له ئێران يه‌كه‌م كاردانه‌وه به‌رامبه‌ر به سعووديه پيشاندرا
K24 – تاران:
دوای لەسێدارەدانی شێخ نمر باقر ئه‌لنمر لە لایەن سعوودیه‌وە، شەوی رابردوو لە تاران ھێرشكرایە سەر باڵوێزخانەی سعودیه و دواتر خۆپيشاندەران باڵوێزخانەكەیان سوتاند.
چەند كاتژمێر دوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵی ھێرشكردنە سەر باڵوێزخانەی سعوودیه، فەرماندەی پۆلیسی تاران حسێن ساجدی‌نیا رايگەیاند، چەند كەسێك دەستبەسەر كراون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆش پۆلیسی تاران رایگەیاند، "توانیان ھێرشبەرەكان لە ناو و دەرەوەی بینای باڵوێزخانەی سعوودیه دوور بخەنەوە و شوێنەكە كۆنترۆڵ بكەن".
دوای راگەیاندنی لە سێدارە دانی شێخ نمر بەرپرسانی ئێران ناڕەزایەتیان دەربڕی.
شێخ نمر رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی سعودیه دەگرت. بۆ ماوەی 10ساڵی ته‌مه‌نى لە ئێران وانەی ئیسلامیی شیعەی خوێندبوو.
رۆژی شه‌ممه 2 كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2016 وه‌زاره‌تی ناوخۆی سعوودییه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، 47 كه‌س به‌تۆمه‌تی تیرۆر‌و چه‌ند تاوانێكی دیكه له سێداره دراون، كه یه‌كێكیان نمر ئه‌لنمره.
دوای راگه‌یاندنی له‌سێداره‌دانی ئه‌لنمر ناڕه‌زایی هاووڵاتیانی شیعه‌ئایینزای چه‌ند وڵاتێكی لێكه‌وته‌وه، هه‌رله‌و چوارچێوه‌یه‌دا هاووڵاتیانی ئێران رژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و ناڕه‌زاییان دژی له‌سێداره‌دانى ئه‌لنمر ده‌ربڕی.
له‌دوای له‌سێداره‌دانی ئه‌لنمر كه‌سایه‌تی ئایینزای شیعه له سعودییه، ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی له سعوودییه كرد و رایگه‌یاند، ئه‌و كرده‌وه‌یه به بێ باجی قورس تێپه‌ڕنابێت.