میسر دەگەڕێتەوە بۆ ئیسرائیل

دواى سێ ساڵ لە بانگ كردنەوەى بۆ قاهیرە، عەبدولفەتاح سیسى سەرۆكى میسر بڕیارى دا باڵیۆزى وڵاتەكەى بگەڕێنێتەوە بۆ ئیسرائیل.

K24 – ھەولێر

 

دواى سێ ساڵ لە بانگ كردنەوەى بۆ قاهیرە، عەبدولفەتاح سیسى سەرۆكى میسر بڕیارى دا باڵیۆزى وڵاتەكەى بگەڕێنێتەوە بۆ ئیسرائیل.

لە چوارچێوەى جموجۆڵێكى دیبلۆماسییدا، سیسى، سەرۆكى میسر بڕیارى دا حازم خیرەت، وەك باڵیۆزى وڵاتەكەى رەوانەى تەل ئەبیب بكاتەوە.

سێ ساڵ بەر لە ئێستا سەرۆكى دەست بەسەركراوى میسر، محەممەد مورسى، بالیۆزى وڵاتەكەى لە ئیسرائیل كێشابوویەوە.

دواى ئەوەى ئیسرائیل لە تشرینى دووەمى 2012دا سەركردەیەكى بزوتنەوەى حەماسى تیرۆركرد، حكومەتى میسر بڕیارى دا باڵیۆزى وڵاتەكەى لە ئیسرائیل بكێشێتەوە.

لە بەرامبەر ئەو بڕیارەدا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانى ئیسرائیل، لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانییدا، كە لەگەڵ لۆران فابیۆس، وەزیرى دەرەوەى فەرەنسا ئەنجامیدا، رایگەیاند، دەسەڵاتى میسر پێیان راگەیاندووین، باڵیۆزى وڵاتەكەیان دەگەڕێننەوە بۆ تەل ئەبیب.

میسر و ئیسرائیل لە 1979 رێككەوتننامەى دوو قۆڵییان لە نێوان خۆیاندا واژوو كردووە و بە گوێرەى ئەو رێككەوتننامەیە پەیوەندییەكانى نێوان هەردوولا ئاساییكراونەتەوە.