عێراق باڵوێزی تورکیا لە بەغدا بانگهێشت دەکات

بۆ نارەزایی دەربڕین بەرامبەر جێگیرکردنی هێزێکی تورکیا لە نزیکی مووسڵ

K24

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ باڵوێزی تورکیای فارۆق قەیمەقمچی لە بەغدا بانگهێشت کرد بۆ نارەزایی دەبڕین بەرامبەر جێگیرکردنی هێزێکی سەربازیی تورکیا لە ناوچەیەکی نزیکی شاری مووسڵ و داوای کشاندنەوەیان بکات.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "هێزەکانی تورکیا بەبێ ئاگاداریی حکوومەتی ناوەندیی عێراق هاتوونەتە نێو خاکی عێراق و بەغدا ئەم هەنگاوە بە کارێکی دژ بە خۆی دەزانێ".

بەڵام ئەحمەد داوودئۆغڵۆ، سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاند: "گۆڕینی هێزەکان کارێکی بەردەوامە و سەربازگەکە بە رێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتی عێراق دروستکراوە و ئەم سەربازگە بۆ مەشقپێکردنی هێزە خۆبەخشە خۆجێییەکان دامەزراوە بۆ نەهێشتنی تیرۆر".

سەرۆک وەزیرانی تورکیا گوتیشی: "سەربازگەکە 30 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی مووسڵەوە دوورە و نزیکەی ساڵێکە لەسەر داوای پارێزگاری مووسڵ و بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق دروستکراوە و سەربازگەکە تا ئێستا مەشقی بە دوو هەزار لە برایانمانی لە مووسڵ کردووە بۆ رزگارکردنی شارەکە لە بندەستی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی تیرۆریست".

پێشتر نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "دڵنیاین هێزێکی زریپۆشی تورکیا کە قەبارەی نزیکەی فەوجێکە (1000 بۆ 3000 سەرباز) و تانک و تۆپخانەی پێیە هاتووەتە نێو خاکی عێراق".

نووسینگەی عەبادیی ئاماژەشی کرد کە: "ئەو هەنگاوەی تورکیا پێشێلکارییەکی ترسناکە بۆ سەروەریی عێراق و لەگەڵ پەیوەندیی دەرهاوسێیی گونجاو نییە، بۆیە پێویستە ئەو هێزە کوتوپڕ لە خاکی عێراق بکشێتەوە".