وەزارەتی شەھیدان ناوی زیندانیانی سیاسیی بڵاودەكاتەوە

"ھاوڵاتیان دەتوانن سەرنج و تێبینیان لەسەر ھەبێت"

K24- ھەولێر

وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوانی ھەرێمی كوردستان ناوی زیندانیانی سیاسیی بڵادەكاتەوە، بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان زانیاریان پێ بدەن لەسەر ناوی ئەو كەسانەی بە ناحەق مافی زیندانی سیاسییان پێدراوە.

فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتی زیندانیانی سیاسیی ناوی زیندانیانی سیاسیی لە دوو رۆژنامەی فەرمیی بڵاودەكاتەوە، بۆ ئەوەی ھەركەسێك سەرنج و تێبینی لەسەر ھەر ناوێكی زیندانی سیاسیی ھەیە بەڕێوەبەرایەتی زیندانی سیاسیی لێ ئاگاداربكاتەوە".

فوئاد عوسمان گوتیشی: ئەو كارەیان بۆ ئەوەییە ئەگەر كەسێك بە ناحەق مافی زیندانیانی سیاسیی پێدراوە بەرێوەبەرایەتی زیندانیانی سیاسیی لێ ئاگادار بكرێتەوە و ناوی ئاشكرابێت و رێوشوێنی پێویستی لە بەرامبەر بگیرێتە بەر.

بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی كاروباری شەھیدان ئەو ھەوڵەیان بۆ دەستەبەركردنی بێگەردییە لە كاری ئیداریی وەزارەتەكەیان.

بەشێک لە هاوڵاتیانی ھەرێمی كوردستان و كەسوكاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسیی بە تایبەتیی گلەیی ئەوە لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و سەركردە و بەرپرسانی حزبەكانیان دەكەن، كە ژمارەیەكی زۆر لە ھاوڵاتیان ناویان لە لیستی زیندانی سیاسیی و شەھیدان دا ھەیە بێ ئەوەی چالاكیی سیاسییان ھەبووبێ.