حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رۆژه‌كانى پشوو ديار ده‌كات

پشووه‌كان دوو رۆژه‌

K24- هه‌ولێر

گوته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌بۆنه‌ى رۆژى له‌دايك بوونى هه‌ردوو پێغه‌مبه‌ره‌كانى ئاينه‌كانى ئيسلام و مه‌سيح، رۆژه‌كانى پشووى ديارى كرد.

ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 20ى كانونى يه‌كه‌م/ديسه‌مبه‌رى 2015، سه‌فين دزه‌يى، گوته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، رايگه‌ياند، به‌بۆنه‌ى رۆژى له‌دايك بوونى پێغه‌مبه‌رى ئيسلام رۆژی چوارشەمە 2015/12/23 كە دەكاتە رۆژی 12ی رەبیعولئەوەل، لەسەرجەم فەرمانگە و دامودەزگا حكومیەكان پشووی فەرمیە.

روونيشى كردووه‌ته‌وه‌، رۆژی 2015/12/25 كە دەكاتە رۆژی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح، ئەگەرچی دەكەوێتە رۆژی هەینی و لەسەرجەم دامودەزگاكانی حكوومەت پشووی فەرمیە،  رۆژی پێنج شەمە 2015/12/24، دەبێتە پشووی فەرمی، و لەبارەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاشەوە، ئەوان بە پێی خشتەی پشووەكانی خۆیان كار لەسەر ئەم پشووانە دەكەن و خۆیان دیاری دەكەن.