ناتانیاھۆ: بان كی مۆن ھانی تیرۆریزم دەدات

"فەلەستینیەكان نیو سەدەیە لە ژێر قورسایی داگیركاری و ئیفلیج بوونی رەوتی دانوستانی ئاشتیدا دەژین"

K24 – رۆژھەڵاتی ناوەڕاست:

سەرۆك وەزیری ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھۆ، سكرتێری رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، بان كی مۆنی بە ھاندانی كردەوەی تیرۆریستی تۆمەتبار كرد.

ناتانیاھۆ پێشتریش گوتبووی: "بان كی مۆن ئاماژەی بە فەلەستینییەكان كردووە و گوتوويەتى، ستەم لێكراوەكان بە گوێرەی سروشتی مرۆڤ دۆستانەیان بە دژی داگیركاری ھەڵوێست نیشاندەدەن".

ھاوكات بان كی مۆن لە وتارێكیدا لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ھێرەشەكانی ئەم دواییەی فەلەستینییەكانی بۆ سەر ئیسرائیلییەكان مەحكوومكرد.

زیاتر لە 155 فەلەستینی، 28 ئیسرائیلی لە مانگی 10ی 2015 وە تا ئێستا گیانیان لەدەست داوە.

ناتانیاھۆ گوتی: "گوتەكانی سكرتێری رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان تیرۆریستەكان زیاتر ھاندەدات. كردەوەی تیرۆریستی ھیچ پاساوێكی نییە".

لە سەرەتای ئەم ھەفتەیەدا، لە شارۆچكەیەكی ئیسرائیل، ژنێكی تەمەن 24 ساڵ لە لایەن چەند گەنجێكی فەلەستینییەوە درایە بەر چەقۆ و كوژرا.

ئیسرائیل رایگەیاندووە: "زۆربەی ئەو فەلەستینیانەی لەو ماوەیەدا كوژراون، ھێرشبەر بوون و بە چەقۆ چەندین ھاووڵاتی فەلەستینیان كوشتووە، ژمارەیەكیشیان لە میانەی تێكھەڵچوونەكاندا گولە پێكاونی".

بان كی مۆن گوتیشی: "فەلەستینیەكان نیو سەدەیە لە ژێر قورسایی داگیركاری و ئیفلیج بوونی رەوتی دانوستانی ئاشتیدا دەژین".

بان كی مۆن ئەوەشی خستەڕوو: "ھەر وەكوو بە درێژای مێژوو دەركەوتووە، سرووشتی مرۆڤ جۆرێكە دژی داگیركاری ھەڵوێست دەنوێنێت و خاكەكەشی دەبێتە ناوەندێك بۆ گەشەی رق و تووندڕەوی".

بان كی مۆن وێڕای مەحكوومكردنی، ھێرشی ئەم داوییانەی فەلەستینییەكان، گوتبووی: "بەرنامەی شارسازی ئیسرائیل بەڵێنی ئەو وڵاتە بۆ دامەزراندنی وڵاتێكی فەلەستینی دەخاتە ژێر پرسیارەوە".

گفتوگۆی ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل بە نێواگيری ئەمریكا ساڵی 2014 شكستی ھێنا.