به‌ڤيديۆ.. به‌گريانه‌وه چيرۆكى ژيانى خۆى ده‌گێڕێته‌وه
K24 – هه‌ولێر
به‌مه‌به‌ستى رزگاربوونيان له برسێتى و گه‌يشتن به ژيانێكى ئارامتر، به هه‌زاران په‌نابه‌ر له وڵاتانى سووريا و عێراق و هه‌رێمى كوردستان، چه‌ندين رێگاى سه‌خت و دژواريان بڕيوه بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ن به‌و به‌هه‌شته‌ى كه خه‌ونى پێوه ده‌بينن.
له ڤديۆيه‌كى ديكۆمێنتاريدا كه له كه‌ناڵى كوردستان 24 په‌خشكرا، باس له ئازاره‌كانى ده‌يان و سه‌دان گه‌نج و لاو و ژن و پيرو منداڵ ده‌كات كه په‌نايان بردووه‌ته به‌ر وڵاتانى كيشوه‌رى ئه‌وروپا، به‌تايبه‌تى وڵاتانى (فه‌ره‌نسا، ئيتاڵيا، هۆڵه‌ندا)، به‌جۆرێك ئه‌و گه‌نجانه باس له مه‌ينه‌تييه‌كانى بڕينى ئه‌و رێگايه و به‌سه‌رهاتى ده‌ربازبوونيان ده‌گێڕنه‌وه، هه‌روه‌ها باس له ژيانى نێو ئه‌و جه‌نگه‌ڵانه ده‌كه‌ن كه ژيانى تێدا به‌سه‌ر ده‌بن و له چ مه‌رگه‌ساتێكدا ده‌ژين.
هه‌ر له‌و ديكۆمێنتاريه‌دا، كه‌سێك به‌ناوى (نه‌سره‌ددين فه‌تاح) ناسراو به‌ناسر هه‌ورامى،پێشمه‌رگه‌يه‌كى ديرينى باشوورى كورستانه ، نزيكه‌ى 17 ساڵه له ئيتاڵيا ده‌ژيت، به‌گريانه‌وه باس له نه‌هامه‌تييه‌كانى ئه‌و وڵاته ده‌كات و خۆزگه به‌وه ده‌خوازێت له‌گه‌ڵ كيمابارانه‌كه‌ى هه‌ڵبجه‌دا له‌ناو چووبايه ته‌نيا ئه‌و ژيانه‌ى نه‌ديت بوايه، هه‌روه‌كو خۆى ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌ناسه‌يه‌كمدا خۆزگه‌م به‌وه ده‌خواست كه نه‌هاتبامايه و چونكه مرۆڤ يه‌كجار ده‌مرێت، به‌ڵام ژيان له دووره وڵات هه‌موو رۆژێكت مردنێكه".
دلاوه‌ر ئاژگه‌يى، نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له ئه‌وروپا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌وان ناتوانن يارمه‌تى په‌نابه‌ران بده‌ن، چونكه به‌پێى رێككه‌وتننامه‌ى جنێفى ساڵى 1951 ئه‌و وڵاتانه‌ى كه واژوويان كردووه بۆ وه‌رگرتنى په‌نابه‌ر، ئه‌و كه‌سانه ده‌گرێته‌وه كه به يه‌كێك له هۆيه‌كانى ئايينى يان ره‌گه‌زى يان سياسى، ياخود ترسى كوشتن و گرتنيان له‌سه‌ر بێت، شوێنى خۆيان به‌جێهێشتووه، ئه‌و كاته ئه‌وڵاتانه په‌يوه‌يست به‌وه‌ى شوێنيان پێ بده‌ن و ئيقامه‌يان پێ بده‌ن، جا بۆيه هه‌ر كه‌سێك له‌و چوار چێوه نه‌بێت ئيقامه‌ى پێ ناده‌ن.
ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، خه‌ڵك هه‌يه له‌كوردستانه‌وه په‌يوه‌ندييمان پێوه ده‌كه‌ن كه كه‌سوكاريان وونبووه ياخود نازانن له‌كوێيه، داوايان له‌وان كردووه بيدۆزنه‌وه ياخود به‌دواداچوونيان بۆ بكه‌ن، هه‌روه‌كو خۆى ده‌ڵێت "به‌پێى توانا توانيومانه هاوكاريان بكه‌ين".
ته‌واوى ديكۆمێنتاريه‌كه له‌م ڤيديۆيه‌ى خواره‌وه‌دا ببينه: