239 کەس لە شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوونەتە قوربانیی مین

28 یان ژیانیان لەدەستداوە

K24

تەقینەوەی مین لە دوو ساڵی رابردوودا تەنیا لە شارۆچکەی قەسری شیرین لە رۆژھەڵاتی كوردستان 28 كوژراو و 208 برینداری لێكەوتووەتەوە.

نیعمەتوڵڵا نازپەروەردە، جێگری قایمقامی قەسری شیرین لە پارێزگای کرمانشان، رایگەیاند: "لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 وە تائێستا، 23 كەس لە قەسری شیرین بەھۆی تەقینەوەی ئەو مینانەی كە لە شەڕی ھەشت ساڵەی ئێران و عێراق لە ناوچەکە ماونەتەوە، گیانیان لەدەستداوە".

بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە: زۆربەی قوربانیانی تەقینەوەی مین لە قەسری شیرین ھەوارچیی و شوان و ھێزە چەكدارەكانن.

نازپەروەردە گوتیشی: ئەمساڵ لە پرۆسەی پووچەڵكردنەوەی مینە چێنراوەكانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، تەنیا لە قەسری شیرین 9000 مین پووچەڵكراوەتەوە.

بەپێی ئامارەكان زیاتر لە 20 ملێون مینی پووچەڵنەكراوە لە 0006 ھێكتار زەویی ئێراندا ماونەتەوە.

چوار پارێزگای رۆژھەڵاتی كوردستان کە بریتین لە (ورمێ، سنە، ئیلام وكرماشان) و پارێزگای خوزستان لە ئێران زۆرترین رێژەی زەوی مینڕێژكراویان ھەیە.

تا ئێستا ئێران بەڵێنامەی (ئۆتاوا)ی واژۆ نەكردووە، بە گوێرەی ئەو بەڵێننامەیە پێویستە وڵاتان 10 ساڵ دوای شەڕ سەرجەم زەوییەكانیان لە مین و پاشماوەكانی شەڕ پاكبكەنەوە.