سبه‌ى توركيا بڕيار ده‌دا

Kurd24

K24 – ھەولێر

بڕياره‌ سبه‌ى كاتژمێر 8 به‌يانى 26ـــه‌مين خولى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى توركيا بۆ جارى دووه‌م له‌ ساڵى 2015دا به‌رێوه‌ بچێت و تاوه‌كوو 5ى ئێواره‌ به‌رده‌وام بێت.

چه‌ند زانياريه‌كى گشتى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كه‌:

  • ئەم هەڵبژاردنە بە 26ــه‌مين هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا دادەنرێت.
  • پەرلەمانی توركیا لە 550 كورسی پێك دێت و 16پارتی سیاسی و 121كاندیدی سەربەخۆ كێبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی كورسیه‌ په‌رله‌مانییه‌کان .
  • هەموو پارتێك دەبێت زیاتر لە 10% ی دەنگەكان بهێنێت كە دەكاتە 55 كورسی بۆ ئەوەی بەربەستی هەڵبژاردن ببڕێت.
  • نزیكەی 10 ملیۆن دەنگدەری كورد لە توركیادا هه‌يه‌ كە هەدەپە پێویستی ته‌نيا به‌ نزیكەی 5 ملیۆن لەو دەنگانە هەیە، بۆ تێپەڕاندنی بەربەستە هەڵبژاردنیەكە و گەیشتن بە پەرلەمانی توركیا وەك پارتێكی یەكگرتوو.
  • له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا 54 مليۆن كه‌س له ‌توركيا مافى ده‌نگدانيان هه‌يه‌.
  • . 2.867.568 ملیۆنی ئەو دەنگدەرانەش دەكەونە دەرەوەی سنوورەكانی توركیا و لە 54 دەوڵەتی جیاواز، لەرێگەی 112 ناوەندی دەنگدانەوە بەشداری پرۆسەكە دەكەن.
  • 255 هەزار پۆلیس و 130 هەزار جەندرمە ئاسایشی دەنگدەران دەپارێزن.
  • سیستەمی‌ هەڵبژاردنی‌ توركیا سیستەمی‌ نوێنەرایەتی‌ ڕێژەییە و پەیرەوی لە لیستی‌ داخراو دەكرێت، بەواتاى دەنگدەر  دەنگ بە لیست، یاخود كاندیدی‌ سەربەخۆ دەدات.
  • توركیا بەسەر چەند بازنەیەكی هەڵبژاردنیدا دابەشكراوە، هەر بازنەیەكیش زیاد لەكورسیەكی‌ بۆ تەرخان كراوە، بە گوێرەی ژمارەی‌ دانیشتوانی‌ ئەو بازنە هەڵبژاردنیە. لەئێستادا كورسیەكان بەسەر 85 بازنەی هەڵبژاردن و 81 ناوچەی جیاوازی توركیادا دابەشكراون.
  • هەر پارتێكی سیاسی لەم هەڵبژاردنەدا بتوانێت 276 كورسی بەدەستبهێنێت دەتوانێت حكوومەت دروست بكات.
  • هەر پارتێكی سیاسی بتوانێت 330 كورسی بەدەستبهێنێت دەتوانێت پێشنیازی هەمواری دەستور بكات لەرێگای ریفراندۆمەوە.
  • هەر پارتێكی سیاسی بتوانێت 367 كورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت، دەتوانێ دەستور بگۆرێت بەبێ‌ گرتنە بەری رێگەی ریفراندۆم.
  • دواى هه‌ڵبژاردن پێويسته‌ له‌ماوه‌ى 45 رۆژدا حكوومه‌ت پێكبهێنرێت.

 

دواى راگه‌ياندنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 7ى حوزه‌يرانى 2015 لايه‌نه‌كانى "ئه‌كه‌په‌، جه‌هه‌په‌، مه‌هه‌په‌ و هه‌ده‌په‌" نه‌يتوانى بگه‌نه‌ رێككه‌وتێك بۆ پێكهێنانى حكوومه‌ت، بۆيه‌ ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆمارى توركيا، كۆميسيۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركيا راسپارد بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى ديكه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێته‌وه‌.