بارزانى له‌ پێناو پێكهاته‌كاندا داواى رێككه‌وتنێكى هه‌مه‌لايه‌ن ده‌كات

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان مه‌سعود بارزانى، له‌ پێناو داهاتووى پێكهاته‌كاندا داواى رێككه‌وتنێكى هه‌مه‌لايه‌ن ده‌كات.

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان مه‌سعود بارزانى، له‌ پێناو داهاتووى پێكهاته‌كاندا داواى رێككه‌وتنێكى هه‌مه‌لايه‌ن ده‌كات.

مه‌سعود بارزانى رايگه‌ياند، "ئازادكردنی شنگال بۆ گەلی كوردستان مانایەكی سیمبولیك و مەزنی هەبوو. بۆ داعشیش شكستێكی گەورە و كاریگەر بوو. سەركەوتنەكان بە هیمەت و قوربانیدانی پێشمەرگە و پاڵپشتیی هاوپەیمانان هاتووەتە ئاراوە".

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌باره‌ت به‌ داهاتووى پێكهاته‌كان له‌ سنوورى پارێزگاى موسڵدا، به‌ پێويستى زانيى پێش رزگاركردنى موسڵ، رێككه‌وتنێكى هه‌مه‌لايه‌ن واژوو بكرێت.

له‌و باره‌يه‌وه‌ بارزانى گوتى: "پێویستە بیر لە قۆناغی دوای شکستی یەکجارەکیی تیرۆریستان بکرێتەوە، بەتایبەتی پێش ئەوەی موسڵ رزگار بکرێت پێویستە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە هەبێت، کە تیایدا مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت. جارێکیدیکە هیچ پێکهاتەیەک رووبەڕووی کارەسات نەبێتەوە".

سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕى تيرۆريش، بارزانی داوایكرد، لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جدیتر بێت. گوتيشى: "پێویستە هەموو دنیای ئازاد لە دژی تیرۆر لە یەک سەنگەردا بن".

ئه‌م قسانه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ميانه‌ى ئه‌و ديداره‌دا هاتن كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ سه‌لاحه‌دين له‌گه‌ڵ شاندێكی پەرلەمانتارانی بەریتانیا لە كۆمسیۆنی پەیوەندییەكانی دەرەوە بە سەرۆكایەتیی نەدیم زەهاوی ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا و شاندێكی دیپلۆماسی و پسپۆڕیی یاوەری، ئه‌نجاميدان.

ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، له‌ دیدارەكەدا سەرۆكی شاندەكە پیرۆزبایی سەركەوتنی هێزەكانی پێشمەرگە و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شنگالی لە سەرۆك بارزانی كرد.

هه‌روه‌ها روونيكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ شاندى ميوان بۆ بارزانى ئاماژه‌يان به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ جیهان بەچاوی رێزەوە سەیری قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات.