رۆژنامه‌وانه‌ ئه‌مريكاييه‌كه‌ له‌ زيندانى ئێڤين ئاهه‌نگى كريسمس سازده‌كات

جەیسۆن رەزاییان لە زیندانی ئێڤین جەژنی كریسمەسی لەگەڵ بنەماڵەكەی بەڕێكرد.
K24 - تاران:
ئێران رێگەی بە جەیسۆن رەزاییان پەیامنێری بەندكراوی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستى ئه‌مريكايى دا، سه‌رى ساڵ و ئاهه‌نگى كريسمس لەگەڵ بنەماڵەكەی لەناو زیندانی ئێڤیندا به‌سه‌ر به‌رێت.
ئاژانسی ھەوڵدەری ئه‌سۆشێيتدپرێس، بڵاویكردووه‌تەوە، دایكی جەیسۆن رەزاییان لە ئیمەڵێكدا بۆ ئەو ئاژانسە ئاشكراییكرد، دوای ھەوڵێكی زۆر، بەرپرسانی زیندانی ئيڤینی تاران رێگەیان پێداون، دوێنێ بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك كوڕەكەیان ببینن و رۆژی كریسمەس لەگەڵ كوڕەكەیان به‌سه‌ربه‌رن.
بەڕێوەبەری كارگێڕی، رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، مارتین بارۆن لە بەیەننامەیەكدا، خۆشحاڵی خۆی بۆ دیداری جەیسۆن و بنەماڵەكەی لە رۆژی يادى لەدایكبوونی مه‌سيح/يه‌سوع دەربڕی و رایگەیاند، "552 رۆژ بەسەر ژیانی تراژيدی ئەو پیاوە بێتاوانه‌ تێپەری".
گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، غوڵام حوسێن ئێژەیی، رایگەیاندووە، "حوكمی رەزاییان دەرچووە، بەڵام بە فەرمی رانەگەیەنراوە، رەنگە زیندانی بكرێت، بەڵام تائێستا دیار نییە".
بەرپرسە باڵاكانی ئه‌مریكا، رێكخراوی مافی مرۆڤ و رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بەردەوام داوای ئازادكردنی رەزاییان دەكەن، نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكانیش لە بەیاننامەیەكدا داوای ئازادكردنی ئەو رۆژنامەنووسەی كردووە.
جەیسۆن رەزاییان ھاووڵاتییەكی به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك ئێرانی و هه‌ڵگرى ره‌گه‌زنامه‌ى ئەمریكاییە، زیاتر لە 500 رۆژ لەمەوبەر بە تۆمەتی سیخوری لەئێران دەستبەسەر كراوە.