رۆژنامەیەكی سەر بە ريفۆرمخوازەكان راگیرا

رۆژنامەی به‌ھار بە تۆمەتی پروپاگەندە و بڵاوكردنەوەی بابەت لە دژی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران راگیرا.

K24 – تاران:

ھەواڵدەری میزان كە زمانحاڵی دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامی ئێرانە، بڵاویكردووەتەوە، رۆژنامەی به‌ھار بە تۆمەتی پروپاگەندە و بڵاوكردنەوەی بابەت لە دژی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران راگیرا. 

بەرپرسانی دەزگای دادوەری رایانگەیاندووە، "رۆژنامەی بەھار مافی بڵاوبوونەوەی نییە و دۆسیەیی ئەو رۆژنامەیەش لە لایەن دادسەرای فەرھەنگ و میدیاوە بەدوداچوونی بۆ دەكرێت".

15 ساڵ به‌سه‌ر دەرچوونی يه‌كه‌م ژماره‌ى رۆژنامەی بەھار، كە سەر بە ريفۆرمخوازەكانە تێدەپەڕێت، لەو ماوەیەدا ئەوە بۆ جاری شەشەمە رێگە لە بڵاوبوونەوەی ئەو رۆژنامەیە دەگیرێت. 

دووساڵ و نیو بەر لە ئێستاش ئەو رۆژنامەیە بە ھۆی بڵاوبوونەوەی وتارێك بە ناونیشانی "ئیمام، پێشەوای سیاسیی یان وێنای ئیمانداریی؟"، بە تۆمەتی خستنەژێر پرسیاری بیروباوەڕی شیعە، راگیرا. تەنیا چەند مانگێك بوو، كە رێگای بڵابوونەوەی پێدرابووەوە.