مه‌سروور بارزانیی: ده‌وڵه‌تی كوردیی داده‌مه‌زرێت
مه‌سروور بارزانیی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێ عێراق ده‌وڵه‌تێكی دروستكراوی ساخته‌یه و هه‌میشه شكستخواردوو بووه.
مه‌سروور بارزانیی له دیمانەیەکدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئه‌مه‌ریكی، ئەوەی خستووەتەڕوو کە: عێراق به درێژایی مێژوو وڵاتێكی شكستخواردوو بووه و كوردیش مافی خۆیه‌تی ده‌وڵه‌تی سه‌ربە‌خۆی هه‌بێت".
مەسروور بارزانیی دەشڵێ: "گه‌وره‌ترین گرفت ئه‌وه‌یه خۆمان له واقیعه‌كه بدزینه‌وه و له‌گه‌ڵ وه‌همدا بژین، عیراق وڵاتیكی دروستكراوی ساخته‌یه و به‌رده‌وام شكستخواردوو بووه ، راسته له سه‌ر نه‌خشه هه‌یه و سنووره‌كانی دیاریكراون، به‌ڵام ئه‌و سنوورانه سروشتیی نیین".
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئاماژەش دەکات کە: ئه‌و گه‌لانه‌ی له نێو عێراقدا ده‌ژین به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش لە نێوانیاندا نییه. له باره‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌وه ، مه‌سروور بارزانیی دەڵێ: "بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه مافی سه‌ربەخۆبوون ودیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیان هه‌یه، ته‌نیا كورد نه‌بێ؟ ئایا ئه‌مه ره‌وایه؟ تورك وئێرانیی ده‌وڵه‌تی خۆیان هه‌یه، عه‌ره‌ب خاوه‌نی 22 ده‌وڵه‌تن، ئیدی بۆ كوردیش ده‌وڵه‌تی خۆی نه‌بێت. ئێمه له‌وه زیاتر داوا ناكه‌ین و دڵنیاشین كه ده‌وڵه‌تی كوردی داده‌مه‌زرێت، به‌ڵام مه‌رج نییە بە رێگه‌ی شه‌ڕ بێ".
مه‌سروور بارزانیی كه له شارۆچکەی شنگال ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی سازکردووە، له‌باره‌ی شه‌ڕی داعش و به‌رگریی پێشمه‌رگه‌وه دەڵێ: "كورد ئه‌فسانه‌ی داعشی لەناوبرد، داعش له‌نێوده‌چێ، به‌ڵام پێویستمان به هێزی ئه‌مه‌ریكیی وچه‌ك و یارمه‌تیی سه‌ربازیی زیاتر هه‌یه".
مەسروور بارزانیی دەشڵێ: "پێشمه‌رگه شه‌ره‌ف و شكۆی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌یه . له دوای رووخانی رژێمی سه‌ددام حوسێن ئه‌مه‌ریكا بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ راهێنانی به سوپای عێراق كرد تا ببێته سوپایه‌كی پرۆفیشناڵ و چه‌ندین ملیار دۆلاریشی لێ خەرجکرد كه‌چی ده رۆژ به‌رامبه‌ر داعش خۆی پێرانەگیرا، لێره‌دا پرسیاره‌كه ئه‌مەیە كامیان پرۆفیشناڵن سوپای عێراق یان هێزی پێشمه‌رگه؟".