هێمن ھەورامی: پارتی لەگەڵ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوخۆیه‌

"ئامادەی گفتوگۆی بێ مەرجین"

K24- ژووری ھەواڵ
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی رایدەگەیەنێ كە حزبەكەی لەگەڵ ئاساییكردنەوەی دۆخی ھەرێمی كوردستاندایە، ھەروەھا ئامادەی گفتوگۆی بێ مەرجن لەگەڵ ھەرچوارلایەنەكە.

 

ھێمن ھەورامی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حیزبه‌ لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (K24) رایگەیاند كه‌ ئەوان وەك پارتی ئێسته‌ و پێشتریش گوتوویانە، لەگەڵ گفتوگۆی بێ مەرجن لەگەڵ ھەر چوار لایەنەكە، گوتیشی: "چۆن بە پشوودرێژی لەگەڵ چوار لایەنەكە، 9 كۆبوونەوەمان ئەنجام دا، ئێسته‌ش پارتی دیموكارتی كوردستان ئامادەیە درێژە بە كۆبوونەوەكان بدات، بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو دۆخە بدۆزرێتەوە، جەختی لەوەش كردەوە" وەك پارتی مەرجیان نییە بۆ دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ ھیچ لایەنێك، مەرجیش لە كەس قبووڵ ناكەن، پارتی لەگەڵ ئەوەییە دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە، لەسەر ئەوە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان بكرێت لەم قۆناغەدا بەرەو پێشەوە بچین و چۆن پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی كوردستان ئەكتیڤ بكەینەوە".
لە بارەی سەردانی نوێنەری وڵاتان بۆ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ھەورامی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە نوێنەری وڵاتانی ئەوروپا لە ھەولێر، لەو سەردانەدا جەختیان لەسەر ئەو خاڵە جەوھەریانە كردوە، كە پێشتر لە بەیاننامەیەك رایانگەیاندبووم ئەوان خۆیان بە دۆستی راستەقینەی خەڵكی كوردستان دەزانن، چۆن پێشتر لەگەڵ خەڵكی كوردستاندابوون لە شەڕی تیرۆر، لە ئێستە و داھاتووشدا لەگەڵ گەلی كوردستان دەبن، ئەوان پێیان خۆشە دۆخی ھەرێمی كوردستان سەقامگیرتربێت و ئاشتەوای زیاتر لە كوردستان بسەپێنرێت.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، سوپاسمان كردن بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی كردوویانە، لە نێوان پارتی و وڵاتانی خاڵی ھاوبەشی گەلێك زۆرن، ئەوەش جێگه‌ی خۆشحاڵی بوو، سوپاسی ئەوانیشمان كرد بۆ ئەو دەستپێشخەریەی كردوویانە، ئەوەشی خستەڕوو، بە نوێنەرانی وڵاتانیان راگەیاندووە، پارتی لە ھەفتەی رابردووەوە ھەڵمەتی راگەیاندن و ئاشكراكردنی بەڵگەكانی وەستاندووە، بۆ ئەوەی دۆخەكە ئارام بێتەوە.

 

ئەو گوتانەی ھێمن ھەورامی، لە میانەی ئه‌و كۆبوونەوانه‌دا بوو لەگەڵ نوێنەری وڵاتانی ئەوروپا لە ھەولێر كە ئەمرۆ یەكشەممە (15.11.2015) سەردانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتیی كوردستانیان كردبوو لە شارۆچكەی پیرمام، پێشر و لە ھەمان رۆژدا سەردانی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامیان كردبوو، بریاریشە بۆ ئاسایكردنەوەی بارودۆخی ھەرێمی كوردستان سەردانی لایەنەكانی دیكەش بكەن.