پەرلەمانتارێکی کورد: بڕیاری دەوڵەتی یاسا بەسەر كورد فەڕز ناكرێت

دەوڵەتی یاسا داوای كەمكردنەوەی پشكی ھەرێمی كوردستان دەكات لە بودجە

K24- ھەولێر

ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق رایگەیاند بڕیاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەسەر كورد فەڕز ناكرێت.

لە بەرامبەر بڕیاری ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە رایانگەیاندووە دەبێ لە بودجەی ساڵی 2016ی عێراق لە بڕی 17% تەنیا 13% بودجە بۆ ھەرێمی كوردستان دیاربكرێت، ئەحمەد حاجی رەشید بە ماڵپەڕی (کوردستان24)ی راگەیاند: "بڕیاری دەوڵەتی یاسا بەسەر ئێمە وەك نوێنەرانی كورد فەڕز ناكرێت".

ئەحمەد حاجی رەشید گوتیشی: "ئەگەر ئەو بڕیارەش فەرز بكرێت ئێمە وەك نوێنەرانی كورد بەشداریی لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان ناكەین، بەڵام وەك نوێنەرانی كورد لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی پەرلەمان كار لەسەر ئەو بڕیارەی دەوڵەتی یاسا نەكات".

بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق راشیگەیاند: "ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دوو كۆبوونەوە دەكات، لە كۆبوونەوەی یەكەم سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان كۆدەبنەوە و دواتر كۆبوونەوەی ئاسای پەرلەمان بەڕێوەدەچێت".

هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق، دوێنێ رایگەیاند دەبێ پشكی كورد لە بودجەی ساڵی 2016ی عێراق بە 13% دیاربكرێت، ئەندامانی دەوڵەتی یاسا بڕیاریشیانداوە ئەگەر ئەوە نەكرێت رێگە نادەن بودجە پەسەند بكرێت.