جۆن كیرى وڵاتانى كەنداو دڵنیا دەكاتەوە

جۆن كیرى، وەزیرى دەرەوەى ئەمریكا، لە قۆناغى دووەمى گەشتەكەیدا بۆ خۆرهەڵاتى ناوەڕاست گەیشتە قەتەر

 

K24- هه‌ولێر

جۆن كیرى، وەزیرى دەرەوەى ئەمریكا، لە قۆناغى دووەمى گەشتەكەیدا بۆ خۆرهەڵاتى ناوەڕاست گەیشتە قەتەر، بە مەبەستى دڵنیا كردنەوەى وڵاتانى كەنداو سەبارەت بە رێككەوتنى ناووكى ئەمریكا و ئێران.

ئێوارەى رۆژى یەكشەممە (02-8-2015) ، جۆن كیرى گەیشتە قەتەر و لەگەڵ گەورە بەرپرسانى ئەو وڵاتە كۆبوویەوە.

كیرى لە كۆتایى هەفتەى رابردوو، سەردانى قاهیرەى پایتەختى میسرى كرد و سەبارەت بە پرسى بەهێزكردنى ئاسایش و پاراستنى سەقامگیرى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست لەگەڵ سەرۆكى میسر كۆبوویەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، لە دەوحەى پایتەختى قەتەر، وەزیرى دەرەوەى ئەمریكا لەگەڵ وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى ئەندامى ئەنجوومەنى هاریكارى كەنداو كۆبوویەوە.

مەبەستى سەرەكى كۆبوونەوەكە، دڵنیا كردنەوەى وڵاتانى عەرەبییە لەو رێككەوتنە ناووكییەى وڵاتانى گرووپى پێنج كۆ یەك لەگەڵ كۆمارى ئیسلامى ئێران واژوویان كردووە.

رۆژى 14ى تەمموزى 2015، لە شارى ڤیەننا، هەر یەك لە كۆمارى ئیسلامى ئێران و وڵاتانى ئەندامى هەمیشەیى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى و ئەڵمانیا كە بە گرووپى (5+1) ناسراوون، لە بارەى پرسى ناووكى ئێرانەوە رێككەوتنێكیان واژوو كرد.

بڕیارە گەشتەكەى وەزیرى دەرەوەى ئەمریكا بۆ خۆرهەڵاتى ناوەڕاست تا رۆژى (08-8-2015) بەردەوام بێت.

خاڵى جیاكەرەوەى گەشتەكەى ئەمجارەى جۆن كیرى ئەوەیە، كە سەردانى ئیسرائیل ناكات، لە كاتێكدا ئەو وڵاتە زۆرترین نیگەرانى سەبارەت بە رێككەوتنى ناووكى ئێران و وڵاتانى (5+1) دەربڕیوە.

سەرچاوە: AP