گه‌شتێك به ميدياى عه‌ره‌بييدا.. رومادى له رزگاربوونى نزيكدهبێتهوه
K24 – هه‌ولێر:
عه‌بادی به‌ڵێنی گرتنه‌وه‌ی موسڵ ده‌دات له ده‌ستی داعش
له‌گه‌شتی ئه‌مڕۆی رۆژنامه عهربیيهكان و چه‌ند رۆژنامه و چاپكراوێكی جیهانی، جه‌نگی رومادی و كوشتنی زه‌هران عه‌لوش به‌رپرس له "جه‌یشی ئیسلام" له سوریا و ئاماده‌كاری بۆ هاتنی سوپای توركیا بۆ باكوری شاری موسڵ، گرنگترین بابه‌تی رۆژبوون.
هاوكات له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونی جه‌نگ له رومادی، سایتی CNNبڵاوی كرده‌وه، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ڵێنی داوه به گرتنه‌وه‌ی شاری موسڵ دوای سه‌ركه‌وتنیان له كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاری رومادی له ده‌ستی داعش.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، سیستانی گه‌وره مه‌رجه‌عی شیعه له عێراق داوایكردووه، ده‌ستبكرێت به دووباره نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌كه‌ونه ده‌ست سوپای عێراق.
سایتی فرانس24، بڵاويكردووه‌ته‌وه، هێزه‌كانی سوپای عێراق پێشڕه‌ویان كردووه به‌ره‌و ناوه‌ڕاستی شاره‌كه و ته‌نیا 300 مهترێكیان ماوه بگه‌نه كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌رمانگه حكومیيهكانی ئه‌و شاره.
سایته‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، گرتنی كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌رمانگه‌كان به‌واتای كه‌وتنی ده‌سه‌ڵاتی داعش دێت له‌وشاره.
هه‌روه‌ها سایتی فرانس 24، باسی به‌ربه‌سته‌كانی پێشڕه‌وی سوپای عێراقی كردووه له‌وانه بۆمبه چێندراوه‌كان و قه‌نناس به‌ده‌سته‌كانی داعش بۆیه پێشڕهویيهكانی سوپای عێراق خێرا نین، سه‌ره‌ڕای پشتیوانی فڕۆكه جهنگيیهكانی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژى داعش.
هه‌روه‌ها سایتی ئه‌لجه‌زیره نێت هه‌واڵێكی به‌ناونیشانی "سوپای عێراق به زه‌حمه‌ت پێشڕه‌وی ده‌كات" بڵاوكردووه‌ته‌وه و له‌هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه، به‌هۆی بوونی شه‌ڕوپێكدادانی توندوتیژ، پێشڕهویيهكان خێرانین و سوپای عێراق به‌ربه‌ستی زۆری وه‌كو بۆمبه چێندراوه‌كانی له‌به‌رده‌م دایه.
كورژرانی زه‌هران عه‌لووش سه‌ركرده‌ی گرووپی چه‌كداری "جه‌یشی ئیسلامی"، بابه‌تێكی دیكه‌یه و سایت و چاپه‌مه‌نیه عه‌ره‌بی و جیهانیه‌كان گرنگیان پێداوه.
له‌ڕاپۆرته هه‌واڵێكدا ماڵپه‌ڕى دوێتچه‌ڤێله‌ى ئه‌ڵمانیا سه‌باره‌ت به كوشتنی ئه‌و سه‌ركرده ئیسلامیيه، ئاماژه‌ی كردووه به‌وه‌ی عه‌لووش سه‌ركرده‌ی گروپێكی چه‌كداری ئیسلامیيه و جیاوازی هزری هه‌یه له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش و رێكخستنی قاعیده و ئه‌و سه‌ركرده‌یه به‌رپرسی دیارترین گرووپی ئیسلامیيه له ریزه‌كانی ئۆپۆزيسیۆنی سوریادا.
سایتی رۆیته‌رز له‌هه‌واڵێكیدا رایگه‌یاندووه، هێرشى ئاسمانيی فڕۆكه‌كانی رووسیا و وه‌شاندنی زیاتر له 10 بۆمب بۆ سه‌ر باره‌گای نهێنی "جه‌یشی ئیسلامی" له‌سووریا كوژرانی زه‌هران عه‌لووشی لێكه‌وتۆته‌وه.
هاتنی سوپای توركیا بۆ باكووری موسڵ بابه‌تێكی دیكه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجی رۆژنامه و بڵاوكراوه‌كانه.
هه‌ندێك له رۆژنامه‌كان پێیان وایه ئامانج له‌هاتنی سوپای توركیا ته‌نیا بۆ پاراستنی ئه‌و ژماره راهێنه‌ره سه‌ربازیيه نیه، كه راهێنان به سوپای عێراقی ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌و گۆڕانكاریيه نێوده‌وڵه‌تیه‌ی له ناوچه‌كه ده‌گوزه‌رێ، چه‌ندین ئامانجی دیكه‌ی ستراتیژی له‌پشته‌وه‌یه.
سایتی فرانس 24 له هه‌واڵێكدا بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ئه‌مینداری كۆمكارى وڵاتانی عه‌ره‌بی هاتنی سوپای توركیا بۆ ناو عێراق به پێشێلكردنێكی روونی یاسای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ژماركردووه.
له‌كۆتایی مانگی رابردوودا 2015 چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازی سوپای توركیا هاتنه نزیك باشیقه‌ی باكوری شاری موسڵ. به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ئه‌و راوێژكاره سه‌ربازیانه‌ی راهێنان به سوپای عێراقی ده‌كه‌ن له جه‌نگی دژی داعش، به‌ڵام به‌غدا ئه‌و هه‌نگاوه‌ی توركیای به پێشێلكاری سه‌روه‌ری عێرقی له‌قه‌ڵه‌مداوه.