لە قەوقاز شەش چەكدارى ئیسلامیى كوژران

دەزگا ئەمنییەكانى رووسیا رایانگەیاند، لە پرۆسەیەكى سەربازیى هێزە تایبەتییەكانى رووسیا لە ناوچەى نالچیك لە كاباردینۆى هەرێمى قەوقاز شەش چەكدارى سەر بە گرووپە ئیسلامییە نەیارەكانى حكومەتیى مۆسكۆ كوژراوون.

 

K24- هه‌ولێر

 

دەزگا ئەمنییەكانى رووسیا رایانگەیاند، لە پرۆسەیەكى سەربازیى هێزە تایبەتییەكانى رووسیا لە ناوچەى نالچیك لە كاباردینۆى هەرێمى قەوقاز شەش چەكدارى سەر بە گرووپە ئیسلامییە نەیارەكانى حكوومەتى مۆسكۆ كوژراوون.

لیژنەى نیشتیمانی رووسیا بۆ بنبڕكردنى تیرۆر، لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، هێزێكى تایبەتیى سوپاى رووسیا رووبەڕووى گرووپێكى چەكدار بوونەتەوە، كە لە ناوچەى نالچیك خۆیان لە شوقەیەكدا حەشار دابوو.

هەروەها هاتووە: "لە كۆتایى رووبەڕووبوونەوەى نێوان هەردوولادا، توانراوە ئەو شەش چەكدارە بكوژن، كە لە شوقەكەدا خۆیان حەشار دابوو".

لیژنەكە ئەوەشى خستووەتەڕوو، ئەوان پێش كردەوە سەربازییەكە ویستوویانە دانووستاندن لەگەڵ ئەو گرووپەدا بكەن و رازییان بكەن، خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەكان بكەن، دواى چەند سەعاتێك لە وتوێژ، بەڵام گرووپەكە ئامادە نەبوونە خۆیان رادەستی هێزە تایبەتەكە بكەن و بەو هۆیەوە شەڕ و پێكدادان هاتووەتە ئاراوە.

لە ناوچەكانى سنوورى قەوقاز، بە تایبەتى لە داغستان و چیچیان، هێزە ئەمنییەكانى حكوومەتى رووسیا رۆژانە كردەوەى سەربازی بۆ لەناوبردنى یاخیبووان و گرووپە و رێكخراوە چەكدارییە ئیسلامییەكان ئەنجام دەدەن.

رۆژى یەكشەممە (02-8-2015)، لیژنەى نیشتیمانیى رووسیا بۆ بنبڕكردنى تیرۆر، بڵاویكردەوە، هەشت چەكدارى ئیسلامییان كوشتووە، كە پێشتر بەیعەتیان دابووە خەلیفەى رێكخراوى دەوڵەتى ئیسلامى (داعش) لە عێراق و سووریا.

حكوومەتى رووسیا ئەوەشى پشتڕاست كردووەتەوە، هەزاران گەنجى ناوچەكانى سنوورى قەوقاز بۆ پەیوەنديكردن بە رێكخراوى داعشەوە لە ماوەى یەك ساڵى رابردوودا روویان لە عێراق و سووریا كردووە.

سەرچاوە: AFP