چین.. گه‌نجینه‌یه‌كی دراوی زێڕين ده‌دۆزرێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
ئاژانسی هه‌واڵی "شینخوا"ی چینی بڵاویكرده‌وه، گرووپێك دۆزه‌ره‌وه‌ی چینی، 285 پارچه دراوی زێڕ له‌سه‌ر گۆڕی یه‌كێك له خانه‌دانه‌كانی خێزانی هان له رۆژئاوا ده‌دۆزنه‌وه، كه ساڵانی (206 پ.ز – 24ز) له‌وێدا ژیاون.
شين لى شيانگ، به‌ڕێوه‌به‌ری گرووپه‌كه رایگه‌یاند، ئه‌وه گه‌وره‌ترین دۆزینه‌وه‌یه له‌سه‌ر گۆڕه‌كان، به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر گۆڕه‌كانی خێزانی هان له رووی دۆزینه‌وه‌ی پارچه دراوی زێڕینه‌وه.
ئه‌و پارچه دراوه زێڕینانه، له‌سه‌ر گۆڕی یه‌كه‌م میری لی های هۆن دۆزراونه‌ته‌وه، كه ناوی میرنشینێكی بچووكه و ده‌كاته شاری نان چانگی ئێستا له پارێزگای جیانگ شی رۆژهه‌ڵاتی چین.
يانگ جیۆن، به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژه شوێنه‌وارییه‌كان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كێشه‌ی هه‌ر پارچه‌یه‌ك له‌و دراوه زێڕێنانه 250 گرام ده‌بێت و پێشتریش 189 پارچه‌ی دیكه له نزیك شوێنه‌كه دۆزراوه‌ته‌وه.
دراوه‌كان له‌ناو سندووقی دارینی رێك دانراون و به گوێره‌ی لێدوانی شاره‌زایان، پێده‌چێت ئمپراتۆر وه‌ك دیاری بۆ میرنشینی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ناردبێت.
هه‌ندێك له شاره‌زایانیش له‌و بڕوایه‌دان، گۆڕه‌كه هى "لی ووزا" بێت، كه نه‌وه‌ی ئیمپراتۆر "وو" بووه و نازناوی "های هۆنهۆ"ی لێنراوه و ته‌نها دوای 27 رۆژ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات لادراوه.