سووريا له‌سه‌ر عێراق ده‌كاته‌وه‌

سووريا هێرشيكرده‌ سه‌ر توركيا و به‌ هاوكاريكردنى چه‌كدارانى داعش تۆمه‌تبارى كرد.

K24 – شام:

سووريا هێرشيكرده‌ سه‌ر توركيا و به‌ هاوكاريكردنى چه‌كدارانى داعش تۆمه‌تبارى كرد.

سووريا ده‌ڵێت:  "توركيا رۆڵێكى تێكده‌رانه‌ له‌ نێوان عێراق و سووريادا ده‌بينێت".

ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ دێت، توركيا به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت "هێزى ره‌وانه‌ى ناوچه‌كانى سنوورى پارێزگاى مووسڵ كردبێت".

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياندووه‌، ئه‌و هێزه‌ى توركيا، ته‌نيا ئه‌فسه‌رى تايبه‌ت به‌ راهێنان و مه‌شقى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ن و له‌ ساڵى رابردووه‌وه‌ له‌ سۆران و قه‌ڵاچوالان مه‌شق به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن.

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى سوورياش هاتووه‌ته‌ سه‌ر هێڵ و له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا، ده‌ڵێت: "به‌ توندى شكاندنى سه‌روه‌رى خاكى عێراق ئيدانه‌ ده‌كه‌ين و ئه‌و كاره‌ى توركيا له‌ به‌رده‌وامى رۆڵى تێكده‌رانه‌ى پارتى داد و گه‌شه‌پێدانى توركيايه‌ له‌ عێراق و سووريا".

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، دوێنێ به‌ياننامه‌يه‌كى ده‌ركردبوو و تێيدا رايگه‌ياندبوو، "وڵاته‌كه‌ى ئاگادارى هاتنه‌ ناوه‌وه‌ى سووپاى توركيا نييه و عێراق به‌ كارێكى دوژمنكارانه‌ى ده‌زانێت‌".

سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا، ئه‌حمه‌د داوودئۆغلۆ، رايگه‌ياندبوو، ئه‌و هێزه‌ له‌ سه‌ربازگه‌يه‌كى هه‌ڵكه‌وتوو له‌ دوورى 30 كيلۆمه‌تر له‌ باكوورى خۆرهه‌ڵاتى موسڵ ماوه‌ى نزيكه‌ى ساڵێكه‌ جێگيركراوون و چوونيشيان له‌سه‌ر داواى پارێزگارى موسڵ و به‌ ره‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق بووه‌.

هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه‌، سه‌رۆك كۆمارى عێراق، فوئاد مه‌عسووم، به‌ياننامه‌يه‌كى ده‌ركرد و تێيدا

رايگه‌ياند، "هاتنى سووپاى توركيا پێشێلكردنێكى روون و ديارى نه‌ريت و رێساى باو و ياسا نێوده‌وڵه‌تييه‌كانه‌".

پێشتريش، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، هاتنى ئه‌و هێزه‌ى به‌ نه‌يارێتى عێراق وه‌سفكردبوو و داوايكردبوو، به‌ په‌له‌ توركيا پاشه‌كشێ به‌ هێزه‌كه‌ى بكات.

له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و پرسه‌دا، گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، سه‌فين دزه‌يى، دوێنێ روونكردنه‌وه‌يه‌كى بڵاوكرده‌وه‌ و تێيدا رايگه‌ياند، "لە كۆتایی ساڵی رابردوودا توركیا لە سۆران و قەڵاچۆلان دوو بنكەی مەشق و راهێنانی تایبەت بە هێزی پێشمەرگە كردەوە و لە هەمانكاتدا بنكەیەكی دیكەی بۆ راهێنان بە هێزەكانی دیكەی عێراقی لە پارێزگای مووسڵ كردەوە".

هه‌روه‌ها گوتبووى: "بە مەبەستی فراوانتركردنی ئەو بنكەیەی پارێزگای مووسڵ، لەم رۆژانەدا پسپۆڕ و كەلوپەلی پێویست گەیەندراوەتە ئەو بنكەیە".