حه‌ویجه.. داعش پێنج هاوڵاتیی دیكەی له‌سێداره‌دا
K24- كەركووك/ حەسەن جومعە
به‌ڕێوەبه‌ری پۆلیسی شارۆچکە و شارەدێکانی كه‌ركووك رایگەیاند شه‌وی رابردوو چه‌كدارانی داعش له شاره‌دێی عه‌باسیی سه‌ر به حه‌ویجه ژماره‌یه‌ك هاوڵاتیی مه‌ده‌نیان له سێداره‌دا.
عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی شارۆچکە و شارەدێکانی كه‌ركووك به ماڵپەڕی (كوردستان24)ی گوت: "چەكدارانی داعش شه‌وی رابردوو له شاره‌دێی عه‌باسیی سه‌ر به شارۆچكه‌ی حه‌ویجه‌ی باشووری رۆژئاوای كه‌ركووك، پێنج هاوڵاتیی مه‌ده‌نیان له سێداره داوە دواتریش ته‌رمه‌كانیان سوتاندوون".
عەمید سەرحەد گوتیشی: "داعش له سێداردان و سوتاندنی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە گوایە زانیاریان به هێزه ئه‌منییه‌كان داوه".
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە عەمید سەرحەد ئاشکرایانی کرد: ئەو ھاوڵاتیانەی كە داعش لە سیدارەی داون ناویان (عومه‌ر سالم حوسێن، ئه‌حمه‌د ته‌یب ئه‌حمه‌د، مسته‌فا خه‌ڵه‌ف سائیر، عه‌بدولڕه‌حمان عیرام، عیماد ته‌رفه حوسێن)ە".
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی شارۆچکە و شارەدێکانی كه‌ركووك ئاماژەشی کرد کە: "شەوی رابردوو فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان ناوچه‌كانی ویستگه‌ی كاره‌بای مه‌زهورییه و گه‌راجی گشتیی حه‌ویجه و گوندی به‌كارەیان بۆردوومان كردووه و 10 چه‌كداری داعش لەو بۆردوومانانە كوژراون".