زنجیرەیەك تەقینەوە بەغدایان هەژاند

لە ئاكامى زنجیرەیەك تەقینەوەيه‌ك، له‌ شوێنە گشتییەكان و یەكە ئەمنییەكان لە شارى بەغدا 18 كەس گیانیان لەدەستدا.

K24 – ھەولێر

لە ئاكامى زنجیرەیەك تەقینەوەيه‌ك، له‌ شوێنە گشتییەكان و یەكە ئەمنییەكان لە شارى بەغدا 18 كەس گیانیان لەدەستدا.

رۆژى چوارشه‌ممه‌ (10-6-2015) ئاژانسى هەواڵدەرى "ئەسوشێیتد پرێس" بڵاويكرده‌وه‌، زنجيره‌يه‌ك ته‌قينه‌وه‌ له‌ شارى به‌غدا روويداوه‌، تەقینەوەى یەكەم، لە نزیك چێشتخانەیەكى سەر شەقامى فەلەستین لە خۆرهەڵاتى بەغدا بووه ‌و  لە ئاكامیدا 8 كەس گیانیان لەدەستدا و 20 كەسى دیكە برینداربوون، زۆرینەیان هاووڵاتى بوون.

 ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، بە هۆى تەقینەوەكەوە، ژمارەیەك ئۆتۆمبێل و فرۆشگەى نزیك لە تەقینەوەكە سووتاون و پۆلیس رێگە سەرەكییەكانى ناوچەكەى داخستووە.

ئه‌و ئاژانسه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌هه‌مانكاتدا لە گەڕەكى یوسفییەى باشوورى بەغدا، بۆمبێكى چێندراو لەسەر رێگەى كاروانێكى سەربازى هێزە ئەمنییەكان تەقییەوە و هاووڵاتییەك و 3 سەربازى عێراقى گيانيان له‌ ده‌ستدا و 8 كەسى دیكە برینداربوون.

راشيگه‌ياند دواى ئەو تەقینەوانە، دوو تەقینەوەى دیكە لە نزیك بازاڕى سەوزەفرۆشان لە خۆرئاواى بەغدا روویان دا و لە ئاكامیاندا 6 كەس گیانیان لەدەستدا و 21 كەسى دیكە بریندار بوون.

رێكخراوى داعش لە رێگەى سەرچاوە میدیاییەكانییەوە بەرپرسیارێتى سەرجەم تەقینەوە تیرۆریستییەكانى گرتووەتە ئەستۆى خۆى.