فهرهنسا.. دوو كهسى گومانلێكراو كوژران
K24- ژوورى ههواڵ
لە ھێرشێكی پۆلیسی فەڕەنسا لە باکووری پاریس بۆسەر باڵهخانهیهك، دوو كەس لە گومان لێكراوان كوژران، كە یەكێكیان ژنێكی خۆكوژ بوو.
پۆلیسی دژە تیرۆری فەرەنسا لە باكووری پاریس ئۆپەراسیۆنێكی ئەنجامدا، مەبەست لە ئۆپەراسیۆنەكە، گوایە بۆ دەستگیركردنی عەبدلحەمید ئەباعود بوو بێت كە دهگوترێت پیلانداڕێژهری ھێرشەكەی پاریس بووە.
بە گووتهى شايهتحاڵهكان، نزیكەی كاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەكاتی فەرەنسا تەقینەوەیەك ناوچەكەی ھەژاندووە و پاشان چەند دەنگێكی دیكەی تەقینەوە بیستراون.
پۆلیس ئاشكرای كردووە، رووبهڕووبوونهوهيهكى سەخت لەگەڵ كەسانی ناو باڵەخانەكەدا دروست بووە، لایەنیكەم دوو گۆمانلێكراو كوژراون كە یەكێكیان ژنێك بوو، خۆی تەقاندۆتەوە، ھەروەھا سێ كەسیش دەستگیر كراون.
لەم رووبەروبونەوەدا سێ پۆلیس و كەسێكی سڤیلیش برینداربوون.