فوئاد حوسێن: يه‌كشه‌ممه بڕگه ناكۆكه‌كان يه‌كلايى ده‌كرێنه‌وه
– هه‌ولێر
دواى كۆتايى هاتنى پێنجه‌م كۆبوونه‌وه‌ى نێوان پێنج لايه‌نه‌كه، له كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆدا له‌سه‌ر 13 بڕگه رێككه‌وتوون.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (26.8.2015) فوئاد حسێن، سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان له كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانى كه په‌يامنێرى (K24) له‌وێ بووه، رايگه‌ياند: "كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى نێوان پێنج لايه‌نه‌كه، پارتى، گۆڕان يه‌كێتى، يه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ، زۆر باش بوو، هه‌موو لايه‌نه‌كان له‌سه‌ر 13 بڕگه رێككه‌وتن كه په‌يوه‌ندى هه‌بوو به ياساى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و راپۆرته‌ى كه له‌په‌رله‌مان پێشكه‌ش كرابوو".
روونيشى كرده‌وه، كۆمه‌ڵێ بڕگه‌ى ديكه ماون تاوه‌كوو لايه‌نه‌كان له‌سه‌ريان رێككبكه‌ون، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش رۆژى يه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو كۆبوونه‌وه‌يه‌كى ده‌كه‌ين، بۆ ئه‌وه‌ى بڕگه ناكۆكه‌كان يه‌كلايى بكه‌ينه‌وه.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به به‌شداريكردنى پێكهاته‌كان له كۆبوونه‌وه‌ى يه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوودا، گوتى: "ئه‌م كۆبوونه‌وه‌يه بڕيارێكى ديكه‌ى دا ئه‌ويش بانگهێشتكردنى نوێنه‌رى پێكهاته‌كانى كوردستانه وه‌ك نوێنه‌رى توركمان، مه‌سيحيه‌كان و ئه‌و حزبانه‌ى له په‌رله‌مانن، ئه‌وانيش له كۆبوونه‌وه‌ى داهاتوو به‌شدار ده‌بن".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "يه‌كێ له بڕگه‌كان تايبه‌ت بوو به ده‌سه‌ڵاتى هێزه چه‌كداره‌كان، گفتوگۆى له‌سه‌ر كرا، بڕياردرا هه‌ر لايه‌نێكى سياسى بگه‌ڕيته‌وه بۆ لاى سه‌ركرده‌كانى خۆيان و كۆتا پێشنيازى خۆيان بێنن و له‌كۆبوونه‌وه‌ى داهاتوودا گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌كرێ".
له‌باره‌ى ميكانزمى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان، روونى كرده‌وه، "تا ئێسته نه‌گه‌يشتوونه‌ته هيچ ئه‌نجامێك".
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستى ئه‌مه‌ريكا به مانه‌وه‌ى سه‌رۆك بارزانى گوتى: "ئه‌مه‌ريكا له رێگه‌ى شاندى ئه‌مه‌ريكاوه بوو به‌شداريان كرد له كۆبوونه‌وه‌ى پێنج لايه‌نه‌كه و هه‌ڵوێستيان روون بوو، له پشتگيريكردنى مسعود بارزانى، بۆ مانه‌وه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان".
ساڵی 2005، مه‌سعوود بارزانی، له په‌رله‌مانی كوردستان وه‌كوو یه‌كه‌م سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ هه‌ڵبژێردرا و له ساڵی 2009 به ده‌نگی خه‌ڵك متمانه‌ى پێبه‌خشرا.
له‌و كاته‌دا هه‌ندێ لایه‌ن داوایان ده‌كرد بارزانی دوای ته‌واوبوونی خولی دووه‌م، له پۆسته‌كه‌ی لابچێت، به‌ڵام له ساڵی 2013 بەپێی داوایەکی پەرلەمانتارانی ئەو خولە کە لە 30ی حوزەیرانی هەمان ساڵ بەرزکرابووەوە، داواکرابوو مەسعوود بارزانی دوو ساڵی دیكه لە سەرۆکایەتی هەرێم بمێنێتەوە.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌نجومه‌نى شوراى هه‌رێمی كوردستان بڕیاریداوه، بارزانى له پۆسته‌كه‌یدا تا دوو ساڵی دیكه بمێنێته‌وه.
به‌مه‌به‌ستى گه‌يشتن به يه‌كلاكردنه‌وه‌ى پرسى سه‌رۆكايه‌تى، ئه‌مڕۆ پێنج لايه‌نه‌كه (پارتى، گۆڕان، يه‌كێتى، يه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ) له هۆڵى سه‌عد عه‌بدوڵڵادا كۆبوونه‌وه‌و له‌سه‌ر 13 بڕگه رێككه‌وتوون.