10 مليۆن كورد مافى ده‌نگدانيان هه‌يه‌

Kurd24

K24 – ھەولێر

به‌پێى ئاماره‌ فه‌رمييه‌كانى حكوومه‌تى توركيا، ژمارەی دانیشتوانی كورد لە توركیا، بەگشتی دەگاتە نزیكەی 15 ملیۆن كەس، لەو ژمارەیەش نزیكەی 9 ملیۆنی لە 25 پارێزگاكەی باكووری كوردستان نیشتەجێن، 6 ملیۆنەكەی دیكەش لە پارێزگا توركییەكاندا ژیان بەسەر دەبەن.

ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە رێژەی سەدی دانیشتوانی توركیا دەكاتە نزیكەی 18-20%ی كۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە.

بەپێی داتاكانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا، كۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی توركیا بریتیيە لە 54 مليۆن ده‌نگده‌ر، ژمارەی دەنگدەرانی 25 پارێزگاكەی باكووری كوردستانیش بریتیە لە 9 مليۆن دەنگدەر، بەڵام سەرجەمی ئەم دەنگدەرانە بە رەگەز كورد نین.

به‌پێى ئه‌و زانياريانه‌ى ده‌ستى (K24) كه‌وتووه‌، ژمارەی دەنگدەرانی كورد لە باكووری كوردستان بە نزيكه‌ى 5 مليۆن دەنگدەر دانراوە، لەلایەكی دیكەشەوە و نزیكەی 4 مليۆن دەنگدەری كورد بونیان هەیە، ئەوانەش ئەو دەنگدەرانەن كە لە شارەكانی "ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە، بۆرسا، ئیزمیر، مێرسین، قۆنیا" دەژین، كه‌واته‌ رێژەی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی كورد لە ناوخۆی توركیادا دەكاتە 9 مليۆن دەنگدەر.

لە دەرەوەی توركیاش نزیكەی 2.867.65 دەنگدەر لە دەرەوەی وڵات ناویان تۆماركراوە، لەم ژمارەیەش نزیكەی سێیەكی كوردن، لە ئەنجامدا دەردەكەوێت كە نزیكەی زیاتر لە 10 ملیۆن دەنگدەری كورد لە هەڵبژاردنی توركیادا مافی بەشداریكردنیان هەیە.

دواى راگه‌ياندنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 7ى حوزه‌يرانى 2015 لايه‌نه‌كانى "ئه‌كه‌په‌، جه‌هه‌په‌، مه‌هه‌په‌ و هه‌ده‌په‌" نه‌يتوانى بگه‌نه‌ رێككه‌وتێك بۆ پێكهێنانى حكوومه‌ت، بۆيه‌ ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆمارى توركيا، كۆميسيۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركيا راسپارد بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى ديكه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بڕياره‌ سبه‌ى كاتژمێر 8 به‌يانى 26ـــه‌مين خولى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى توركيا بۆ جارى دووه‌م له‌ ساڵى 2015دا به‌رێوه‌ بچێت و تاوه‌كوو 5ى ئێواره‌ به‌رده‌وام بێت.