قه‌شه‌يه‌ك مشك و مار ده‌رخواردى شوێنكه‌وتووانى ده‌دات

K24 – هه‌ولێر
قه‌شه‌يه‌ك له باشوورى ئه‌فريقيا، له سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه بووه‌ته جێى مشت‌ومڕ له بريتوريا، چونكه ئه‌و قه‌شه‌يه له خوێندنى سرووته ئاينييه‌كان كاروره‌فتارى "سه‌يروسه‌مه‌ره" ئه‌نجام ده‌دات.
ئه‌و قه‌شه‌يه، شوێنكه‌وتووه‌كانى ناچار ده‌كات، مشك و مار و قژى يه‌كدى بخۆن، هه‌روه‌ها به‌سه‌ر جه‌سته‌ياندا هاتووچۆ ده‌كات.
خه‌ڵكى ناوچه‌ى بريتوريا، گه‌يشتوونه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ى ئه‌و ره‌فتارانه‌ى قه‌شه‌كه هيچ بنه‌مايه‌كى ئاينييان نييه و هه‌ر بۆيه هه‌ڵيان كوتاوه‌ته سه‌ر كڵێسه‌كه‌ى و ئاگريان تێ به‌رداوه.
قه‌شه‌كه ناوى "پينوێڵ مه‌نگونى"يه و خۆى وا به خه‌ڵك ناساندووه، كه "بوونه‌وه‌رێكه له هه‌ساره‌يه‌كى ديكه‌وه هاتووه‌ته سه‌ر زه‌وى".
ئه‌و قه‌شه‌يه سه‌رۆكايه‌تى تائيفه‌يه‌كى كريستيانى ئينجيلى ده‌كات و كڵێسه‌كه‌شيان ناو ناوه "كڵێسه‌ى رۆژى دوايى" و له گه‌ڕه‌كى سوشانگۆف، له باكوورى خۆرئاواى بريتوريا درووستيان كردووه.
له سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه، باس و خواسى ئه‌و قه‌شه‌يه بووه‌ته جێى بايه‌خى لاپه‌ڕه‌ى يه‌كه‌مى رۆژنامه‌كانى باشوورى ئه‌فريقيا.
"مه‌نگونى" په‌يڕه‌وكاره‌كانى رووت ده‌كاته‌وه و بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كات، له‌و رێگه‌يه‌وه له "تاوان پاك ده‌بنه‌وه".
هه‌روه‌ها به پێ به‌سه‌ر جه‌سته‌ياندا ده‌ڕوان و له‌سه‌ر پشتيان راده‌وه‌ستێت و پێيان ده‌ڵێت ده‌بێت كلێنكسى خۆپاككردنه‌وه به تامى چوكلێت بخۆن.
كڵێسه‌كه، ئه‌و ره‌فتارانه‌ى قه‌شه‌كه به "په‌ڕجۆ" وه‌سف ده‌كات و به "شانازييه‌وه" له لاپه‌ڕه‌ى خۆى له تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى فه‌يسبووك وێنه‌كانى بڵاو ده‌كاته‌وه.
له ته‌مموزى رابردوودا، پۆليس ئه‌و قه‌شه‌يه‌ى بانگ كردووه و ئاگادارى كردووه‌ته‌وه، كه نابێت چيديكه مامه‌ڵه‌ى خراپ له‌گه‌ڵ گيانله‌به‌راندا بكات.
سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى وێنه و به‌ڵگه له‌به‌رده‌ستدا بوو بۆ ئه‌وه‌ى بسه‌لمێنرێت ئه‌و قه‌شه‌يه به زيندوێتى مار و مشك و جورجى ده‌رخواردى خه‌ڵك داوه، به‌ڵام پۆليس ئه‌وى ئازاد كرد، به پاساوى نه‌بوونى به‌ڵگه‌ى پێويست.
رۆژى 9ى ئاب، ژماره‌يه‌ك له دانيشتوانى ناوچه‌كه كۆبوونه‌وه و هه‌ڵيانكوتايه سه‌ر خێوه‌تگه و كڵێسه‌ى قه‌شه‌كه و ده‌يانويست ده‌ستگيرى بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى مشك و مارى پێ بخۆن، به‌ڵام ئه‌ويان ده‌ست نه‌كه‌وت و بێ سڵ كردنه‌وه له هيچ شتێك خێوه‌ت و كڵێسه‌كه‌يان سووتاند.