رووسيا ئاسمانى ئيسرائيليشى به‌زاند
K24 – ته‌لئه‌بيب:
وه‌زيرى به‌رگرى ئيسرائيل، موشيه يه‌عالون، رايگه‌ياند، به‌م دواييانه فڕۆكه‌يه‌كى رووسيايى ئاسمانى ئيسرائيلى به‌زاندووه.
له لێدوانێكيدا بۆ راديۆى سوپاى ئيسرائيل، موشيه يه‌عالون گوتى: "فڕۆكه‌يه‌كى رووسيايى به هه‌ڵه له سوورياوه هاتبووه ناو ئاسمانى ئيسرائيل و مه‌ودايه‌كى كورت كه زياتر له يه‌ك ميل بوو، سنوورى ئيسرائيلى به‌زاندبوو، به‌ڵام هه‌ر زوو ئاگادار كرايه‌وه و چاره‌سه‌رى كێشه‌كه كرا و فڕۆكه‌كه به ئاراسته‌ى خۆي‌دا گه‌ڕايه‌وه بۆ سووريا".
هه‌روه‌ها گوتيشى: "ئه‌وه‌ى روويدا هه‌ڵه‌ى فڕۆكه‌وانه‌كه بوو، كه به ئاسمانى به‌رزاييه‌كانى جۆلاندا سووڕابوويه‌وه".
روونيشيكرده‌وه، "ئه‌وان له‌گه‌ڵ رووسيا هێڵێكى په‌يوه‌ندييان دامه‌زراندووه بۆ ئه‌وه‌ى دووربكه‌ونه‌وه له كێشه و فڕۆكه رووسياييه‌كان نايانه‌وێت هێرش بكه‌نه سه‌ر ئيسرائيل، هه‌ربۆيه ناكرێت به چاوى نه‌يارێتى دژيان بين و بيانخه‌ينه خواره‌وه".
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كرد، هه‌ريه‌ك له سه‌رۆك وه‌زيرانى ئيسرائيل، بنيامين ناتانياهۆ و سه‌رۆكى رووسيا ڤلاديمێر پۆتن، له ميانه‌ى كۆبوونه‌وه‌يان له‌گه‌ڵ يه‌كدى له مانگى ئه‌يلوولى رابردوو، بڕياريان دابوو، ئاليه‌تێك بۆ هه‌ماهه‌نگى سه‌ربازى نێوانيان دابنێن، له حاڵه‌تى ئه‌نجامدانى ئۆپراسيۆنى سه‌ربازى رووسيا بۆ سه‌ر چه‌كدارانى داعش له سووريا.