ئه‌ڵمانيا: سه‌ربازه‌كانمان له كوردستان سه‌لامه‌تن

K24 – هه‌ولێر
له چه‌ند رۆژى رابردوودا، چه‌كدارانى داعش له ميحوه‌رى مه‌خمور بۆمبى كيمياييان له دژى هێزى پێشمه‌رگه به‌كارهێناوه و حكومه‌تى ئه‌ڵمانياش رايگه‌ياند، ئه‌و راهێنه‌ره ئه‌ڵمانيايانه‌ى له كوردستانن سه‌لامه‌تن.
وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌ڵمانيا له راگه‌يه‌ندراوێكدا، ئاشكرايكردووه، ئه‌و سه‌رباز و راهێنه‌ره ئه‌ڵمانيايانه‌ى بۆ هاوكاريكردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان ره‌وانه كراوون، پارێزراوون و تووشى هيچ كێشه‌يه‌ك نه‌بوونه‌ته‌وه و گيانيان سه‌لامه‌ته.
وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌ڵمانيا ئه‌وه‌شى دووپاتكردووه‌ته‌وه، كه له كاتێكدا هێزه‌كانى پێشمه‌رگه رووبه‌ڕووى داعش بوونه‌ته‌وه، له ميحوه‌رى مه‌خمور (باشوورى خۆرئاواى هه‌ولێر)، به هۆى به‌كارهێنانى چه‌كى كيمياييه‌وه ژماره‌يه‌ك پێشمه‌رگه بريندار بوون.
هه‌روه‌ها روونيكردووه‌ته‌وه، ئه‌و گازه كيمياييه له رێگه‌ى تۆپبارانكردنى سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه‌وه به‌كارهاتووه و هێشتا به وردى سه‌رچاوه‌ى به‌كارهێنانى نه‌زانراوه.
پێشتريش له مانگى ئازارى رابردوودا، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياندبوو، چه‌كدارانى داعش له دژى هێزى پێشمه‌رگه گازى خنكێنه‌رى كلۆريان وه‌ك چه‌ك به‌كارهێناوه.
به گوێره‌ى په‌يمانى قه‌ده‌غه‌كردنى به‌كارهێنانى چه‌كى كيميايى له ساڵى 1997، به‌كارهێنانى گازى كلۆر له بوارى جه‌نگ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى چه‌كدارييدا قه‌ده‌غه كراوه.