لاهور شێخ جەنگی: پارتی و یەکێتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن ڕێککەوتوون

لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانی "بەرەی گەل"
لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانی "بەرەی گەل"

K24 - هەولێر

لاهور شێخ جەنگی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بەسەرچوونی وادەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە مانگی تەمووز، ئەستەمە ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. دەشڵێت، پارتی و یەكێتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەکە ڕێککەوتوون.  

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09-05-2024، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانی "بەرەی گەل" لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووسانی لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکەی دایەوە.

لە وەڵامی پرسیاری "ئایا ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت؟" لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوە کرد، "بەهۆی بەسەرچوونی وادەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەمانگی تەمووز، ئەستەمە ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت. بۆ ئەوەی ماوەی کارکردنەکەی درێژ بکرێتەوە، پێویستە پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردن هەموار بکاتەوە، ئەگەر ئەمە بکرێت شتێکی باش دەبێت، بەڵام بە ڕای من ئاسان نابێت".

لاهور شێخ جەنگی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕەخنەی لە بەرپرسانی ئێستای یەکێتی گرت و گوتی، "دەبووایە ئەوان (بەرپرسانی ئێستەی یەکێتی) خەڵک چەواشە نەکەن، چونکە من ئاگاداربووم بەشێک لە یەکێتی بە تایبەتی کاک قوباد،  لەگەڵ برایانی پارتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن ڕێککەوتووە".

وەکو ئەوەی سەرۆکی هاوپەیمانی "بەرەی گەل" باسی کرد، ئەگەر بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی ئاگاداری ڕێککەوتنی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەبێت، "ئەمە عەیبەیەکی گەورەیە، ئەگەر ئاگاداریش بێت و خەڵکیان چەواشە کردبێت، ئەمەش عەیبەیەکی ترە".

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند، "ئێران و تورکیا دوو وڵاتی گرنگن و پێویستە هەرێمی کوردستان لەرێگەی گفتوگۆوە کێشەکانیان لەگەڵ چارە بکات".

ئەم لێدوانانەی لاهور شێخ جەنگی لە کاتێکدان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 10-06-2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کردووە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری داوە بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسییەکەی کۆتای پەرلەمانی کوردستان و "دەستێوەردانی دەرەکی و ئامادەکردنی دیزاینی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەکە" بەشداریی پرۆسەکە نەکات.

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا سکاڵایەکی لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد و داوای کرد فەرمانێکی بەپەلە "ئەمری وەلائی" دەربکرێت بە مەبەستی ڕاگرتنی بڕگەی تایبەت بە سیستمی تۆمارکردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ ڕۆژی سێشەممە، 07-05-2024، دادگاکە لە بەرژەوەندیی مەسرور بارزانی بڕیاری دەرکرد و جێبەجێکردنی بڕگەکەی ڕاگرت تا ئەو کاتەی سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە.

دوابەدوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق؛ جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە شێوەیەکی فەرمی تەواوی ڕێکارەکانیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕاگرتووە تا ئەو کاتەی سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە.