باراک ئۆباما بەڵێنی لەناوبردنی داعش دەدات

K24

باراک ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا لە وتارێکدا باسی ھێرشەكەی ویلایەتی کالیفۆرنیا و ھەڕەشەی تێرۆریستان بۆ سەر ئەمریكا و رێوشوێنەکانی رووبەڕووبونەوەی تیرۆر و پاراستنی هاوڵاتیانی ئەمریکای کرد.

باراك ئۆباما، لە وتارێكدا لە كۆشكی سپی راشیگەیاند کە: ھیچ بەڵگەیەكمان لە بەردەست نییە بیسەلمێنێ كە ھێرشبەرەكانی شاری سان بێرناردینۆ لە ویلایەتی کەلیفۆرنیا بە رێنەمایی گرووپە تیرۆریستییەكانی دەرەوی وڵات ئەنجامدرابێ، تەنیا ئەوان كەوتوونەتە نێو داوی تاریكیی تونڕەویی".

ئۆباما گوتیشی کە: ئیدارەكەی ھەموو رێوشوێنێك دەگریتەبەر بۆ پارستنی ئەمریكییەكان لە ھەڕەشەی تیرۆر. و ئۆباما چوار رێگەی ستراتیژیی بۆ لەناوبردنی داعش دیاریكرد، کە بریتین لە راودوونانی چەکدارانی داعش و لە ھەر شوێن و وڵاتێك بن، لەگەڵ بەردەوامیی ئەنجامدانی ھێرشە ئاسمانییەكان لە سووریا و عیراق. ھەروەھا پێشكەشكردنی كەلوپەلی سەربازیی و مەشقپێكردنی ھەزاران سووریی و عێراقیی كە لە دژی داعش شەڕ دەكەن.

ئۆباما ئەوەشی خستەڕوو کە: ئەمریكا نابێ لە شەڕی زەمینی درێژخایەن لەگەڵ داعش تێوەگڵێ وەک چۆن داعش دەیەوێ، چونکە داعش دەیەوێ ئەو خاڵە بکاتە بیانوو بۆ ئەوەی بڵێ ئەمریکا خاکی بیانیی داگیر کردووە.

سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە داعش و ئیسلام گوتی: "داعش نوێنەرایەتی ئیسلام ناكات، ئەم رێكخراوە تەنیا گرووپێكی بكوژ و تاوانبارە و بەشێكە لە كولتووری مردن و داعش تەنیا گرووپێكی بچووكە بەرامبەر یەك ملیار موسڵمان لە جیھان كە ئایدلۆجیای داعش رەتدەكەنەوە".