حەشدی شەعبی لە هەرێمی کوردستان، هێرش و رەخنە هەبوون. تێڕوانینم بۆ ئەو هێرش و رەخنانە بەمجۆرەیە:

ئەمڕۆ لە سەرووی هەموویانەوە ئەڵمانیا، ئینجا لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ئەوروپادا، کۆچبەرانی کورد دەژین. بەشێکی زۆر گەورە لەوانە پەیوەندیدارن بە پەکەکە/کەجەکە، هیچ نەبێت خۆشەویستیان بۆیان هەیە. پەکەکە لە وڵاتانی وەکو ئەڵمانیا، فەرەنسا، هۆڵەندا و سوید خۆیان لەگەڵ قەوارە و یاسای دەوڵەت دەگونجێنن.

هەروەها لە شوێنەکانی وەکو ئیستانبووڵ، ئیزمیر، بورسە، ئەدەنە و مێرسینیش کۆچبەری کورد دەژین. دیسانەوە زۆربەی ئەو کوردانە پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە/کەجەکە هەیە. لەوێشدا بە شێوەیەکی سروشتی پەکەکە/کەجەکە پابەندی قەوارە و یاساکانی دەوڵەتی تورکیایە. لە دیاربەکر، وان و باتمانیش هەمان حاڵەت هەیە.

بەڵام پەکەکە/کەجەکە پابەندی رێسا و قەوارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێت. دەیەوێ ئەو قەوارەیە بچووک بکاتەوە و بیشکێنێت و گوشار بخاتە سەر حوکمڕانییەکەی. ئەمە دۆخێکی پەیوەندیدارە بە هەڵوێست و هەڵسوکەوت و رۆحیەتی مرۆڤی موستەعمەرەوە. خەڵکی موستەعمەر خۆی دەگونجێنێت و ملکەچ دەبێ بۆ ئەو رێنمایی و ئاراستەکارییانەی لە دەرەوە ئاراستەی دەکرێن. بەڵام ئەگەر چینێك لە خەڵکەکەی خۆی بیەوێت دەسەڵاتێك دروست بکات، رووبەڕووی دەبێتەوە و بە کەمی دەزانێت و هەوڵی لەباربردنی دەدات. چونکە لەلایەن دەوڵەتی دەسەڵاتدارەوە وەها فێرکراوە.

وا لە خەڵکەکە دەگەیەنن، کە هەموو شتێکیان سەرەتاییە، خواردن، خواردنەوە، جل پۆشین و زمانیان هێشتا پێشنەکەوتووە و ژیانیان لە ناو جەهالەتدا بەڕێدەکەن. جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە، کە ئەو خەڵکە ناتوانن خۆیان بەڕێوەببەن. ئەم دۆخە رێك لە هەرێمی کوردستاندا هەیە. کوردستان تەنانەت موستەعمەریش نییە. هەر بۆیەش لەم رووەوە ئەم دۆخە لە کوردستان بە شێوەیەکی چڕتر دەبینرێت. دەکرێ ئەو رووداوانەی سەر لە بەیانیی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، کە لە کەرکووك روویاندا، بەمجۆرە تانوپۆ بکرێت.

هەموو ئەوانەی هێرش دەکەنە سەرم و رەخنەم لێ دەگرن، کاتێك بە پەکەکە/کەجەکە ناڵێن :''حکومەتی هەرێمی کوردستان قەوارە، یاسا و رێسای تایبەت بەخۆی هەیە و ئێوە پێویستە پابەندی بن، هێرش مەکەنە سەر پێشمەرگە، هێرش مەکەنە سەر نووسینگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان''... هەروەها ناڵێن: ''هەروەک چۆن پابەندی یاساکانی دەوڵەتەکانی وەکو ئەڵمانیا، فەرەنسا، هۆڵەندا بوویت، لێرەش پابەند بە یاساکانی هەرێمی کوردستانیش بە''، لەکاتێکدا ئەمە ناڵێن و بەلاشیدا ناڕۆن، دۆخێکی سەرسوڕهێنەرە. لە نووسینی هەماهەنگیی پەکەکە و حەشدی شەعبی لە هەرێمی کوردستاندا باس لە 8 چالاکیی پەکەکە/کەجەکە کراوە. ئەوانەی رەخنەیان لێگرتووم و هێرشیانکردووەتە سەرم، سەرنجیان نەخستووەتە سەرهیچ یەک لەمانە و وەڵامیان نەداوەتەوە. ئایا ئەمە داننان نییە بەوەی پەکەکە/کەجەکە هێرشی کردووەتە سەر پێشمەرگە و پارتی؟ ئەنجامدانی ئەو هێرشانە لەکاتێکدا، کە مەسعود بارزانی دەڵێت "ئێمە شەڕی نێوان کوردانمان حەرام کردووە"، بەتایبەتی کە بە پێداگرییەوە هەڵوێست لەسەر شەڕێکی وەها هەیە، جێی هەڵوەستەیە. (عابید گورسەس، شەڕی براکوژی یاخود رۆحی کۆبانێ؟ نەرینائازاد، 17ی کانوونی یەکەمی 2020)

هەڵبەتە دەبێت چارەسەرکرنی کێشەکانی نێوان کوردان لەسەر بنەمای دیالۆگ بێت. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بەر لە هەموو شتێک دان بە رەوایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بنرێت. بێگومان لەمیانی دیالۆگدا رەخنەی پێویست دەگیرێت.

ئەمڕۆ سوپای تورکیا لە زۆر شوێنی خاکی هەرێمی کوردستان و ناوچە سنوورییەکاندا بنکەی سەربازیی دامەزراندووە. لەکاتێکدا پەکەکە/کەجەکە پێویستە هەوڵی دوورخستنەوەیان لە ناوچەکە بدات، بە دۆزینەوەی بیانووی جۆراوجۆر زەمینەسازیی زیاتر بۆ جێگیرکردنی سوپا لە ناوچەکە دەکات. ئەمە روونە کە سوپا هەڕەشەیەکی توندە لەسەر هەرێمی کوردستان.

ئێمە باس لە یاسا و رێساکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین. ئەمە فیدراسیۆنێکە و لە نێو سنووری ئەم فیدراسیۆنەدا نابێت ئازادیی ئەنجامدانی تاوان هەبێت. ئەگەر لە نێو ئەو سنوورەدا کەسێک کوژرابێت، پێویستە فیدراسیۆن لەڕێی دادگەری، دامەزراوە، دادگاکان، پۆلیس، دادوەر، داواکاری گشتی و گرتووخانەکانییەوە تەدەخول بکات. ئەگەر نەتوانێت ئەمە بکات؛ ئەوا لەڕێی تۆماری تاوانەکان، دۆسیە و وردەکارییەوە، ئەگەرنا ناتوانرێت باس لە فیدراسیۆنێکی راستەقینە بکرێت. پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاو بەرەو رێگەی بوون بە فیدراسیۆنێکی راستەقینە بنێت…

وەکو مرۆڤێک، پشتیوانی هەموو ئەو کەس و دامەزراوە و پارتانە دەکەم کە باس لە کوردستان دەکەن و داوای کوردستانی سەربەخۆ دەکەن. من کارم بەو کەسانەوە نییە کە دەڵێن "کوردستان پێویستی بە دەوڵەت نییە"، چونکە ئەمە بۆچوونی دەوڵەتانە نەوەک بۆچوونی کوردان. گوتنەوەی ئەم بۆچوونە لەلایەن کوردانەوە بە کاریگەریی دەوڵەتان، دەستکەوت و سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئەوان. هەموو ئەو دەوڵەتانەی کوردانیان لە ژێر هەژمووندا کۆکردووەتەوە ئاستەنگ لەبەردەم دەوڵەتی کوردیدا دروستدەکەن.

زیاتر بارزانییەکان لە باشووری کوردستاندا بەرگری لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن. ئەمە دۆخێکی تازە نییە و زیاتر لە سەدەیەکە. بیرۆکە و بۆچوونی بارزانییەکان بەمشێوەیەیە. جەختکردنەوە لەسەر شێخایەتی و عەشیرەتگەری، هەروەها خۆلادان و هەولدان بۆ نەبینینی رۆحی نیشتمانیی بارزانییەکان خۆچەواشەکردنە. گوتنی ئەمانە خۆدانەپاڵ پارتی دیموکراتی کوردستان نییە، بەڵکو پشتیوانی کردنە لەم بیرۆکە و هەڵوێستە و بەهێزکردنیەتی.

لە وەقفی ئیسماعیل بێشکچیدا چ شاندی پەرلەمانتاران و چ بەڕێوەبەرانی وەقف خۆبەخشانە کاردەکەن. تەنیا بۆ من و خانەوادەکەم بڕە پارەیەکی کەم دەدرێت. جگە لەمە 2ـ3 کارمەندی دیکە هەن، کە بە مووچە و بیمە کاردەکەن، دۆخی لقی دیاربەکر بەمجۆرەیە. لقی هەولێریش وەقفێکی جیای دامەزراوە بەگوێرەی یاساکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

پارتی کە زیاتر لە سەدەیەکە لە ناو پرۆسەکەدایە، دەکرێت رەخنەی لێ بگیرێت. هەروەها دەکرێا رەخنە لە ئیسماعیل بێشیکچی و وەقفەکەشی بگیرێت. روون و دیارە من چیم کردووە و چۆنم کردووە. ئەوەی کە وەقفەکەشمان کردوویەتی زۆر روونە. داهات و تێچووی دیارە و ئاشکرایە... ''فەرمانبەری مووچەخۆری بارزانی!"... ئەمە تۆمەتبەخشین و لەکەدارکردنێکی بێ مانایە.

لە سەرەتای ئەم بابەتەدا نووسیومە کە بەهۆی نووسینی هەماهەنگیی پەکەکە و حەشدی شەعبی رەخنە و هێرشی زۆر کراوەتە سەرم. نووسین و پەیامیش هەبوون کە بەرگرییان لە من کرد. سوپاسی ئەو هاوڕێیانە دەکەم.