تەلار فایق: جارێكی دیکە گەشتە ئاسمانییەكانی ھەرێمی كوردستان راگیران

"بەهۆی ئاراستەکردنی مووشەکە لە لایەن رووسیاوە بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش"

K24

تەلار فایق، بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر رایگەیاند جارێكی دیکە گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستان بەهۆی ئاراستەکردنی مووشەک لە لایەن رووسیاوە بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش راگیران.

بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆكەوانیی مەدەنیی لە عێراق جارێكی دیکە هەردوو فڕۆكەخانەی ھەولێر و سلێمانی لە راگرتنی گەشتەكانیان ئاگادار كردەوە بەھۆی مووشەكەكانی رووسیا كە لە دەریای قەزوینەوە ئاراستەی پێگەكانی داعشی دەکات لە سووریا.

كاتژمێر 11ی شەوی رابردوو گەشتە ئاسمانییەكانی ھەرێمی كوردستان راگیراون و تاوەكوو سبەی ئەم راگیرانە بەردەوام دەبێت.

هاوکات تەلار فایق، بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی نێودەو‎ڵەتیی ھەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەربارەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی ھەرێمی كوردستان، رایگەیاند: "ئەمە دووەم جارە گەشتەكان رادەگیڕین وھیچ كەسێكیش ناتوانێ بڵێت كە بەغدا بە مەبەستەوە ئەمەی كردووە، بەڵام پرسەکە دیارە كە گەمەیەكی سیاسییە".

دەبربارەی مووشەكەكانی رووسیا كە بە ئاسمانی ھەرێمدا تێدەپەڕن بۆ سووریا، بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی نێودەو‎ڵەتیی ھەولێر گوتی: "دەبوایە بەغدا بەرامبەر ئەم پێشێڵكردنانە هەڵوێستی هەبوایە و دەبێ رووسیا ھەماھەنگیی لەگەڵ عێراق بكات یان بۆچی عێراق داوا لە رووسیا ناكات كە خشتەی كاتی ناردنی مووشەكەكان بەوان بدات؟".

ئەمە لە کاتێکدایە لە 23 مانگی رابردوو حكوومەتی عێراق بە ھەمان ھۆوە گەشتە ئاسمانییەكانی لە فرۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ 48 كاتژمێر راگرت.