ناتۆ به‌ڵێن ده‌دات هاوكارييه‌كانى بۆ پێشمه‌رگه‌ زياتر بكات

داواكارييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌هه‌ند وه‌رده‌گيرێت

K24 – ھەولێر

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، داوای لە ناتۆ كرد، مامەڵەیەكی چڕتر لەگەڵ پێشمەرگە بكات.

فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بەشداری لە 61 ـەمینی كۆبوونەوەی كۆمەڵەی پەیمانی ئەتڵەسی "ناتۆ" كرد و گوتارێكی پێشكەشكرد و گوتی: "ھەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی لە هەموو بوارەکانی سیاسی و ئابووری و مرۆییدا هەیە"، داواشی لە وڵاتانی ناتۆ کرد، کە لە پێناو پێکانی ئامانجە هاوبەشەکان، لە رێگەی پڕچەککردن و مەشق و راهێناندا مامەڵەیەکی چڕتر لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا بکەن، جگه‌ له‌مه‌ش هاوكاربن له‌ چارەسەرکردنی پێشمەرگە برینداره‌كان و به‌ده‌نگ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بێن.

لایەنەکان بە گشتی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانیان بەهەند وەرگرت و زۆربەى وڵاتان بەڵێنیاندا ئاستی هاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە زیاد بکەن، ئەم پەیامەش بە تایبەتی لە لایەن نوێنەرانی ئەڵمانیا و کرواتیا لە ناتۆ دووپاتکرایەوە.