كارته‌ر: رزگاركردنى روومادى هه‌نگاوێكى گه‌وره‌يه‌

"سه‌ركه‌وتنى سوپاى عێراق له‌ روومادى هه‌نگاوێكى گه‌وره‌يه‌ بۆ كۆتايهێنان به‌ داعش".

K24 – واشنتن:

وه‌زيرى به‌رگرى ئه‌مريكا، ئاشتۆن كارته‌ر، رايگه‌ياند، سه‌ركه‌وتنى سوپاى عێراق له‌ روومادى هه‌نگاوێكى گه‌وره‌يه‌ بۆ كۆتايهێنان به‌ داعش.

سوپاى عێراق سه‌ركه‌وتنى يه‌كجاره‌كى خۆى له‌ پرۆسه‌ى رزگاركردنى شارى روومادى له‌ خۆرئاواى عێراق راگه‌ياند و ئه‌و هه‌واڵه‌ش له‌ ئاستى ناوچه‌كه‌ و جيهاندا كاردانه‌وه‌ى به‌دواى خۆيدا هێنا.

له‌ سه‌روبه‌ندى كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى رووماديدا، خه‌ليفه‌ى داعش ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى له‌ وتارێكدا داواى له‌ چه‌كدارانى كرد، به‌رده‌وام بن له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هێزه‌ ئه‌منييه‌كان و هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى له‌ دژى داعش.

شارى روومادى له‌ ئايار/ مايۆى 2015، له‌ لايه‌ن چه‌كدارانى داعشه‌وه‌ داگيركرابوو.

سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق حه‌يده‌ر عه‌بادى رايگه‌ياندووه‌، هه‌نگاوى داهاتووى سوپاى عێراق، ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى رزگاركردنى مووسڵ ده‌بێت.

له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا، وه‌زيرى به‌رگرى ئه‌مريكا ئاشتۆن كارته‌ر گوتى: "ده‌ركردنى چه‌كدارانى داعش له‌ لايه‌ن هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى عێراقه‌وه‌ هه‌نگاوێكى گرنگ و گه‌وره‌يه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هه‌ڵمه‌تى فراوانى شكستپێهێنانى چه‌كدارانى داعش".

له‌ به‌ياننامه‌كه‌يدا، كارته‌ر ئه‌وه‌شى راگه‌ياندووه‌، "گرنگ ئه‌وه‌يه‌ له‌ ئێستاوه‌ هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى عێراق پارێزگارى له‌ ئاسايش و ئارامى شارى روومادى بكه‌ن و رێگه‌ نه‌ده‌ن نه‌ چه‌كدارانى داعش و نه‌ هيچ چه‌كدارێكى ديكه‌ى توندڕه‌و بچنه‌وه‌ ناو شاره‌كه‌وه‌ و كاريش بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ن پرۆسه‌ى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى هاووڵاتييان به‌ شێوه‌يه‌كى ته‌ندرووست ئه‌نجام بده‌ن".

سه‌رچاوه‌: رۆيته‌رز.