ئێران: خه‌ونى "عوسمانييه نوێيه‌كان" له‌بار ده‌به‌ين
K24 – ئه‌نقه‌ره:
گه‌وره راوێژكارێكى عه‌لى خامه‌نه‌ئى رێبه‌رى باڵاى ئێران ورده‌كارى هێزى سه‌ربازى ئێرانى بڵاوكرده‌وه و دژى توركياش رايگه‌ياند، خه‌ونى عوسمانييه نوێيه‌كانى نه‌وه‌ى "ئه‌تاتوورك" له بار ده‌به‌ن.
عه‌لى سه‌عيديى، نوێنه‌رى عه‌لى خامه‌نه‌ئى له سوپاى پاسداران رايگه‌ياند، كۆبوونه‌وه‌ى خامه‌نه‌ئى و سه‌رۆكى رووسيا ڤلاديمێر پۆتين له ده‌ره‌وه‌ى پرۆتۆكۆلى ديبلۆماسى نيشانه‌ى توانا و كاريگه‌رى ئێرانه له ناوچه‌كه و له ئاستيى سياسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى.
گوتيشى: "چوار وڵات له ئاستى جيهاندا كاريگه‌رييان هه‌يه، ئه‌وانيش رووسيا، ئه‌مريكا، چين و ئێرانن و ئه‌مه‌ش نيشانه‌ى به‌هێزى ئێران له جيهاندا پيشان ده‌دات".
روونيشيكرده‌وه، پێگه‌ى ئێران له رووى جيۆپۆليتيكه‌وه و هه‌ژموونى له ناوچه‌كه كه سه‌رێكى له گه‌رووى بابولمه‌نده‌ب و سه‌رێكيشى له سه‌ر ده‌رياى سپى ناوه‌ڕاسته وايكردووه، ئێران زۆرتر كاريگه‌ريى له ئاستيى سياسه‌تى نێوده‌وڵه‌تييدا به‌هێز بێت.
هه‌روه‌ها ژه‌نه‌راڵ كه‌ريم پوور، يه‌كێك له ديارترين راوێژكاره‌كانى قاسم سوله‌يمانى فه‌رمانده‌ى سوپاى پاسداران، باسى له به‌شدارى ئێران له شه‌ڕى سووريادا كرد.
ناوبراو گوتى: "تا ئێستا 188 پاسدار له شه‌ڕى سووريا كوژراون، ئه‌مه‌ش وه‌ك مه‌داليايه‌كى رێزه به سه‌ر سينگى ئێرانييه‌كانه‌وه".
سه‌باره‌ت به توانا موشه‌كى و سه‌ربازييه‌كانى ديكه‌ى ئێران، ئه‌و ژه‌نه‌راڵه روونيكرده‌وه، وڵاته‌كه‌ى 14 بنكه‌ى هه‌ڵدانى مووشه‌كى له قوڵاييه‌كانى 30 تا 500 مه‌تر له ژێر زه‌ويدا هه‌يه و به شێوه‌يه‌كى ئۆتۆماتيكى له تواناياندا هه‌يه هه‌ر ئامانجێك بپێكن له هه‌ر سه‌رچاوه‌يه‌كى هه‌ڕه‌شه‌وه بێت.
هه‌روه‌ها گوتى: "ئێران له هه‌ر 20 كيلۆمه‌ترێكى خاكى ئێران‌دا سيستمى به‌رگرى داناوه و تا ئێستا 3 هه‌زار و 500 بنكه‌ى سيستمى به‌رگرى كردوونه‌ته‌وه و بڕياريشه ژماره‌ى ئه‌و بنكانه بگه‌يه‌ندرێنه 5 هه‌زار و 500 بنكه و هه‌ريه‌ك له‌و بنكانه له توانايدايه هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى مووشه‌كى ئاسمانى و فڕۆكه‌ى جه‌نگى له‌ناو به‌رێت".
سه‌باره‌ت به كشانه‌وه‌ى هێزى ئه‌مريكا له ناوچه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ئه‌و ژنه‌راڵه ئێرانييه گوتى: "به كشانه‌وه‌ى سوپاى ئه‌مريكا ده‌توانين هه‌موو مه‌ترسييه‌كانى قاعيده و به‌ره‌ى نووسره له‌ناو به‌رين".
له باره‌ى توركياشه‌وه، گوتى: "كشانه‌وه‌ى ئه‌مريكا رێگه خۆشده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ونى گێڕانه‌وه‌ى ئيمپراتۆريه‌تى عوسمانى به سه‌رۆكايه‌تى نه‌وه‌كانى مسته‌فا كه‌مال –ئه‌تاتوورك- له‌بار به‌رين، كه ده‌يانه‌وێت هه‌ژموونيان به‌سه‌ر خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا بسه‌پێنن و سووريا رووبه‌ڕوويان بووه‌ته‌وه و خه‌ونيش به‌وه‌وه ده‌بينين به‌ره‌و ئه‌وروپاى رۆژهه‌ڵات په‌لبهاوێژن".
كه‌ريم پوور، ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كرد، ئه‌وان به فه‌توانى عه‌لى خامه‌نه‌ئى ده‌ستيان له به‌رهه‌مهێنانى چه‌كى ناووكى هه‌ڵگرتووه.
گوتيشى: "ئه‌گه‌ر ئه‌و فه‌توايه نه‌بوايه به‌رهه‌مهێنانى چه‌كى ناووكى له درووستكردنى چاويلكه‌يه‌ى دژه خۆر ئاسانتره".