یەپەگە داوای هەڵوێست لە ئەمەریکا دەکا...

تورکیا پشتگیری دەسپێشخەرییەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکا

K24-هەولێر

 

یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) ڕایگەیاند کە لەماوەی یەک هەفتەدا لەلایەن سووپای تورکیاوە بۆردومان کراون و داوا لە ئەمەریکا دەکات لە بەرانبەردا هەڵوێستی هەبێت، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش داوا لە پەکەکە دەکات ئەو ناوچانە جێ بهێڵێ کە تورکیا بۆردومانیان دەکاتە سەر.
لە بەیاننامەیەکدا کە دوێنێ شەممە (1.8.2015) بڵاویان کردەوە، یەکینەکانی پاراستنی گەل ڕای دەگەیەنن کە ئەگەرچی پێشتریش ئاشکرایان کردووە کە بەشێک نین لەو ڕووداو و پێکدادانەی لە سەر سنووری تورکیا لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) ڕوو دەدات، بەڵام حکوومەتی ئەنقەرە سوورە لەسەر ئەوەی بیانپێکێت. یەگەگە داواش لە “هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان لە دژی داعش” دەکات کە هەڵوێستی ڕوونی خۆیان سەبارەت بەو بۆردومانکردنە بخەنە ڕوو.
لە کۆتایی مانگی ڕابردوو داوودغڵوو، سەرۆک وەزیرانی تورکیا هەڵمەتێکی وڵاتەکەی دژی تیرۆر ڕاگەیاند کە بریتی بوو لە بە ئامانجگرتنی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، ئەمەش ئەگەرچی پشتیوانیی نێودەوڵەتی لێ کەوتەوە، ناڕەزایی هاووڵاتیان و حزبە کوردستانییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا. لە میانەیاندا، دوێنێ شەممە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی ئەو بۆردومانانەی کرد کە تورکیا بە بیانووی بە ئامانجگرتنی پەکەکە، کردبوویە سەر گوندی زاکلی لە ڕواندوز( 116 کیلۆمەتر لە هەولێر دوورە).
لە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا داواش لە پەکەکە دەکات کە هەرێمی کوردستان جێ بهێڵن و مەیدانی شەڕەکەیان بگوازنەوە، تاوەکوو هاووڵاتی سڤیل لە دەرئەنجامی ئەو شەڕەدا نەبنە قوربانی، داواشی لە هەردوولا کردووە (پەکەکە و تورکیا)، بگەڕێنەوە بۆ پرۆسەی ئاشتەوایی. بەرپرسێکی باڵای تورکیاش بە “ڕۆیتەر”ی گوتووە کە وڵاتەکەی ئامادەیە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات و دەستپێشخەرییەکەی بەهەند وەرگرتووە.