پارتی و یەكێتی لەبارەی پێشنیازەكانی گۆڕان لە گفتوگۆدان "چەند پرسێكی دیكەش تاوتوێ دەكەن"

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ لە ھەولێر لەبارەی پێشنیازەكانی گۆڕان گفتوگۆیان دەستپێکرد.

بۆ چارەكردنی قەیرانی سیاسی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لایەنە سیاسییەكان لە ھەرێمی كوردستان، هەردوو شاندی دانووستكاری پارتی و یەكێتی لە لە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ھەولێر لە كۆبوونەوەدان.

هاوکات بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا شاندی یەكێتی پێشنیازەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بگەیەنێتە شاندی پارتی و ھەردوولا لەبارەی پێشنیازەکان گفتوگۆ بكەن.

بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری (کوردستان 24) لە شوێنی كۆبوونەوەكە، جگە لە گفتوگۆكردن لە سەر پێشنیازەكانی گۆڕان، هەردوو شاندی پارتی و یەكێتی چەند پرسێکی دیكە تاوتوێ دەكەن، وەك پرسی پۆستی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان و گەڕانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان بۆ نێو حكوومەتی هەرێم و ئەنجامدانی گۆڕانكاریی لە چەند پۆستێكی ئەمنیی.

دانووستانەکەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی بە یەکەم دانووستاندنی ناڕاستەوخۆی نێوان پارتی و گۆڕان ھەژمار دەكرێت، دوای دوورخستنه‌وه‌ی وەزیرانی گۆڕان و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە پۆستەکانیان.