سعووديه‌ هيواى ئێرانى بڕى و ئه‌لنمرى له‌سێداره‌ دا

K24 – رياز:

وه‌زاره‌تى ناوخۆى عه‌ره‌بستانى سعووديه‌ به‌ فه‌رمى هه‌واڵى له‌سێداره‌دانى 47 كه‌سى به‌ تۆمه‌تى "تيرۆر" راگه‌ياند و ئاشكراشيكرد، نمر ئه‌لنمر، كه‌ يه‌كێك بوو له‌ كه‌سايه‌تييه‌ ئاينييه‌كانى مه‌زهه‌بى شيعه‌ له‌ ريزى له‌سێداره‌دراوه‌كاندايه‌.

بە لەسێدارەدانی كه‌سايه‌تييه‌كى ئاينيى مه‌زهه‌بى شیعە لە سعوودییە، ناكۆكێی نێوان شیعە و سوننە گەیشتە ئەوپەڕی خۆی و كۆماری ئیسلامی و شیعەكانی ناوچەكە دژایەتیی توندیان دژ بە سعوودیە دەربڕی.

بە گوێره‌ راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی سعوودییە، ئايه‌توڵڵايه‌كى شیعە بە ناوی "شێخ نمر باقر ئه‌لنمر"، لەگەڵ ئەو 47 كەسە دایە كە لە لایەن دادگای ئەو وڵاتەوە حوكمی لە سێدارەدانیان بۆ دەركرابوو.

كۆماری ئیسلامی بە توندی دژی لە سێدارەدانی نەمر ده‌وه‌ستايه‌وه‌ و بەردەوام داوای لە سعوودیە ده‌كرد، لە سێدارەی نەدات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی، حسێن جابر ئەنساری رایگەیاند، ئاشكرایە ئەنجامی ئەو سیاسەتە خەسیو و نابەرپرسانەیەی سعوودییە، ئەنجامدەرانی دەگرێتەوە و سعوودییە بەرەو رووی سزای توندی ئەو سیاسەتەی دەبێتەوە.

ئایەتووڵڵا ئەحمەد خاتەمی پێشنوێژی هەینیی تاران گوتی: "دوای ئەو لەسێدارە دانە، شیعەكانی سعوودییە رۆژی روون لە دەستەڵاتی ئەو وڵاتە دەكەنە شەوەزەنگ".

ئایەتوڵڵا نووری هەمەدانی، یەكێك لە مەرجەعه‌كانی شیعە لە شاری قوم گوتی: "دژایەتیكردنی ئەو كارەی سعوودیە تەنیا لە ئێراندا سنووردار نابێت و وڵاتانی عێراق،  لوبنان و هەموو شیعەكانی جیهان دژی ئەو لەسێدارەدانە دەوەستنەوە".

ئایەتووڵڵا ناسر مەكارم شیرازی یەكێكی دیكە لە مەرجەعەكانی ئێران گوتی: "ئەگەر كەسانێك تا ئێستا دوودڵ بوون، له‌وه‌ى سعوودییە ناوەندی فیتنە و تەكفیرە، ئیتر جێگەی گومانێك نەماوەتەوە و ئێمە بەتوندی ئەو كارە مەحكووم دەكەین و دڵنیاین تۆڵەی دەكرێتەوە".

محەممەد سەیهوود، پەرلەمانتەری لیستی دەوڵەتی یاسای عێراقیش له‌و باره‌يه‌وه‌ رايگه‌ياندووه‌، "لەسێدارەدانی نمر ئه‌لنمر ئاگرێكی گەورە لە ناوچەكە دەنێتەوە".

نمر باقر ئه‌لنه‌مر، ساڵی 2012 بە تۆمەتی سازكردنی خۆپيشاندان دژی دەسەڵاتی سعوودیە دەستگیر كرا. كەسووكاره‌كه‌ى، دوومانگ لەمەوبەر هەواڵی حوكمەكەی دادگایان پشتڕاستكردبوويه‌وە.