كه‌سایه‌تییه‌كی ناسراو پێیوایه ریال مه‌درید خاوه‌نی تیپ نییه
K24 ـ ژووری هه‌واڵ
ئه‌ریگۆ ساكی ڕاهێنه‌ری ئیتاڵی و شیكه‌ره‌وه‌ی وه‌رزشی له لێدوانێكدا بارودۆخی یانه‌ی شاهانه‌ی ئیسپانیا شرۆڤه ده‌كات و ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه ڕیال مه‌درید خاوه‌نی یاریزانی ئه‌ستێره‌یه، به‌ڵام خاوه‌نی تیپ نییه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 16 دیسه‌مبه‌ری 2015، ئه‌ریگۆ ساكی ته‌مه‌ن 69 ساڵان له لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامه‌ی La Gazzetta dello Sportـی ئیتاڵیا ده‌ڵێت: "ڕافائێل بێنیتێز نه‌یتوانیوه وێنه‌یه‌كی جوان له شوێنی ئه‌نچیلۆتی پێشكه‌ش بكات."
ئه‌ریگۆ ساكی له وه‌رزی 2004 ـ 2005 به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشی یانه‌ی ڕیال مه‌درید بووه، ئه‌و پێیوایه یانه‌ی شاهانه جۆرێك له په‌رته‌وازه‌ییان پێوه دیاره و ناتوانن به‌شێوه‌یه‌كی باش به كۆمه‌ڵ یاریی بكه‌ن، زیاتر پشت به توانای تاكه‌كه‌سی ده‌به‌ستن، ئه‌مه‌یش زۆرجار شكستی گه‌وره‌ی لێكه‌وتۆته‌وه.
ساكی ده‌شڵێت: "ڕیال مه‌درید خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك یاریزانی ئاستباڵایه، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی ئه‌و ڕاهێنه‌ره ئیسپانییه له شوێنی راهێنه‌ره ئیتاڵیاییه‌كه ده‌ستبه‌كاربووه نه‌یتوانیوه یانه‌كه‌ی له ڕووی جه‌سته‌یی، ده‌روونی، ته‌كتیك و ته‌كنیكه‌وه ڕاسته‌ڕێ بكات."
ئه‌ریگۆ ساكی پێشتر وه‌ك یاریزان له هێڵی به‌رگری یاریی كردووه و له نێوان ساڵانی 1991 تا 1996راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئیتاڵیا بووه، هه‌روه‌ها ڕاهێنانیشی به یانه‌كانی (پارما، میلان، ئاتڵێتیكۆ مه‌درید)ـیش كردووه، ئێسته‌یش یه‌كێك له دیارترین شرۆڤه‌كارانی وه‌رزشییه له جیهاندا.