فڕۆكەكانی توركیا ناوچە سنوورییەكانی سیدەكان بۆردومان دەكات

فڕۆكە جەنگیيەكانی توركیا بە پاساوى بوونی باره‌گاكانى پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) جارێكی دیكە ناوچە سنوورییەكانی سنووری شارۆچكەی سیدەكانیان بۆردمانكرد.
K24 – سيده‌كان:
فڕۆكە جەنگیيەكانی توركیا بە پاساوى بوونی باره‌گاكانى پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) جارێكی دیكە ناوچە سنوورییەكانی سنووری شارۆچكەی سیدەكانیان بۆردمانكرد. 
پەیامنێری كوردستان24، لە سۆران رایگەیاند، "شەوی رابردوو ژمارەیەك فڕۆكەی جەنگی توركیا بە بیانووی بوونی گەریلاكانی پەكەكە لە سنوورەكە، دەروبەری گوندی لۆلان و چیای خواكوڕك و بێركمیان لە ناوچە سنوورییەكانی شارۆچكەی سیده‌كان بۆردومان كرد".
گوتیشی: "لە ئێستادا ئەو ناوچانە چۆڵن و كەسیان تێدا نیە، بەڵام بۆردومانەكان دەبنە ھۆی زیان گەیاندن بە رەز و باخی ھاوڵاتیان".
لە بارەی زیانی گەریلاكانی پەكەكەش گوتی: "تا ئێستا ھیچ زانیارییەك بە فەرمی و نافەرمی بڵاو نەكراوەتەوە".
 
چەندین ساڵە بەشێك لە ناوچە سنوورییەكانی ھاوبەش لەگەڵ توركیا و ئێران، بە ھۆی بوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لەو شوێنانە، لە لایەن ھەردوو وڵاتی توركیا و كۆماری ئیسلامی بۆردومان و تۆپباران دەكرێن، وێڕاى زيانه‌ گيانييه‌كان، زیانى زۆر بەر ژینگە و رەزوباخی گوندنشین  و جوتیارانيش كه‌وتووه‌.