عه‌بادی: تووشی شۆك بووم
K24 - به‌غدا:
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، به بیستنی هه‌واڵی له سێداره‌دانی "نه‌مر ئه‌لنه‌مر" له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی سعوودیه تووشی شۆك بووه.
له سێداره‌دانی "نه‌مر ئه‌لنه‌مر"ی شیعه ئایینزا و به‌رهه‌ڵستكاری ده‌سه‌ڵاتدارانی سعوودیه، كه پله‌ی ئایه‌توڵڵای هه‌یه، كاردانه‌وه‌ی جیاوازی له ناوه‌ند و وڵاته شیعییه‌كانه‌وه به‌دوای خۆیدا هێنا.
حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات كه به‌بیستنی هه‌واڵه‌كه تووشی شۆك بووه و راشیگه‌یاند سیاسه‌تی چه‌وساندنه‌وه و قه‌بوڵنه‌كردنی جیاوازییه‌كان هیچی لێ شین نابێت و ته‌نها كاولكاری بۆ گه‌لان و حكوومه‌ته‌كانی به‌دوادا دێت.
له راگه‌یه‌ندراوێك كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه، عه‌بادی ده‌ڵێت: "به‌داخ و په‌ژاره‌و شۆكه‌وه هه‌واڵی جێبه‌جێكردنی سزای له‌سێداره‌دانی شێخ نه‌مر ئه‌لنه‌مرمان پێگه‌یشت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی سعوودیه‌وه".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: "ئازادی راده‌ربڕین و به‌رهه‌ڵستكاری ئاشتییانه، دوو مافی سه‌ره‌تایین له مافه‌كانی مرۆڤ و یاسا نێوده‌وڵه‌تی و شه‌ریعه‌تی ئاسمانیش رێگایان پێداوه، پێشێلكردنی ئه‌و مافانه ده‌بێته هۆی تێكچوونی ئارامی و سه‌قامگیری و هه‌ڵته‌كاندنی كۆمه‌ڵگه و گه‌لانی ناوچه‌كه".
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ر 2016، وه‌زاره‌تی ناوخۆی سعوودیه، جێبه‌جێكردنی سزای له سێداره‌دانی به‌سه‌ر 47 كه‌سدا راگه‌یاند و یه‌كێك له‌وانه "نه‌مر باقر ئه‌لنه‌مر"ی پیاوی ئایینی شیعه‌كانی سعوودییه‌یه و پله‌ی ئایه‌توڵڵای هه‌یه، سه‌رپه‌رشتی خۆپیشاندانه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی سعوودییه‌ی كردووه له دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته له ساڵی 2012.